Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
FRI, 26 APR 2024 04:17 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پارتی: با جەژنی نەورۆز بکەینە هاندەری یەکڕیزی و برایەتی گشت پارت و لایەنە سیاسییەکان
| KDP.info


هەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا بەبۆنەی جەژنی نەورۆزەوە رایدەگەیەنێ، هیواخوازین جه‌ژنی نه‌ورۆز وه‌ك چۆن سیمبوولی تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌، ئاوهاش هه‌وێن و هانده‌ری پته‌وبوونی هاوهه‌ڵوێستی و یه‌كڕیزی  و برایه‌تی گشت پارت و لایه‌نه‌ سیاسیییه‌كان بێت تا بتوانین به‌ یه‌كخستنی هه‌وڵ و كۆششه‌كانمان داكۆكی له‌ ده‌سكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كانمان بكه‌ین.

دەقی پەیامی پیرۆزبایی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان

  به‌بۆنه‌ی هاتنه‌وه‌ی سه‌ری ساڵی كوردی و جه‌ژنی نه‌ته‌وه‌یی نه‌ورۆزه‌وه‌ گه‌رمترین پیرۆزبایی له‌ گه‌له‌كه‌مان به‌گشتی و پێشمه‌رگه‌ قاره‌مانه‌كانی كوردستان و خانه‌واده‌ی سه‌ربه‌رزی شه‌هیدان به‌تایبه‌تی ده‌كه‌ین و، په‌یمانی به‌رده‌وامی و خه‌بات دووپات ده‌كه‌ینه‌وه‌ بۆ به‌دیهێنانی ئامانجه‌كانی گه‌له‌كه‌مان و گه‌یشتن به‌ دوا مافه‌ ره‌واكانمان.

نه‌ورۆز نیشانه‌و هێمای سه‌ركه‌وتنه‌ و ده‌یسه‌لمێنێ كه‌ ئێمه‌ی كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كین یه‌كه‌مین رۆژی نووسینه‌وه‌ی مێژوومان بریتییه‌ له‌ نووسینه‌وه‌ی داستانی خه‌باتمان بۆ ئازادی و له‌ناوبردنی جه‌ورو سته‌م. نه‌ته‌وه‌یه‌كین ده‌ستپێكی مێژوومان، راپه‌ڕین بووه‌ به‌ رووی زوڵم و زۆرداریدا، رابوون بووه‌ بۆ سه‌رفرازی و خۆشگوزه‌رانی. مێژوومان، مێژووی كۆشش بووه‌ بۆ ره‌وینه‌وه‌ی زستانی سته‌م و به‌رپابوونی به‌هاری ژیان و ژیانه‌وه‌. ئه‌م مێژووه‌ تا ئه‌م ساته‌ش هه‌ر به‌رده‌وامه‌ و ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌ش هه‌ر ئه‌و نه‌ته‌وه‌یه‌یه‌ كه‌ پێش 2718 ساڵ ئه‌م ناوچه‌یه‌ی له‌ سته‌مكارترین حوكمڕان رزگار كرد و سه‌ره‌تای بۆ مێژووییه‌كی نوێ دامه‌زراند. وا ئه‌مڕۆش جارێكی تر ده‌یسه‌لمێنینه‌وه‌ كه‌ ئێمه‌ی كورد به‌ هه‌مان ئیڕاده‌ و گۆڕوتینه‌وه‌ و، به‌ به‌رگه‌گرتنی كاره‌سات و رووبه‌ڕووبونه‌وه‌ی كۆسپ و پڕكێشیه‌كان، به‌رده‌وامین له‌ خه‌بات و تێكۆشان له‌پێناو ئازادی وبه‌دیهێنانی مافه‌ره‌واكانمان و گه‌شتن به‌ ئامانج.

نه‌ورۆز به‌ر له‌ هه‌زاران ساڵ هه‌رده‌م سروشبه‌خشی به‌ره‌نگاریی و شۆڕش بووه‌ دژ به‌ زوحاكه‌كانی هه‌موو سه‌رده‌مێك و به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ی داگیركه‌رانی كوردستان، هه‌روه‌ها ئه‌ڵقه‌یه‌كی گرنگی نێو زنجیره‌ی راپه‌ڕینه‌كانی ئاداری ساڵی(1991) ه‌، كه‌ هاوكاته‌ له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵدان و راپه‌ڕینی شاری كه‌ركووكی دڵی كوردستان، له‌گه‌ڵ ئازادكردنی شاری برایه‌تی و خۆراگریی، كه‌ به‌داخه‌وه‌ به‌هۆی خیانه‌ت و غه‌دری 16ی ئۆكتۆبه‌ر جارێكیرت شار كه‌وته‌وه‌ به‌ر شاڵاوی داگیركاری و زوڵم و سته‌م و ناسه‌قامگیری، له‌م بۆنه‌یه‌دا و به‌ یادی (27) هه‌مین ساڵیادی راپه‌ڕینی شاری كه‌ركوك وێڕای پیرۆزبایی تایبه‌تمان له‌ هاووڵاتیان و خه‌ڵكی خۆڕاگر و سه‌ربه‌رزی ئه‌و شاره‌ دێرینه‌، دڵنیاشیان ده‌كه‌ینه‌وه‌ كه‌ به‌ ئیراده‌ و بڕوا و خۆڕاگریان ئه‌م ره‌وشه‌ ناهه‌موار و سه‌پێندراوه‌ش تێده‌په‌ڕێ‌ و كه‌ركوك وه‌كو هه‌میشه‌ به‌ دڵی كوردستان و شاری پێكه‌وه‌ژیانی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان ده‌مێنێته‌وه‌.

