Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 20:45 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

یـەکـەم بـەیاننامەی سـەرکـردایەتیی کاتیی پارتی دیموکراتی کوردستان
| KDP.info


هەولێر-KDP.info-  یەکەم بەیاننامەی سەرکردایەتیی کاتی لە مانگی دوازدەی 1975 لە قۆناغی ئامادەکاری بۆ شۆڕشی چەکداری و دواتر هەڵگیرساندنی شۆڕشی گوڵانی پێشکەوتنخواز، ئەو دیکۆمێنتەی خوارەوە، دەقی بەیاننامەی سەرکردایەتیی کاتییە کە بە دەست و خەتی سەرۆک بارزانی نووسراوە.

کوردستان گۆڕەپانی راستەقینەی خەباتە


ئەی جەماوەرمان خەبات بکەن و واقیعی نسکۆ رەت بکەنەوە


ئەی گەلی عێراقی سەربەرز
ئەی جەماوەری گەلی تێکۆشەری کوردمان
گەلی کوردمان بە درێژایی چەندان ساڵ تێکۆشانی دوورودرێژ، لە لایەن هێزە شۆفێنی و قین لە دڵەکان، بە پشتیوانی و دەستخۆشی لێکردنی ئاغاکانیانەوە، رووبەڕووی ژمارەیەک پیلان و تەڵەکەی دڕندە بۆتەوە، لەگەڵ هەموو ئەوانەشدا، ئەم گەلە قارەمانە، بە بڕوا و خۆڕاگری، بەرامبەر ئەو پیلانانە وەستایەوە و رێگەی خەباتی گرتەبەر و بەهێز و پتەوییەوە پێی لەسەر وەدیهێنانی ئامانجە نەتەوەییە رەواکان داگرت، لەمەشدا قوربانیی زۆری بەلاوە گرنگ نەبوو، شێوازەکانی خەباتی شۆڕشگێڕانەی، بەپێی بارودۆخ و پێداویستییەکانی قۆناغەکە، بردە ئاستێکی باڵا.
ئەی جەماوەری گەلی کوردی قارەمان..لەم قۆناغە مێژووییەدا، کە بە پووکانەوەی هەژموونی ئیمپریالیزم و هەڵچوونی تەوژمی شۆڕشگێڕانەی گەلانی تێکۆشەر و، هەڵکشانی جەماوەریی بزووتنەوەی رزگاریخوازی گەلی کوردمان دەناسرێتەوە، کۆنەپەرستیی ئێران و دەسەڵاتی فاشیی عێراق کە خۆی لە چەتەکانی تکریت دەبینێتەوە، بە پشتیوانی و تەوجیهی ئیمپریالیزمی جیهانی، لە 6 ی ئاداری 1975 پیلانێکیان لە گەلی کوردی تێکۆشەر و بزووتنەوە رزگاریخوازییەکەی کرد، ئەمەش دوابەدوای سەرنەکەوتنی فاشیست بوو لە پرۆسە سەربازییەکانی بە مەبەستی لەناوبردنی تەواوی گەلی کورد لەرێی کوشتن و دەربەدەرکردنی هەزاران رۆڵەی ئازای ئەو گەلە و تێکدانی کوردستانی خۆشەویست، لە ئەنجامی خۆڕاگریی گەلی کورد و بڕوای بە رەوایی دۆزەکەی و بەرگریی پێشمەرگە قارەمانەکان، دەسەڵاتدارانی بەعس تاسان و ناکۆکیی توند لە ناو ریزەکانیاندا دەرکەوت، بۆیە بە فەرمانی ئاغاکانیان، گەورەترین خیانەتی نیشتمانی و نەتەوەییان لە گەلی عێراق و نەتەوەی عەرەبی برا کرد، لە رێی تەنازولکردنی دەسەڵاتدارانی بەعس لە چەند بەشێکی خاکی عێراق لە ناوچەی سنووریی لەگەڵ ئێران و تەنازولکردن لە شەتی عەرەب بۆ دەسەڵاتدارانی بەکرێگیراوی ئێران، ئەمەش هەنگاوێک بوو، لەخۆباییترین حکوومەتە کۆنەپەرستەکانی عێراق، کە پێشتر لەگەڵ دەسەڵاتداری کۆنەپەرستی ئێران لە سەعد ئاباد هاوپەیمان بوو، جورئەتی ئەوەی نەکرد هەنگاوێکی لەو جۆرە بنێ. ئەمەش لە کاتێکدا بوو، پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پاراستنی بەرژەوەندیی باڵای عێراق، ئامادە بوو گفتوگۆ لەگەڵ دەسەڵاتی فاشیی عێراق بکات.
