سلێمانی-KDP.info- ماوه‌ی چه‌ند ساڵێكه به هۆی ناكۆكیی سیاسییەوە دابڕان له‌نێوان لایه‌نه سیاسییه‌كانی كوردستاندا دروست بووه، هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12/5ی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ئه‌و ناكۆكییە سیاسییه‌ی زیاد كردووه. پڕۆفیسۆری یاریده‌ر، دكتۆر كه‌یوان ئازاد ئاماژه به‌وه ده‌كات، کە ده‌بێ لایه‌نی كوردی هه‌نگاو بنێن بۆ یه‌كخستنه‌وه‌ی نێوماڵی كورد، ئه‌وجا هه‌نگاو بنێن به یه‌كده‌نگی بۆ گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی ئاینده‌ی عێراق.
پڕۆفیسۆری یاریده‌ده‌ر، دكتۆر كه‌یوان ئازاد، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی ڕاگه‌یاند: "ئه‌گه‌ر هه‌ركه‌س و لایه‌نێك به دڵسۆزی بۆ میله‌ته‌كه ته‌ماشای ڕووداوه‌كان بكات، ئه‌وه هه‌ست به‌وه ده‌كات كه ڕووداوه‌كانی پێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی 12/5 و پاش هه‌ڵبژاردنه‌كان پێمان ده‌ڵێت، ده‌بێ كورد به یه‌كڕیزی بڕواته گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه شیعه‌كانی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان".
دكتۆر كه‌یوان ئازاد ئاماژه‌ی به‌وه‌ش كرد: "ئێستا كورد ناوماڵی خۆی ڕێك نییه بۆیه ده‌بێت لایه‌نه‌كان بیر له‌وه بكه‌نه‌وه، یه‌كڕیزیی كوردی دروست بكه‌نه‌وه، نێوماڵی كوردی یه‌ك بخه‌نه‌وه، هه‌رچه‌نده ڕووداوه‌كان پێمان ده‌ڵێن، ئێستا به هۆی نیگه‌رانیی لایه‌نه‌كان لە ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنه‌كان، به‌تایبه‌ت له سلێمانی قورس بێت، بۆیه ده‌بێ یه‌كێتی و پارتی هه‌وڵی باشتركردنی نێوانی خۆیان بده‌ن، كه ئێستا پارتی براوه‌ی یه‌كه‌مه و یه‌كێتیش دووه‌مه، زۆرینه‌ی كورسیی كورد لای هه‌ردوو حزبه و ده‌توانن له‌سه‌ر پشكی كورد بۆ پێكهێنانی حكوومه‌ت گفتوگۆ له‌گه‌ڵ لایه‌نه عێراقییه‌كان بكه‌ن، له هه‌مان كاتدا كاریش بكه‌ن بۆ یه‌كڕیزیی كورد".
له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی هه‌ولێر چ ده‌ورێكی ده‌بێت له دروستكردنه‌وه‌ی حكوومه‌تی ئاینده‌ی عێراقدا، كه‌یوان ئازاد ئاماژه به‌وه ده‌كات: "به ڕای من هه‌ولێر پایته‌ختی كوردستان دواجار ده‌بێته شوێنی كۆبوونه‌وه‌ی ته‌واوی لایه‌نه عێراقییه‌كان به شیعه و سوننه و كوردەوە، بۆ لێكتێگێشتن و پێكهێنانه‌وه‌ی حكوومه‌تی عێراق وه جه‌نابی سه‌رۆك بارزانی هێزی یه‌كلاییكه‌ره‌وه ده‌بێت بۆ پێكهێنانی حكوومه‌تی عێراق".
ده‌رباره‌ی ڕۆڵی ئه‌مەریكا و ئێران بۆ پێكهێنانی حکوومەتی عێراق، ناوبراو گوتی: "ئێستا ئه‌مریكا و ئێران هه‌وڵ ده‌ده‌ن ئه‌و كوتله و كه‌سایه‌تییه سه‌رۆكایه‌تیی حكوومه‌تی عێراق بگرێته ده‌ست كه له خۆیان نزیكن و ئێستا به‌ڕونی دیاره هه‌ردوو وڵاتەکە هه‌وڵه‌كانیان چڕ كردووه‌ته‌وه".
پارتی براوه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بوو له‌سه‌ر ئاستی كوردستان، هاووڵاتیانی كوردستان مه‌له‌فی كوردیان ڕاده‌ستی پارتی كرده‌وه، له‌و باره‌یەوه، پڕۆفیسۆری یاریدەده‌ر كه‌یوان ئازاد ده‌ڵێت: "هاووڵاتیانی كورد متمانه‌یان به به‌هێزی پارتییه، بۆیه متمانه‌ی خۆیان پێ به‌خشی، به ڕای من ئه‌گه‌ر پارتی ئه‌دای له كۆمه‌ڵێك پرسدا باشتر بوایه، ئه‌وه ده‌رفه‌تی ئه‌و حزبه زۆر له‌و ده‌نگانه زیاتر دەبوو كه ئێستا هێناویه‌تی".
كه‌یوان ئازاد ده‌ڵێت: "پارتی پرسی نیشتمانی و سه‌ربه‌خۆیی هه‌ڵگرتوه، بینیمان ڕێفراندۆمی سه‌ربه‌خۆیی ئه‌نجام دا و ئه‌و قسانه‌ش ڕاست ده‌رنه‌چوو كه ده‌گوترا ئه‌نجامدانی ڕێفراندۆم غه‌له‌ت بوو، كه له 16ی ئۆكتۆبه‌ری ساڵی ڕابردوودا بینیمان عێراق هه‌ركاتێك به‌هێز بێت ئه‌وه هێز به‌كار ده‌هێنێت به‌رامبه‌ر به كورد و ده‌مانتوێنێته‌وه و نایانه‌وێت به مافه‌كانمان بگه‌ین، بۆیه ئێستا‌ش باشترین وه‌ره‌قه به‌ده‌ست كورده‌وه ئه‌نجامی ڕێفراندۆمه، بۆیه خه‌ڵكی كوردستان 12/5 پارتییان به شایسته زانی کە به به‌هێزی بیهێڵنه‌وه تا پێگه‌ی كورد به به‌هێزی بمێنێته‌وه".
هێڤیار هه‌ڵه‌بجه‌یی