هه‌ولێر-KDP.info- به‌ڕێوەبه‌ری سووته‌مه‌نیی هه‌ولێر گوتی، بڕیاره له دوو ڕۆژی داهاتوودا به‌غدا وه‌جبه‌ی سێیه‌می به‌نزین بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه بكات و له‌گه‌ڵ به‌نزین نه‌وتی سپیش ڕه‌وانه ده‌كرێت و هه‌ركاتێك بگات به‌سه‌ر هاووڵاتیاندا دابه‌ش ده‌كرێت.
حكوومه‌تی عێراق ماوه‌یه‌كه به‌نزین بۆ هه‌رێمی كوردستان ڕه‌وانه ده‌كات و ئێستا 3 ملیۆن و200 هه‌زار لیتر بۆ هه‌ولێر و2 ملیۆن بۆ دهۆك و چوار ملیۆنیش بۆ سلێمانی دراوه، به‌ڵام سلێمانی وه‌ریاننه‌گرتووه و ته‌نیا هه‌ولێر و دهۆك وه‌ریانگرتووه، كه نرخی هه‌ر لیترێك به600 دینار و تیچووشی 40 دیناره و به 640 دینار به‌سه‌ر ئۆتۆمبێلی تاكسیدا دابه‌ش ده‌كرێت .
مسته‌فا ته‌ها، بەڕێوەبه‌ری سووته‌مه‌نیی هه‌ولێر، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "پێش چه‌ند ڕۆژێك بریكاری وه‌زاره‌تی نه‌وتی عێراق سه‌ردانی هه‌ولێری كرد و له‌گه‌ڵ پارێزگاری هه‌ولێر كۆ بووه‌وە و به‌ڵێنیشی داوه كه ناردنی به‌نزین و نه‌وتی سپی بۆ هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بێت و بڕیاره له دوو ڕۆژی داهاتوودا وه‌جبه‌ی سێیه‌می به‌نزین ڕه‌وانه بكرێت، كه بۆ هه‌ولێر دوو ملیۆن لیتر و دهۆكیش یه‌ك ملیۆن لیتر ده‌بێت و سلێمانیش دوو ملیۆنه خۆیان وه‌ریناگرن و هه‌ركاتێك بگات به‌سه‌ر تاكسییه‌كاندا دابه‌شی ده‌كه‌ن، چونكه بره‌كه كه‌مه و به‌شی هه‌موو ئۆتۆمبێله‌كان ناكات."
مسته‌فا ته‌ها گوتیشی: "ئێمه داوامان كردووه به‌رده‌وام بێت و هه‌ركاتێك زانیمان به‌رده‌وام ده‌بێت ئه‌وكات به‌سه‌ر هه‌موو ئۆتۆمبێله‌كاندا دابه‌شی ده‌كه‌ین و ئومێدمان هه‌یه به هه‌وڵه‌كانی پارێزگاری هه‌ولێر، حكوومه‌تی عێراق به‌رده‌وام بێت له ناردنی سووته‌مه‌نی بۆ هه‌رێمی كوردستان."
ته‌ها باسی له‌وه‌ش كرد: "بڕیاره له‌گه‌ڵ وه‌جبه‌ی سێیه‌می به‌نزین ده‌ست به ناردنی نه‌وتی سپیش بكرێت و ڕۆژانه پێنج ته‌نكه‌ر بۆ ئێمه ڕه‌وانه بكرێت و هه‌ركاتێك گه‌یشته ده‌ستمان له ناوچه شاخاوییه‌كان ده‌ست به دابه‌شكردنی ده‌كه‌ین، كه ڕه‌نگه نرخه‌كه‌یشی به هه‌مان نرخی ساڵی ڕابردوو بێت، كه به‌رمیلێك نه‌وت 216 لیتره و به 51 هه‌زار دینار بێت."
بڵند ئیبراهیم