ساڵیادی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌كاتێكدا هاته‌وه‌ گه‌له‌كه‌مان به‌هۆی ئه‌و كێشه‌و قه‌یرانانه‌ی هاتۆته‌ پێش دووچاری ته‌نگوچه‌ڵه‌مه‌ و مه‌ینه‌تی بووه‌، هه‌روه‌ها هێشتا مه‌ترسی بۆ سه‌ر قه‌واره‌ و ئه‌زموونه‌كه‌مان له‌ئارادایه‌، بۆیه‌ بۆ ئه‌وه‌ی له‌داهاتوودا ماف و ده‌سكه‌وته‌كانمان پارێزراوبن، پێویسته‌ زه‌وینه‌ و بناغه‌یه‌كی هاوبه‌ش دابڕێژرێ له‌پێناو ئاشته‌وایی و ئاسووده‌یی وخۆشگوزه‌رانیی، هه‌رچه‌نده‌ چه‌ند هه‌نگاوێكی ئه‌رێنیانه‌ نراون بۆ چاره‌سه‌ركردنی به‌شێك له‌ كێشه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، به‌ڵام هێشتا پێویسته‌ و ئه‌ركی سه‌رشانی هه‌موومانه‌ به‌ ته‌بایی و یه‌ك ده‌ستی، هێز و وزه‌ تواناكانمان زیاتر بخه‌ینه‌گه‌ڕ بۆ پته‌وكردنی گیانی به‌رپرسیاریه‌تی و داكۆكیكردن له‌ ماف و ده‌سكه‌وته‌كانمان و پاراستنی خاك و نیشتیمانه‌كه‌مان له‌ هه‌ڕه‌شه‌ و مه‌ترسیه‌كانی ناحه‌ز و دوژمنان.

  هیواخوازین جه‌ژنی نه‌ورۆز وه‌ك چۆن سیمبوولی تێكۆشانی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانیه‌، ئاوهاش هه‌وێن و هانده‌ری پته‌وبوونی هاوهه‌ڵوێستی و یه‌كڕیزی  و برایه‌تی گشت پارت و لایه‌نه‌ سیاسیییه‌كان بێت تا بتوانین به‌ یه‌كخستنی هه‌وڵ و كۆششه‌كانمان داكۆكی له‌ ده‌سكه‌وته‌ نه‌ته‌وه‌یی و نیشتیمانییه‌كانمان بكه‌ین و هه‌نگاوی گرنگتر و باشتر بنێین بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و باشكردنی ژیان و گوزه‌رانی هاووڵاتیان و به‌دیهاتنی ئامانجه‌ ره‌واكانی گه‌له‌كه‌مان.

ئومێده‌وارین ساڵ و نه‌ورۆزی ئاینده‌ له‌سایه‌ی ئاشته‌وایی و كۆتایی یه‌كجاره‌كی هه‌موو نه‌هامه‌تیی و ناخۆشیه‌كان بێ و، كوردستان وه‌ك هه‌میشه‌ نیشتیمانی پێكه‌وه‌ ژیان و ئارامی وئاشتی و گه‌شه‌كردن بێ‌ و، نه‌ورۆزی  گه‌یشتن به‌ هیوا و ئاواته‌كانمان بێ..

دووباره‌ سه‌ری ساڵی(2718)ی كوردی وهاتنه‌وه‌ی جه‌ژنی نه‌ورۆز له‌ هه‌موو لایه‌ك پێرۆز بێت..

هه‌ر به‌رزو شه‌كاوه‌ بێت ئاڵای كوردستان...

مه‌كته‌بی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
20ی ئاداری 2018

 




دوایین هەواڵەکان

چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ دکتۆر جەرجیس حەسەن بەڕێوەچوو

FRIDAY, 26 APRIL 2024 01:04:37

ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی پێنجشەممە لە شاری هەولێر بە ئامادەبوونی نوێنەری سەرۆک بارزانی چلەی ماتەمینی تێکۆشەر و خەباتگێڕ (دکتۆر جەرجیس حەسەن) بەڕێوەچوو.

 

فازڵ میرانی: پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌

THURSDAY, 25 APRIL 2024 21:04:43

ھەولێر-KDP.info- به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی مه‌كته‌بی سیاسیی پارتی ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، پارتی به‌ سه‌رۆكایه‌تیی سه‌رۆك بارزانی له‌م هه‌لومه‌رجەدا دوو ئه‌ركی له‌ ئه‌ستۆدایه‌، ده‌شڵێت، ده‌بێت ئه‌مڕۆ بپارێزن بۆ ئه‌وه‌ی سه‌رفرازییه‌كانی دوێنێ به‌رده‌وام بن.

 
شێروان دوبەردانی" ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ زێدەڕۆیی بکەنە سەر مافەکانی کورد و پارتی"

THURSDAY, 25 APRIL 2024 20:04:44

نەینەوا -KDP.info- پەرلەمانتارێکی پارتی دەڵێت، ھەندێ لایەن لە نەینەوا دەیانەوێ  دەستوەردان لە پۆستە کارگێڕییەکانی نەیەنەوا بکەن و گۆڕانکاری لەو پۆستانە بکەن کە پشکی پارتی و کوردن..دەشڵێت، ئێمە بەرەنگاریان دەبینەوە.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (سەید مەحموود تاوەگۆزی) دەکات

THURSDAY, 25 APRIL 2024 19:04:31

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (سەید مەحموود سەید حسێن تاوەگۆزی) دەکات.

 
بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر"بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت

THURSDAY, 25 APRIL 2024 17:04:26

ھەولێر-KDP.info-  بەڕێوەبەری کوشتارگەی هەولێر دەڵێت، نرخی گۆشت لە بازاڕەکانی هەرێم دادەبەزێت..دەشڵێت، بڕیاری سەرۆکی حکوومەت کاریگەری لەسەر نرخی گۆشت دەبێت.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact