هەولێر-KDP.info- ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی یه‌كێتیی نیشتیمانیی كوردستان(PUKmedia)، له‌سه‌ر زاری (ئاراس شێخ جه‌نگى) بڵاوی كردووه‌ته‌وه، گوایه داوای له پەرله‌مانى كوردستان كردووه تا له‌باره‌ى به‌ده‌سته‌وه‌دانى شارى كه‌ركووك بچێته په‌رله‌مان و ڕوونكردنه‌وه بدات، گوته‌بێژى فراكسیۆنى پارتی دیموكراتی كوردستان له‌وباره‌وه ده‌ڵێ، ''ئه‌و هیچ سیفه‌تێكى نییه تا بێت له په‌رله‌مانى كوردستان قسه بكات'' و گوتی، په‌رله‌مان بڕیارى خۆی داوه.
١٦ـی ئۆکتۆبەرى ئه‌مساڵ بەپێی ڕێککەوتنێکی نهێنی، سەنگەرەکانی بەرگری بە ڕووی حەشدی شەعبی و سوپای عێراقدا لە خورماتوو و کەرکووک کرانەوە و ئه‌و شاره‌یان ڕاده‌ستی حه‌شدی شه‌عبی و هێزه‌كانی عێراق كرد. به‌و هۆیه‌وه زیاتر له 170 هه‌زار خێزان ئاواره بوون و عەرەباندنی خورماتوو و كه‌ركووك به به‌رنامه درێژه‌ی هه‌یه.
ڕێككه‌وتنه نهێنییه‌كه كه (ئاراس شێخ جه‌نگى) به یه‌كێك له سه‌ره‌كیترین بكه‌رانی ناوی ده‌برێ، له‌گه‌ڵ چه‌ند كه‌سێكی دیكه‌ی نێو لایه‌نێكی سیاسی به‌بێ گه‌ڕانه‌وه بۆ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی كوردستان، بۆ ده‌ستكه‌وتی سیاسی و تایبه‌ت به خۆیان له‌گه‌ڵ حه‌شدی شه‌عبیدا ڕێككه‌وتن، ڕێككه‌وتنێك كه له كوردستان به خیانه‌ت له نه‌ته‌وه و نیشتیمان ناوزه‌د كراوه.
(د. محه‌ممه‌دعه‌لى یاسین) گوته‌بێژى فراكسیۆنى پارتی له په‌رله‌مانى كوردستان ڕاگەیاند: "له ڕاگه‌یاندنه‌وه بڵاو كراوه‌ته‌وه كه گوایه نامه‌یه‌كى (ئاراس شێخ جه‌نگى) بۆ په‌رله‌مانى كوردستان و په‌رله‌مانتاران ڕه‌وانه كراوه، به‌ڵام هیچ نامه‌یه‌كى ئه‌و بۆ په‌رله‌مان نه‌هاتووه و ئه‌گه‌ر بشینێرێ، ناتوانین هیچ مامه‌ڵه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ ئه‌و نامه‌یه‌دا بكه‌ین، چونكه ئه‌و كه‌سه نه سیفه‌تێكى هه‌یه و نه وه‌زیره تا بێته په‌رله‌مانى كوردستان، وه‌ك خۆى باسى ده‌كات له دانیشتنى ئاساییى په‌رله‌مان و به‌كراوه‌یى بۆ میدیاكان قسه بكات."
(د. محه‌ممه‌د عه‌لى یاسین) گوتیشی: "بۆ ڕووداوه‌كانى 16 ئۆكتۆبه‌ریش پێویست ناكات خۆى بێت ڕوویه‌كى میدیایى بۆ ئه‌و بابه‌ته دیارى بكات، نه ئه‌و، نه هیچ كه‌سێكى تریش، چونكه له كۆبوونه‌وه‌ى ڕابردووى پەرله‌مانى كوردستان له‌سه‌ر پێشنیازى فراكسیۆنى پارتى كه دامان به په‌رله‌مان و په‌سه‌ند كرا، بڕیار دراوه لیژنه‌یه‌كى به‌دواداچوونى ڕاستییه‌كان پێك بێت بۆ ئه‌وه‌ى به‌دواداچوون بۆ ڕووداوه‌كانى 16 ئۆكتۆبه‌ر بكات، ئێستا وا ئه‌و لیژنه‌یه پێك دێت و ئه‌وه‌یشى تاوانبار بێت له‌و ڕووداوانه له‌وێ دیار ده‌بێت و هه‌موو ڕاستییه‌كان ده‌خرێنه ڕوو."
نەشوان بەرزنجی