Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 27 APR 2024 03:19 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

فیلمی ''سڵاو پێشمەرگە'' لە فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی ئەکشن بەشدار دەبێت
| KDP.info


ھەولێر-KDP.info- فیلمی سینەماییی (سڵاو پێشمەرگە)، چیڕۆکەکەی پاڵەوانی لەشجوانی، (ئەحمەد ڕامبۆ) نووسیویەتی، سیناریۆکەیشی لە لایەن (سەعید مەحموود) نووسراوە، کاری دەرھێنانیشی (حەسەن عەلی) بۆی کردووە، لە یەکەم بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا، بە نوێنەرایەتیی کوردستان، لە بەشی پێشبرکێی سەرەکیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (ئەکشن) لە وڵاتی ئیسپانیا بەشداری دەکات، کە لەگەڵ (٩) فیلمی وڵاتانی تر کێبرکێی بەدەستھێنانی خەڵات دەکات، فێستیڤاڵەکە لە ڕێکەوتی (٢٢ تا ٢٨/١٠/٢٠١٧) لە شاری (سیڤیلیا) بەڕێوە دەچێت.

چیرۆکی فیلمی سینەماییی (سڵاو پێشمەرگە)، باس لە داستانی مەفرەزەیەکی پێشمەرگە دەکات لە ھەلومەرجی زستانێکی سەختدا، لەگەڵ خانمە ڕۆژنامەنووسێکی ئەڵمانی، کە ھاتبووە ناوچە شاخاوییەکانی کوردستان، بۆ ئەوەی ھەواڵەکانی شۆڕشی کورد بگوێزێتەوە بۆ جیھان لە ڕێگەی کامێراکەیەوە، لەو دەمەی کە ھەموو دنیا لە بوونی کورد و ئازارەکانی بێئاگا بووە، کە ڕژێم پێی دەزانێ زۆر بۆی گرنگ دەبێت، ئەم ڤیدیۆ و دیکۆمێنتانە نەگاتە تیڤییەکانی جیھان، بە ھێزێکی سەربازیی گەورەوە وەدوای دەکەون بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن، بەڵام ئەو مەفرەزەیە گیانی ڕۆژنامەنووسەکە دەگرنە ئەستۆ، لە ململانێیەکی سەخت و دژواردا خۆیان گیان فیدا دەکەن تاکو لە سنووری تورکیا ڕەتی کەن، بۆ ئەوەی ھەواڵی شۆڕشی کورد بە جیھان بگات.
بەرھەمھێنەر و پاڵەوانی فیلمەکە، (ئەحمەد ڕامبۆ) بۆ ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: ''وەکو بەرھەمھێنەر و پاڵەوانی فیلمەکە، بۆ من مایەی خۆشحاڵییە، فیلمی سینەمایی (سڵاو پێشمەرگە)، لە یەکەم بەشداریی نێودەوڵەتیی خۆیدا، بە نوێنەرایەتیی کوردستان، لە بەشی پێشبرکێی سەرەکیی چوارەمین خولی فێستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی (ئەکشن) لە وڵاتی ئیسپانیا بەشداری دەکات، کە لەگەڵ (٩) فیلمی وڵاتانی تر کێبرکێی بەدەستھێنانی خەڵات دەکات. فێستیڤاڵەکە (٢٢)ی ئەم مانگە دەست پێ دەکات و تا (٢٨)ی مانگ دەخایەنێت، فیلمەکەشمان لە ڕۆژی (٢٣)ی مانگ نمایش دەکرێت.''

(ئەحمەد ڕامبۆ) گوتیشی: ''دەستکەوتێکی گەورەیە بۆ سینەمای کوردی، کە توانیمان بە ناوی کوردستانەوە بەشداری بە فیلمەکە بکەین، نەوەک بە ناوی عێراقەوە، کە نوێنەرایەتیی کوردستان دەکات، وەکو دەوڵەتێک، خۆی لە بنەڕەتدا ھەموو فێستیڤاڵێکی جیھان مامەڵە لەگەڵ ناوی ئەو وڵاتە دەکەن، کە بەفەرمی سەر بە خاکەکەی بێت، بەڵام ئێمە توانیمان باوەڕیان پێ بھێنین، کە سینەما و زمان و ئاڵای ئێمە جیایە و ئێستا خەریکی بەدەستھێنانی سەربەخۆیین، بەو ھیوایەین بتوانین لە فێستیڤاڵەکەدا خەڵات بەدەست بھێنین، سەری سینەمای کوردی و ئاڵای کوردستان بەرزتر کەینەوە.''

سەبارەت بە ئامادەبوونی لە فێستیڤاڵەکەشدا (ئەحمەد ڕامبۆ) گوتی: ''خۆم ئامادەی فێستیڤاڵەکە دەبم، لە ڕۆژی کردنەوەی فێستیڤاڵەکەوە تا دواڕۆژی دابەشکردنی خەڵاتەکان، ھیوادارم دەستپێکێکی باش بێت بۆ فیلمەکە و لە دوای ئەوە بەشداریی فێستیڤاڵی تریش بکات، کە ئێستا بۆ چەندین فێستیڤاڵمان ناردووە و چاوەرێی وەڵامەکان دەکەین، بەردەوامیش دەبین لە بڵاوکردنەوەی، ئومێدیشمان بە فیلمەکە ھەیە، کە ڤێرژنێکی نوێی ھەیە، ئەویش (٨٩) خولەکە، ئەوەی کە پێشتر لە سینەماکان نمایش کرا بۆ خەڵک بوو، ئەوەیان پوختترە بۆ فێستیڤاڵە، لێرەوە پیرۆزبایی و دەستخۆشی لە ستافی فیلمەکە دەکەم، ھەموویان ماندووبوون لەگەڵ ئەم کارە، لە بچوکترین کارەکتەرەوە تا دەرھێنەر.''

(ئەحمەد ڕامبۆ) ئەوەیشی خستە ڕوو: ''فیلمەکە ستایلێکی نوێیە لە سینەمای کوردی، ئەویش ستایلی ئەکشنە، دەتوانم بڵێم یەکەم فیلمی ئەکشنە بەو قەبارەیە کاری دەرھێنانی بۆ کراوە، ئەم فیلمە کاری وێنەگرتنی سەرەتای ساڵی (٢٠١٦) بوو، لە شاخەکانی کوردستان وێنەی گیراوە، لە ھەلومەرجی شەڕی بەرەنگاربوونەوەی دژ بە داعشدا بەرھەم ھات، کە ویستمان لە ڕێگەی ئەو فیلمەوە دووبارە مێژووی کۆنی گیانفیدایی پێشمەرگە ھەڵبدەینەوە و دەری بخەین پێشمەرگە کێیە و لە سەرەتاوە چۆن بووە، بەو شێوەیە پێشانمان داوە، کە شەڕی کردووە لە پێناوی بەدەستھێنانی ئازادی و بەرەنگاربوونەوەی ھێرشەکانی دوژمن، کە پەلاماری کوردستانی داوە.''

دەربارەی ئەوەی چۆن بوو ناوەڕۆکی فیلمەکەت لەسەر پێشمەرگە بوو؟ (ئەحمەد ڕامبۆ) گوتی: ''کە ھاتمە ناو بواری سینەما، بەڕاستی پێم خۆش بوو، نۆبەرەی فیلمەکانم، بە فیلمێک بێت لەسەر ژیان و قارەمانەتی و بەرخودانی پێشمەرگە، لەبەر ئەوەی پێشمەرگە شایانی ئەوەیە کە قارەمانەتییەکانی بە دیکۆمێنت بکەیت و بیکەی بە فیلم بۆ نەوەی نوێی ئێستا و داھاتووی کوردستان و بە دنیای دەرەوەی پێشان بدەی، کە چۆن پێشمەرگە لە شاخەکانەوە دەستی بە خەبات کردووە، بەبێ چەکی باش و بێ خواردنی چاک، بەبێ پارە و جلوبەرگی پێویست، بە سەرماوسۆڵی زستان و بە گەرمای ھاوین، لە شاخەکان دەستی بە خەبات کردووە، لە پێناوی بەدەستھێنانی ئازادی بۆ کوردستان و ڕزگارکردنی خەڵکی کوردستان لە دەست سیستەمە داگیرکەرەکان و ئەو دیکتاتۆرانەی عێراقیان بەڕێوە دەبرد.''

