هه‌ولێر-KDP.info- قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێر گوتی، هۆكاری كه‌مێك به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین بۆ ئه‌وه ده‌گەڕێته‌وه كه نرخی نه‌وت له جیهاندا به‌رز بووەته‌وه و له ده‌ره‌وه‌ش نرخی به‌نزین به‌رز بووەته‌وه، بۆیه له هه‌رێمی كوردستانیش هه‌ر لیترێك 25 دینار به‌رز بووەته‌وه، به‌ڵام پارێزگاری هه‌ولێر له گفتوگۆی به‌رده‌وامدایه له‌گه‌ڵ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ی هاوشێوه‌ی پارێزگاكانی عێراق نرخی به‌نزین كه‌م بكرێته‌وه.
له عێراق نرخی به‌نزین بۆ هه‌ر لیترێك 450 دیناره و له هه‌رێمی كوردستان له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بازرگانییه، به 675 دینار بوو، ئێستا بۆ 700 دینار به‌رز بووەته‌وه و به‌نزینیش له عێراق دابه‌شی سه‌ر هه‌موو پارێزگاكان ده‌كرێت جگه له هه‌رێمی كوردستان.
نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید، قایمقامی قه‌زای ناوه‌ندیی هه‌ولێر، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "دوو هۆكار هه‌ن بۆ به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین له هه‌رێمی كوردستان، ئه‌وانیش به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت و به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی به‌نزین له توركیا و ئێران، چونكه به‌رزبوونه‌وه‌ی نرخی نه‌وت كاریگه‌ری كردووەته سه‌ر هه‌موو به‌رهه‌مه نه‌وتییه‌كان، بۆیه له هه‌رێمی كوردستانیش نرخی به‌نزین بۆ هه‌ر لیترێك 25 دینار به‌رز بووەته‌وه."
نه‌به‌ز عه‌بدولحه‌مید گوتیشی: "ئه‌وه‌ی جێگه‌ی دڵخۆشییه ئێستا پارێزگاری هه‌ولێر له‌گه‌ڵ به‌غدا له دانوستانی به‌رده‌وامدایه، بۆ ئه‌وه‌ی پشتگیریی ئه‌وان به‌ده‌ست بێنێت و به‌نزین بۆ هه‌رێمیش وه‌كو پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق ڕه‌وانه بكه‌ن، ئه‌وكات نرخی به‌نزین وه‌كو پارێزگاكانی دیكه‌ی عێراق كه‌م ده‌بێته‌وه."
بڵند ئیبراهیم