هەولێر-KDP.info- سكرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای رێفراندۆم لە راگەیێندراوێكدا و بە مەبەستی زیاتر رێكخستنەوەی هەڵمەتی بانگەشەی رێفراندۆم، و پابەندبوون بە بەها نیشتیمانییەكان و رێكارە یاساییەكان، داوا لە هاووڵاتیانی كوردستان دەكات لە كاتی بانگەشەی رێفراندۆم رەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكەن:
1. دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی هێما و ئاڵا و رەمزی هەر لایەنێك یان ولاتێك جگە لە ئاڵای كوردستان.
2. دووركەوتنەوە لە بەكارهێنانی ناو و وێنەی سیمبۆل و سەركردەكان وەكو پروپاگندە یان بانگەشەی رێفراندۆم.
3. دووركەوتنەوە لە بێرێزیكردن یان هێرشكردنە سەر سەركردە و ئالا و سیمبولی هەر لایەنێك یان ولاتێك.
4. پاراستنی ئارامی شار و شارۆچكەكان، و پاراستنی ملكی گشتی.
5. پاراستنی ئارامیی هاووڵاتیان.
6. هاوكاری و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگا ئەمنییەكان و پۆلیس و فەرمانگە حكوومییەكان.
7. جەخت دەكەینەوە لەسەر ئازادیی رادەربڕین و رێگەدان بە ئەنجامدانی چالاكی و هەڵمەت و بانگەشەی رێفراندۆم بە ئازادی و بە شێوەیەكی شارستانی و ئاشتیانە و، بەپێی یاسا و رێنماییە كارپێكراوەكانی هەرێمی كوردستان، و رێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەلبژاردن و راپرسی.
سكرتاریەتی ئەنجوومەنی باڵای رێفراندۆم