ئەوەی ماوەتەوە بڵێین، فیلمی سینەماییی (سڵاو پێشمەرگە) بە پاڵەوانێتیی قارەمانی لەشجوانی، (ئەحمەد ڕامبۆ) و خانمە ئەکتەری بەناوبانگی ئەڵمانی (لیۆنی زیومر) و ئەکتەری بەناوبانگی عەرەبی (شمم الحسن)ـە، کاری بەرھەمھێنانی ئەم فیلمە لە ئەستۆی کۆمپانیای ــ گۆڵدن سپۆرتی (ئەحمەد ڕامبۆ)یە، لە نواندنی ھەریەک لە ئەکتەران (عادل عەبدولڕەحمان، کاوە قادر، عەبدولی حەمە جوان، نیگار عوسمان، عەبدولڕحمان محەمەد، مازن محەمەد، کارزان سەلاح، ئەحمەد سەعد، عەبدوڵڵا محەمەد، ھەنار کامەران)ـە، بەڕێوەبەری وێنەگرتنەکەیشی (پویان کەفیلی)یە، دەنگھەڵگرەکەی (ئەرستۆ مەفاخیری)یە، بەرنامەڕێژی فیلمەکە (کەریمۆک)ـە، ڕاوێژکاری پێشمەرگە (لالۆ ڕەنجدەر)ـە، کاری مکیاژی (عەلی ئەژدەری) کردوویەتی، جلوبەرگ (بەھار عوسمان)ـە، دیزاینەر (ھەردی حەسەن)ـە، کلاکێت (تینا حسامی)یە، کاری مۆنتاژ (نەعمەت نارنجی) جێبەجێی کردووە، کاری سپێشەل ئیفێکت (حاجی تاژیک)ـە، بەڕێوەبەری بەرھەمەکەش (نێچیرڤان ئەرگوشی)یە، فۆتۆگرافەر (وریا گوڵزاری)یە، دروستکردنی پۆستەر (ئارش)ـە. فیلمەکە لە ناوچەی سەفین و ھیزۆپ و دۆلی سماقولی بە کامێرای (کانوون دی حەوت سەد) وێنەی گیراوە، ماوەکەی (٨٩) خولەکە و بەرھەمی ساڵی (٢٠١٦)یە.

بڵند ئیبراھیم
 




دوایین هەواڵەکان

پەیامێک لە سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

FRIDAY, 26 APRIL 2024 23:04:07

ھەولێر-KDP.info- ئەمشەو مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم. سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو چوار هاووڵاتییە سیڤیلە دەکەم کە گیانیان لەدەست دا، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم. وەزارەتی تەندروستییم ڕاسپاردووە کە هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بکات.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (خالید ئیبراهیم ڕەزگەیی) دەکات

FRIDAY, 26 APRIL 2024 22:04:35

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (خالید حاجی ئیبراهیم ڕەزگەیی) دەکات.

 
پەیامێک لە سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانەوە لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر

FRIDAY, 26 APRIL 2024 22:04:54

ھەولێر-KDP.info- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکات و رایدەگەیێنێت، "ئه‌م هێرشانه‌ ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ پێویسته‌ ئه‌ركى خۆیان بۆ رێگرى له‌و هێرش و په‌لامارانه‌ و دۆزینه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى له‌هه‌ر لایه‌نێك بن، بگێڕن و به‌ سزاى یاسایى بگه‌یه‌نرێن". 

 
بەیاننامەیەک لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە

FRIDAY, 26 APRIL 2024 22:04:16

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو کارە تیرۆرستیە دەکات.

 
نەوزاد ھادی بۆ پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا: خزمەتی خەڵکی بکەن

FRIDAY, 26 APRIL 2024 21:04:32

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی نەینەوا و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر لیستی پارتی کۆبووەوە 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact