لیزا فه‌له‌كه‌دین
مانگی ئادار پڕیەتی لە بیرەوەرییە مێژوویی، سیاسی و نەتەوەییەکان بۆ میللەتی کورد و، وا پێده‌چێت قه‌ده‌ر به‌رده‌وام بێت له نووسینه‌وه‌ی بیرەوەریی نوێ له‌م مانگەدا. هه‌روه‌ك داگیركردنی عه‌فرین له هه‌ژده‌مین رۆژی مانگی ئاداری ئه‌م ساڵدا.
به‌رخودان و خۆراگریی عه‌فرین وه‌ك شانازییه‌كی نه‌ته‌وه‌یی له هزر و دڵی تاكی كورددا ده‌مێنێته‌وه، كه جه‌نگێك بووه له نێوان میلله‌تێكی بێ كیان و وڵاتانی خاوه‌ن هێز و ئه‌ندام له ناتۆ. له‌م قۆناغه‌دا به‌شێكی زۆر له ناوچه كوردنشینه‌كان له رۆژهه‌ڵاتی ناڤین بوونه‌ته گۆڕه‌پانی جه‌نگی به‌رژه‌وه‌ندی و سه‌لماندنی هێزی وڵاتان، پێشهات و رووداوه‌كانیش وا ده‌رده‌خات، هاوكێشه و به‌رنامه نێوده‌وڵه‌تییه‌كان جارێ خاڵیی بێت له ناوی كورد.
بۆ ئه‌وه‌ی ئه‌م دۆخه تێپه‌ڕێنین به كه‌مترین قوربانی و زیاننه‌گه‌یاندن به ده‌ستكه‌وته‌كان، به لایه‌ن كورده‌وه له بری هه‌نگاوی سه‌ربازی، ئه‌وه‌ی پێویسته هه‌نگاوی سیاسییه. كه‌واته له‌ناو خۆماندا پێویستمان به بیركردنه‌وه‌یه‌كی قووڵی بێده‌نگه بۆ دۆزینه‌وه‌ی رێگای نوێ... حكوومه‌تی هه‌رێم له‌و بیركردنه‌وه بێده‌نگه‌دایه، به ئاشكرا ناخوازێت ببێت به پاشكۆی هیچ لایه‌ك و به‌شێك له گه‌مه‌ی سیاسیی زلهێزان، به‌ڵكو مه‌به‌ستیه‌تی سه‌ربه‌خۆیانه و به سیاسه‌تێكی میانڕۆیانه‌وه سه‌رنجی ده‌وروبه‌ر بۆخۆی رابكێشێت و، دووباره رۆڵ و پێگه‌ی كورد وه‌بیر زلهێزان بهێنێته‌وه. هه‌ر بۆیه‌ش بێده‌نگبوون به‌رامبه‌ر به رووداوه‌كانی عه‌فرین بێده‌سته‌ڵاتی نییه یاخود لاوازبوونی هه‌ستی نه‌ته‌وایه‌تییش نییه، به‌ڵكو خوێندنه‌وه‌ی دۆخه‌كه‌یه وه‌كو خۆی و ئاگاداربوونه له گه‌مه و پیلانی زلهێزان كه ته‌نها چاره‌سه‌ری سیاسی و دیپلۆماسی ده‌توانێت ببێت به‌و كه‌شتییه‌ی كورد له نوقومبوون نه‌جات بدات و ده‌ربازی بكات. نه‌ك ته‌نها بۆ عه‌فرین، كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه‌ش پێویستیان به هه‌مان بێده‌نگی هه‌یه تا ئه‌و كاته‌ی ده‌گه‌ین به چاره‌سه‌ر كه پێده‌چێت زۆری نه‌مابێت...
نه‌ورۆزانه چی بێت؟
به‌هۆی هه‌ڵكه‌وته‌ی جیۆگرافیایی و جۆری كه‌شوهه‌وای ناوچه كوردنشینه‌كان، وه‌رزی به‌هار بۆ میلله‌تی كورد هه‌ڵگری تایبه‌تمه‌ندییه‌كی به‌نرخه، تا ئه‌و ئاسته‌ی كه ئه‌م وه‌رزه‌ی دیاری كردووه بۆ گێڕانی جه‌ژنه نه‌ته‌وه‌ییه‌كه‌ی خۆی. به‌هار واتا نوێبوونه‌وه و دووباره ژیانه‌وه، میلله‌تێكی 50 ملیۆنی كه‌وا له هزر و رۆحیدا بڕوای به‌م دوو خه‌سڵه‌ته‌ی وه‌رزی به‌هار هه‌یه و رێزی ده‌گرێت، هه‌رگیز نائومێدی دایناگرێت. سه‌رده‌م سه‌رده‌می زه‌بر و به‌كارهێنانی تووندوتیژی نییه، سه‌رده‌م سه‌رده‌می خۆ پێناسه‌كردن و ناساندنه به زمانێكی نه‌رم له‌ژێر چه‌تری بنه‌ماكانی مرۆڤدۆستی و ژینگه‌دۆستی. نه‌ورۆز ئه‌و جه‌ژنه نه‌ته‌وه‌ییه‌ی كوردانی هه‌موو جیهان به یه‌كه‌وه كۆ ده‌كاته‌وه، ئیتر گرینگه و پێویسته بكرێت به بۆنه‌یه‌كی سیاسی بۆ خزمه‌تگه‌یاندن به دۆزی كورد و گه‌یاندنی په‌یامی نه‌ته‌وه‌یی بۆ سه‌رتاسه‌ری جیهان، كه كورد دۆستی ژیان و ژینگه‌یه.
نه‌ورۆزتان پیرۆز.