هه‌ولێر-KDP.info- وێڕای ڕه‌تكردنه‌وه‌ی هه‌واڵێكی كه‌ناڵى KNN و به ناڕاست وه‌سفكردنی، له ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كدا وه‌زاره‌تی دارایی و ئابووری، داوا ده‌كات داموده‌زگاكانى حكوومه‌ت و ده‌روونى مووچه‌خۆران، تێكه‌ڵ به بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن و ململانێى حزبى نه‌كرێن.
ده‌قی ڕوونكردنه‌وه‌كه:
له گه‌شتى هه‌واڵه‌كانى كه‌ناڵى KNN، راپۆرته‌هه‌واڵێك بڵاو كرایه‌وه و تیایدا هاتبوو كه گوایه له په‌راوێزى كۆبوونه‌وه‌ى رۆژى سێشه‌ممه‌ى رابردووى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران، وه‌زیرى دارایى و ئابوورى به وه‌زیرى ناوخۆى وتووه مووچه‌ى هێزه‌كانى پۆلیسى پاسه‌وانى به سیسته‌مى نوێى مووچه دابه‌ش نه‌كرێت.
ئێمه له نووسینگه‌ى رۆژنامه‌وانیى وه‌زیرى دارایى و ئابوورى رایده‌گه‌ینین، ئه‌م راپۆرته هه‌واڵه دوور له ئیتیكى رۆژنامه‌وانییه و بێبه‌ڵگه‌یه، به‌بێ وه‌رگرتنى زانیارى و راى وه‌زاره‌تمان سه‌رله‌به‌رى راپۆرته‌كه دووره له راستى و له كۆبوونه‌وه‌كه هیچ بابه‌تێكى له‌و جۆره باس نه‌كراوه.
هه‌روه‌ها له سه‌ره‌تاى چاككردنى سیسته‌مى نوێى مووچه، وه‌زیرى دارایى و ئابوورى وتوویه‌تى به فه‌رمانى ئه‌نجوومه‌نى وه‌زیران 10 ملیار دینار بۆ مووچه‌ى وه‌زاره‌تى ناوخۆ دانراوه بۆ پێداچوونه‌وه به مووچه به سیسته‌مى نوێ، وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى ئه‌و بڕه‌پاره‌یه‌ى بۆ وه‌زاره‌تى ناوخۆ ئاماده كردووه و له‌سه‌ر ئه‌و بڕیاره وه‌زاره‌تى ناوخۆ سه‌رپشك كراوه بۆ ده‌ستكاریكردنى سیسته‌مى نوێى مووچه.
بۆ وه‌بیرهێنانه‌وه‌ش، سیسته‌مى نوێى مووچه سه‌رچاوه‌كه‌ى 378 ملیار دینارى وه‌زاره‌تى سامانه سروشتییه‌كان و 317 ملیار دینارى به‌غدایه.
له كۆتاییدا، هیوادارین داموده‌زگاكانى حكومه‌ت و ده‌روونى مووچه‌خۆران تێكه‌ڵ به بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن و ململانێى حزبى نه‌كرێن.
نووسینگه‌ى رۆژنامه‌وانیى وه‌زیرى دارایى و ئابوورى