ئەی جەماوەری تێکۆشەری کوردستان
ئەگەر ئەو بارودۆخە بابەتییانەی دەوری پارتی دیموکراتی کوردستان و شۆڕشیان دابوو، یارمەتیدەربووبن بۆ ئەوەی روویدا، ئەوا واقیعی حزب و شۆڕشیش بۆ ئەوە رێگەخۆشکەربوون، کە بەشێوەیەکی بەرچاو بەشداریی لەو رێچکەیەدا کرد. سەرکردایەتی پارتی بەشێوەیەکی تایبەتی مەسەلەی رێکخستنی پشتگوێ خستبوو، وەلا بۆ کەسێنی بوو، تەبەعیەت بووە نیشانەیەکی دیار، یەکێتی هزر و رەخنە و رەخنە لەخۆگرتن لەناو پارتییدا نەما، بەم شێوەیە پارتی پرەنسیپی دیموکراسیەتی مەرکەزیی لە دەستدا، گیانی بیرۆکراتی لە دامودەزگاکاندا بڵاوبووەوە، ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بەرژەوەندیی تایبەتی بخرێتە سەرووی بەرژەوەندیی گشتی، هەروەها لەدەستدانی دیسپلین و رەفتار و پەروەردەی شۆڕشگێڕانە، ئەمەش ئەنجامێکی لۆژیکی بوو، بەهۆی ئەوەی هەندێ رەگەزی گەندە و شکستخواردوو چەند پێگەیەکی سەرکردایەتی پارتی و شۆڕشیان کۆنتڕۆڵکردبوو، کە بوونە سەرچاوەی گەندەڵی و گێرەشێوێنی.
ئەی گەلی کوردی سەربەرز: لە کاتێکدا پێتان رادەگەیەنین، کە ئەو پارتەی سەرکردایەتی خەباتی بۆ ماوەی زیاتر لە چارەکە سەدەیەک کرد و شۆڕشی 11 ی ئەیلوولی 1961 ی بەرگریکاری هەڵگیرساند و رێککەوتننامەی 11ی ئاداری 1970ی وەدەستهێنا، لەبەرامبەر پیلانی شۆفێنی و کۆنەپەرستی خۆی نەچەماندەوە و ناچەمێتەوە، بەڵێن بە جەماوەری کوردستان بەتایبەتی و گەلی عێراقمان بەگشتی دەدات، لە خەبات و تێکۆشانی خۆی بەردەوام دەبێت، بڕوای زیاتریشی بە پرەنسیپ و ئامانجەکانی دەبێت، هەموو رەگەز و ئەو سەرکردایەتییە رسوا و گەندانە توڕتێهەڵدەدات، واقیعی نسکۆ و تەسلیمبوون رەت دەکاتەوە، هەموو نەرێنییەکانی رابردوو تێدەپەڕێنێ، بڕوای بە جەماوەری کوردستانە و بە هزری پێشکەوتنخواز و شۆڕشگێڕی چەکدارکراوە، بڕوای بە رێکخستن و ستراتیجیەتی شۆڕشگێڕانە هەیە، وەک شێوازێکی خەبات، بۆئەوەی لەبەردەم جەماوەری عێراق و هەموو هێزە چاکەخوازەکانی جیهان بیسەلمێنێ، کە گەلی کوردمان لە هەموو پیلانەکان بەهێزترە.
پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەرکردایەتی کاتی، جەخت لەوە دەکاتەوە کە بە شێوازێکی شۆڕشگێڕی لە خەبات بەردەوام بێت، ئەم خەتە شۆڕشگێڕییە بۆ خەبات لە پێناوی ئۆتۆنۆمی راستەقینە بۆ کوردستانی عێراق دەگرێتەبەر، کە گەلی کوردمان بە تەواوی مافە نەتەوەییەکانی بگات، لە چوارچێوەی کۆماری عێراق، دوور لە سیاسەتی لەناوبردن و شاڵاوەکانی کۆچپێکردن و بەعەرەبکردن، پارتی لە کاتێکدا ئەو سیاسەتە نامرۆیی و شۆفێنییانە شەرمەزار دەکات، داوا لە هەموو هێزە پێشکەوتنخواز و چاکەخوازەکان لە وڵات و جیهان دەکات، ناڕەزایی دەربارەی ئەو کارانە دەرببڕن و لە پاڵ گەلی چەوساوەماندا بن، هەروەهاپارتیمان پارتی دیموکراتی کوردستان - سەرکردایەتی کاتی، ئەوپەڕی پابەندیی دەبێ و بە باوەڕێکی شۆڕشگێڕانەی پتەو و بەبرایەتیی عەرەبی و کوردی، بەوپێیەی ئەو برایەتییە بەردی پتەوی بناغەی بنیاتنانی عێراقێکی دیموکراتی شۆڕشگێڕی گەشاوە بێت، کە عەرەب و کورد و کەمینە نەتەوەییەکان، برایانە بەئازادی و یەکسانی تیایدا بژین.
ئەی تێکۆشەران لە هەموو شوێنێک: بزووتنەوەی رزگاریخوازیی گەلی کوردمان، بەوپێیەی بزووتنەوەی گەلێکی چەوساوەیە، بەشێکە لە بزووتنەوەی رزگاریخوازیی جیهان، لقێکە لە لقە رەسەنەکان، پارتی دیموکراتی کوردستان - سەرکردایەتی کاتی، بەوپێیەی پێشڕەوی ئەو گەلەیە و ئامرازی شۆڕشگێڕییەتی، لە تەک ئەو بزووتنەوە شۆڕشگێڕییانە دەوەستێت، پشتگیری خەباتی گەلانیان دەکات لە پێناوی ئازادی و مافە رەواکانیان، لە سەرووی هەمووشییانەوە گەلی فەلەستینی قارەمان، بزووتنەوەکە ئەوپەڕی باوەڕی بەوەیە کە پرسی ئازادی لە جیهاندا یەک پرسە.
رژێمی فاشیی عێراق، رۆژ دوای رۆژ، جەخت لە بەردەوامیی چەپاندنی ئازادیی جەماوەر و نەهێشتنی ئازادییەکان دەکاتەوە، رووداوەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە گومانی تێدانییە، ئەو رژێمە بە هەموو پیس و پۆخڵییەکەوە، ئەو رۆڵە خیانەتکارانەیە دەبینێ کە لە ناوچەکەدا پێی سپێردراوە، گەلی کوردمان بەتایبەتی لەم قۆناغەدا لە بارودۆخێکدا دەژی، مێژوو بەخۆوەی نەدیتووە، لە نیگەرانی و بێ دڵنیاییدا نقوم بووە، تیرۆری فاشست هەموو لایەنێکی سیاسی و ئابووری و کۆمەڵایەتیی ژیانی ئەو گەلەی گرتۆتەوە، وێڕای هەموو بانگەشە و پرۆپاگەندەکانی، فاشست هەوڵی سڕینەوەی کەسایەتیی کوردی لە عێراق دەدات. داوا لە هەموو هێزە نیشتمانی پێشکەوتنخوازەکانی وڵات دەکەین، هەوڵەکانیان یەکبخەن، بۆ رسواکردنی پیلانەکانی تاقمی دەسەڵاتداری تکریتی، راستیی رژێمی فاشی و درۆ و دەلەسەکانی ئاشکرا بکەن، بەرپرسیارێتی مێژوویی بخەنە ئەستۆی خۆیان، بۆ ئەوەی بە ئیرادەوە و لەسەر ئاستی نیشتمانی و نەتەوەییەوە، بەرامبەر تیرۆری بەعس و سازشکارییە خیانەتکارییەکانی بوەستن، هەروەها دەنگیان بەرزبکەنەوە و هاوکاریمان لەگەڵدا بکەن، لە پێناوی ئەوەی بە کەڕامەتەوە برایانمان پەنابەر و ئاوارەکان لە ئێرانەوە بۆ خاکی خۆشەویستی نیشتمان بگەڕێنەوە.
