دهۆك-KDP.info- یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان دهڵێ، ھەموو ھەوڵێک بۆ سەرخستنی پڕۆسەی ریفڕاندۆم دهدهن و دەنگی نەخێریش لەنێو یەکگرتوودا نییە بۆ ڕیفڕاندۆمی سەربەخۆییی کوردستان.
(سامی ئەتروشی) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی، "ناکۆکیی نێو لایەنە سیاسییەکان چووەتە نێو جەماوەری ھەرێمی کوردستان و بەداخەوە لەبری ئەوەی کار بۆ سەرخستن و یەکگرتنی چوارپارچەی کوردستان بکەین، خەریکە کوردستانی باشووریش جیا دەکرێتەوە، واتە جیاوازیێک لەنێوان ھاووڵاتیاندا دروست بووە و، ھەر کەسێک لە دەڤەری سلێمانی قسە بکات لەسەر لایەنێک ھەژمار دەکرێت و لە ھەولێریش لەسەر لایەنێکی دیکە، بهڵام ڕاستییهكهی ئهوهیه ھەموو لایەنە سیاسییەکان لەم قۆناغەدا یەک بگرن و پێکەوە کار بکەین بۆ دەربازکردنی قۆناغەکە و سەرخستنی پڕۆسەی ریفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستان، ئینجا ئەگەر پڕۆسەکە سەری گرت، کێشە نییە بەناوی چەند کەسێکەوە دەبێت، گرینگ ئەوەیە سەرکەوین."
(ئەتروشی) گوتیشی، "یەکگرتووی ئیسلامی بە باوەڕە چووتە نێو پڕۆسەی ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمی کوردستان و لەبەر خاتری ھیچ لایەنێک نەچووینەته بەرەی ریفڕاندۆمەوە، بەڵکۆ ئەوە بڕیاری یەکگرتووه، مادام زۆرینەی لایەنە سیاسییەکانی کوردستانیش لەگەڵ ئەنجامدانی ڕیفڕاندۆمن، ئێمەش بەشدارین و لە ئێستایشدا کار لەسەر وشیارکردنهوهی خەڵکی دەکین لەنێوخۆی حزب و دەرەوەشدا، لەبەر ئەوەی داوای گەلی ئێمەیە و کار بۆ سەرخستنی پڕۆسەکەش دەکەین."
یاریدەدەری ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی دهشڵێ، "ئێمە وەک یەکگرتوو لەگەڵ ئەوەداین یەکڕیزی ڕابگرین و تا دواساتیش ھەوڵ دەدەین گۆڕان و کۆمەڵیش وەک دوو ھێزی سەرەکیی ھەرێمی کوردستان بەشدار بن لە پڕۆسەی ریفڕاندۆمدا، ھەرچەندە کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان داواکاریی ئێمەشە، بۆ ئەوەی پڕۆسەکە زیاتر بەرەو پێشەوە ببەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ئەولەویەت ھەر بۆ ئەنجامدانی ریفڕاندۆم و سەربەخۆییی کوردستانە."
پێوهست به دهنگی نهخێریش گوتی، "لە نێو یەکگرتووی ئیسلامیدا ھیچ کەسێکمان تێدا نییە بە (نەخێر) دەنگ بۆ ریفڕاندۆم بدات، بەڵام ئێمە خەڵکمان ھەیە داوا دەکات تا رۆژی کۆتایی کار لەسەر ئەوە بکرێت، ھەموو لایەنە کوردستانیەکان پێکەوە بەشداری بکەن لەو پڕۆسەیە نیشتیمانییەدا و، گەلی ئێمە پێکەوە بەشداریی پڕۆسەکە بکەن و ئەوانەی بەرەی نەخێرن ببنە شتێکی بچووک و تەنیا چەند کەسێکبن نەک لایەنی سیاسی و حزبی بن."
قائید میرۆ