ھەولێر-KDP.info- رێباز حه‌ملان، وه‌زیرى دارایى و ئابووریی هەرێمی کوردستان دەڵێ، هه‌رێمى كوردستان پێویستى به ریفۆرمى جیددى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى مووچه‌خۆرى راسته‌قینه هیچى تر نه‌بنه قوربانیى ئه‌و كه‌سانه‌ى به ناڕه‌وا مووچه وه‌رده‌گرن و، بۆ ئه‌مه‌ش هه‌نگاوى گرینگ ده‌نێن.
ئەم لێدوانەی وه‌زیرى دارایى و ئابوورى حكوومه‌تى هه‌رێم لە کۆبوونەوەیەدا بوو لەگەڵ دۆمه‌نیك ماس، كۆنسووڵى گشتیی كۆمارى فه‌ڕه‌نسا کە ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه لە وه‌زاره‌تى دارایى و ئابوورى حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستاندا بەڕێوە چوو.
بەگوێرەی ڕاگەیێندراوی وەزارەتی دارایی، دۆمه‌نیك ماس، كۆنسووڵى گشتىی كۆمارى فه‌ڕه‌نسا باسى له رۆڵى فه‌ڕه‌نسا كردووە له نێوه‌نگیریی هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌نگاوه‌كانى ئه‌و وڵاته گرتویه‌تیه به‌ر بۆ دانوستانى حكوومه‌تى عێراق و حكوومه‌تى هه‌رێم.
لای خۆیه‌وه رێباز حه‌ملان، وه‌زیرى دارایى و ئابوورى سوپاسى كۆمارى فه‌ڕه‌نساى كرد كه له رابردوو و ئێستایشدا دۆستى كورد بووه و هه‌نگاوى گرینگى ناوه بۆ ده‌ستپێكردنه‌وه‌ى دانوستانى نێوان هه‌ولێر و به‌غدا.
وه‌زیرى دارایى و ئابوورى له به‌شێكى تر‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باسى له كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌م چه‌ند رۆژه‌ى شانده‌كانى هه‌ولێر و به‌غدا كرد به ئامانجى چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان و، به پێویستیشى زانى كه كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران بكرێت.
رێباز حه‌ملان، وه‌زیرى دارایى و ئابوورى گوتیشی، هه‌رێمى كوردستان پێویستى به ریفۆرمى جیددى هه‌یه بۆ ئه‌وه‌ى مووچه‌خۆرى راسته‌قینه هیچى تر نه‌بنه قوربانیى ئه‌و كه‌سانه‌ى به ناڕه‌وا مووچه وه‌رده‌گرن و بۆ ئه‌مه‌ش هه‌نگاوى گرینگ ده‌نێین.