ئەی ئەندام و پاڵێوراوە قارەمانەکانی پارتیمان
دوژمنانتان لە هەموو بارودۆخێک و بە هەموو هێزەوە، لە ناخەوە لێمان دەدەن و هەموو تواناکانیان لە سەر پارتی چڕ دەکەنەوە، بەوپێیەی تاکە ئامرازی شۆڕشگێرە، کە بتوانێ سەرکردایەتی خەباتی گەلی کوردمان لە کوردستانی عێراق بکات و لەبەرامبەر پەلاماری پیلانەکانی خۆڕابگرێت، پارتەکەتان لە هەموو قەیرانەکاندا هەڵدەستێتەوە، هەروەک لەم قەیرانەدا بە ئیرادە و خۆڕاگرییەکی دروستەوە هەڵسایەوە، لەم قۆناغە مێژووییە یەکلاکەرەوەدا و لە سایەی بارودۆخی نسکۆدا، پارتی داوا لە ئێوە و جەماوەرە تێکۆشەرەکەی دەکات، پەرە بە خەبات بدەن و بیگەیەننە ئاستی رووداوەکان.
ئەو پیلانەی بە وردی نەخشەی بۆ کێشراوە، لە خودی نسکۆکە بەهێزترە، مەبەستی وجودی نەتەوەیی و کەسایەتیی کوردیمانە، لەبەرئەوە بەناوی خەبات و بە ناوی هەزاران شەهید، کە بە خوێنی پاکیان، خۆیان کردە قوربانی لە پێناوی ئازادیی کوردستان و مافەکانی گەلەکەمان، داواتان لێ دەکەین لە خەبات بەردەوام بن و لە دەوری سەرکردایەتی کاتی کۆببنەوە، بۆ بەجێهێشتن و تێپەڕاندنی هەموو نەرێنییەکانی رابردوو، چونکە لە رووبەڕووبونەوەی ئەو واقیعەدا خۆمان راگرت، لە خەبات بەردەوام دەبین و پشت بە توانا و وزەی گەلی کوردی ئازامان و ئیرادە و گیانی شۆڕشگێڕیتان دەبەستین کە ناچەمێتەوە.
بەرپرسیارییەتی مێژوویی دەکەوێتە ئەستۆی هەمووان، بڕوامان بە سەرکەوتن هەیە، چونکە بڕوامان بە هۆشیاری و ئازایەتیی گەلی تێکۆشەری کوردمان هەیە، بۆ بەعسی فاشست و دەسەڵاتی شاهنشاهی خیانەتکاری کۆنەپەرستی ئێران و ئاغاکانیان دووپات دەکەینەوە، کە لە پیلان و تەڵەکەبازی و قین لەدڵیتان بەهێزترین، لە رووی نەتەوەییەوە پەرە بە خەباتمان دەدەین، لە پێناوی مافە نەتەوەییەکانی گەلی کورد لە بەشەکانی کوردستانی گەورە،لەگەڵ حزب و هێزە پێشکەوتنخوازە کوردییەکان یەکریز دەبین، هەرچەند قوربانییەکان زۆریش بن،لەسەر رێگەی شەهیدانمان دەڕۆین کە بەڵێنمان پێداون کاروانی ئەوان تەواوبکەین تا سەرکەوتن.
سەرکەوتن بۆ کوردستانی بریندار سەربەرزی و نەمری و شکۆ بۆ شەهیدانمان
پارتی دیموکراتی کوردستان
سەرکردایەتی کاتی
کوردستان - لە 10/12/1975




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact