Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 27 APR 2024 05:09 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

دەوڵەت و سەربەخۆیی لە فیکری پارتیدا
| KDP.info


 

عەبدولسەلام بەرواری
لەم ڕۆژانەدا، پارتی دیموکراتی کوردستان (٧١) ساڵ لە تەمەنێکی پڕ شانازی و دەسکەوتی مێژوویی تەوا دەکات، بەمەش دەبێتە یەکێک لە دێرینترین پارتی سیاسی، نەک لەسەر ئاستی کوردستان و ناوچەکەمان، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش، هەر ئەم ڕاستیەش هاندەر بوو کە ژمارەیەک لە لێکۆڵەر و نووسەر، تا هەوڵبدەن نهێنی ئەم بەردەوامبوونە و سەرکەوتنانە بزانن.
ڕەنگە (گاریپ ستانسفیلد) باشترین دەربڕینی بۆ ئەم ڕاستییەی پێشکەش کردبێ، کاتێک دەڵێت:
"گرینگترین ڕووداو لە مێژووی سیاسیی کوردستاندا، دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو لە ساڵی ١٩٤٦، هەروەها زۆربەی تایبەتمەندییەکانی باری سیاسیی ئێستای کوردستانی عێراق دەگەڕێنەوە بۆ لایەنە بونیادی و ئایدیۆلۆژیانەی پارتی."

بنەما سەرەکییەکانی فیکری پارتی
هۆکاری سەرەکیی ئەو پێگە سەرەکی و کاریگەرییەی پارتی دەگەڕێتەوە بۆ خودی سرووشتی پارتی و ئەو فاکتەرانەی بوونەتە هاندەر بۆ دامەزراندنی. لە ڕاستیدا، پارتی کۆکەرەوەی چەند بنەمای بیرکردنەوە و ئاراستەی هزری و سیاسی و کۆمەڵایەتییە، کە گرینگترینیان بریتین لە:
١- دامەزراندنی پارتی لەسەر دەستی بارزانیی نەمر وەک سەرکردەی نەتەوەیی و هەڵگری ئاڵای ڕێبازی بزووتنەوەی ئازادیخوازی نەتەوەی کورد، ڕێبازی (شێخ عوبەیدوڵلای نەهری) و (شێخ ئەحمەدی بارزانی).
٢- بنەما کۆمەڵایەتییەکانی بیرکردنەوەی شێخ (عەبدولسەلام بارزانی) لە پێکەوەژیانی ئایینی و پاراستنی مافەکانی ئافرەت و پاراستنی ژینگە و دادوەریی کۆمەڵایەتی و کۆڵنەدان و فیداکاری و، ڕەتکردنی هەموو جۆرەکانی ستەم و چەوسانەوە، بە پابەندبوون بە ڕێبازی (مەولانا خالد) و تەریقەتی نەقشەبەندی.
٣ -ئاراستە سیاسییەکانی پاش دووەم جەنگی جیهانی و قۆناغی بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی نیشتیمانی و نەتەوەیی، کە بریتین لە دیموکراسی و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری و دامەزراندنی دامودەزگای سەردەمی بەڕێوەبردن و، پێشخستنی تواناکانی لاوان و ئافرەتان و گواستنەوەی کۆمەڵگا بۆ قوناغێکی پێشکەوتووتر.

هەردوو ئاراستەی دووەم و سێیەم، دیار و ئاشکران لەناو پرۆگرامەکانی پارتی هەر لە کۆنگرەی یەکەمی پارتیدا تا ئەم کاتەش و هەموو ئەو ئارمانج و داخوازە سیاسییەکانی پارتی هەڵقوڵاوی ئەم بنەمایەن و بە پشتبەستن بە سیاسەتێکی واقیعبین و لێکدانەوەی دروست، پارتی دروشم و بەرنامەکانی، بەپێی تواناکان و هەلومەرجی ناوخۆیی و دەرەکی، زیرەکانە داڕشت و سەرکەوت لە بەدەستهێنانی ئارمانجە هەنوکەییەکانی وەک ئۆتۆنۆمی (١٩٧٠) و فیدرالی (١٩٩٩٢ و ٢٠٠٥).

سەربەخۆیی وەک ئارمانجی سەرەکی
بەڵام پێش ئەم دوو ئاراستە هزرییە، پارتی ئارمانجێکی گەورەتر و پیرۆزتری هەیە، کە ئارمانجی ڕزگارکردنی کوردستان و سەربەخۆیی و ئازادیی کورد و کوردستانیانە، کە بە بەردەوامی لە بڕگە سەرەتاییەکانی پرۆگرامی پارتیدا جەختی لەسەر کراوە، ئەگەرچی دروشمی ڕاگەیەندراوی پارتی بریتی بوو لە (دیموکراسی بۆ عێراق و ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان)، بەڵام پارتی و سەرکردایەتیی مێژووییی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد، ڕۆژێک لە ڕۆژان ئەو ڕاستییەی نەشاردەوە کە سەربەخۆیی و دامەزراندنی دەوڵەت ئامانجی سەرەکیی هەر بزاڤ و شۆڕش و چالاکییەکی سیاسییە.
بنەمای ئەم بیرکردنەوەیەش دەگەڕێتەوە ئارمانجەکانی (لیژنەی ئازادی)، کە بارزانیی نەمر لە ساڵی ١٩٤٥دا، بە یاوەریی دەستەیەک لە ئەفسەرە ئازادیخوازەکانی کورد، دایمەزراند.

(لیژنەی ئازادی) و سەربەخۆیی
لە ڕۆژی ١٥/١/١٩٤٥دا، بڕیار درا بە دامەزراندنی (لیژنەی ئازادی) بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەیەک، گرینگترین خاڵەکانی بریتی بوون لە:
١ -ئازادکردنی کوردستان و ڕزگارکردنی لە زەبر و ستەم.
٢ -پێکهێنانی لەشکری شۆڕشگێر بۆ بەرەڤانیکردن لە کوردستان.
٣ -بەستنی باشترین پەیوەندی لەگەڵ هەموو ڕێکخراو و پارتە سیاسییەکانی پارچەکانی کوردستان.
لەگەڵ گەیاندنی دەنگی میللەتی کورد بۆ ڕای گشتی و جیهان و داوای هاوکاری و پاڵپشتیکردن و ڕسواکردنی سیاسەتەکانی ڕژێم بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان .
جەختکردنی بارزانیی نەمر لەسەر ئەوەی پێویستە هەموو پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکانی چالاک لە کوردستانی عێراق یەک بگرن و پارتی ببێتە چەترێکی گەورە، کە لە توانایدا بێت هەموو ئاراستە و بۆچوونە هزری و کۆمەڵایەتییەکان کۆبکاتەوە، لە خۆیدا دەربڕی ئەو بنەما هزرییەیە، کە سەربەخۆیی و ئازادیی کوردستان لە پێش هەموو بەرژەوەندییە لاوەکییەکانەوەیە و ئەرکی هەموو کەرت و چین و توێژی خەڵکی کوردستانە.
پاش دامەزراندنی پارتییش و، لە کۆنفرانسی (باکۆ)یش، ئەم ئاراستەیە بە ئاشکرا خرایە ڕوو لە لایەن بارزانیی نەمرەوە.

وتاری (باکۆ) وەک نەخشەڕێگا
لە ڕۆژی ١٩/١/١٩٤٨، لە چوارچێوەی بایەخدانی یەکێتیی سۆڤیێت بە بارزانییەکان و مامەڵەکردن لەگەڵیان وەک خەباتگێڕ و دابینکردنی باشترین دەرفەت بۆ فێربوون و مەشق، کۆنفرانسێک بەسترا لە شاری (باکۆ) بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کوردستانی ڕۆژهەڵات و کوردستانی باشوور و،  سەرکردایەتییەکی سیاسی بۆ بزووتنەوەی ئازادیخوازی کورد هەڵبژێردرا، کە پێکهاتبوو لە (١٤) ئەندام لە هەردوو پارچەی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر.

بارزانیی نەمر لە ڕۆژی سێیەمی ئەو کۆنفرانسە وتارێکی مێژوویی پێشکەش کرد، بە نوێنەرایەتیی نەتەوەی کورد کە بە بەڵگەیەکی مێژوویی دادەنرێت، چونکە لەو وتارەیدا، بارزانیی نەمر هێڵە سەرەکییەکانی بزووتنەوەی ئازادیخوازی کوردی دەستنیشان کرد و، دەکرێت ناوەڕۆک و بنەما هزرییەکانی ئەو وتارە بە پێوەر دابنرێن بۆ تێگەیشتنی پارتی دیموکراتی کوردستان و تێکڕای لایەنە سیاسییەکانی کوردستان.

لەم وتارەدا، بارزانیی نەمر لە بەشەکانی (ئارمانجە سیاسییەکانمان) و (ئارمانجە کۆمەڵایەتییەکانمان) و (ئارمانجە گشتییەکان) و لە ڕاگەیەندراوی کۆتاییی کۆنفرانس، بە ئاشکرایی جەختی کردە سەر ئەو ئارمانج و دروشم و خاڵانەی کە لە پرۆگرام و بەرنامەی هەموو پارتە سیاسییە کوردستانییەکاندا دیارن.
ئەوەی لێرەدا مەبەستمانە، ئاماژەی بارزانیی نەمرە بۆ بابەتی سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوون وەک ئارمانجی سەرەکیی بزووتنەوەکە. لە (ئارمانجە سیاسییەکانمان)ـدا هاتووە کە:
"پاش ڕزگارکردنی کوردستانی ئێران، کۆمارێکی دیموکراتی دادەمەزرێت و ئەنجوومەنێکی نیشتیمانی لە هەڵبژاردنێکی نهێنیدا بۆی دادەنرێت... ئەم کۆمارە دەبێتە کرۆک و پێگەی ڕزگارکردنی کوردستانی گەورە و دامەزراندنی حوکمڕانیێکی دیموکراسی لە کوردستان، کە لە سایەیدا یەکسانیی نێوان هەموو چینەکان دابین دەکرێت".
زۆرێک لە چاودێران پێیان وایە، کە پرۆگرامی پارتی لە دەستووری دەوڵەتێک دەچێت، نەک بەرنامەی کاری پارتیێکی سیاسی، چونکە هەر لە کۆنگرەی یەکەمی پارتیدا، پرۆگرامی پارتی، وێنەیەکی کۆمەڵگایەکی خوازراو پێشکەش دەکات لەگەڵ دیاریکردنی هەڵوێست بەرامبەر گشت پێکهاتەکانی دەوڵەت و بابەتە سەرەکییەکانی ژیان، وەک: جۆری حوکمڕانی، هەڵبژاردن، کاری رێکخراوەیی، پەروەردە، پیشەسازی، کشتوکاڵ، ئابووری، مافەکانی ئافرەت و منداڵ و لاوان، زامنکردنی ئازادیی ئایینی و پاراستنیان.. هتد.

(کوردستان یان نەمان) و ریفراندۆم
دروشمی سەرەکیی شۆڕشی ئەیلوول (کوردستان یان نەمان) بوو، ئاشکرایشە کە بەم دروشمە کورتە، سرووشت و ناوەڕۆکی شۆڕشی ئەیلوول و ڕێبازی بارزانی بەرجەستە کرا، ئەویش خەباتکردنە بۆ ڕزگاریی کوردستان و ئامادەیی بۆ پێشکەشکردنی هەر قوربانیێک لەم پێناوەدا.
هەر ئەمەش وایکرد کە بە درێژاییی شۆڕشی ئەیلوول، ڕۆڵەکانی نەتەوەی کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان، بەشداریی بەرچاو و کاریگەریان هەبوو و هەموو کوردستانیان ئەم شۆڕشەیان بە شۆڕشی خۆیان دەزانی و بە ئومێدی گەیشتن بە سەربەخۆیی، خوێنی پیرۆزی خۆیان پێشکەش کرد و هەموو ماڵێک بوو بە پەناگا و پاڵپشتی شۆڕش.
ئەمرۆیش، پاش بڕیاردان لەسەر ئەنجامدانی ریفراندۆم بۆ سەربەخۆیی، لە کاتێکدا کە سەرۆک بارزانی جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە یان دەبێ بگەین بە سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردستان، یان چیتر بەسە ستەم و بێبەشکردن لە مافەکانمان لە چوارچێوەی عێراقێک، کە شکستی خوارد، ببێتە عێراقی هەمووان، هەمان دووبارەکردنی ناوەڕۆکی (کوردستان یان نەمان)ـە.
هەر لەبەر ئەوەی پارتی هەڵگری ئاڵای سەربەخۆیی و بەدەوڵەتبوونە، بۆیە دۆست و دوژمن سەرەدەریی تایبەت لەگەڵ سەرۆک بارزانی و پارتی دەکەن و حیساب بۆ هەنگاوەکانی دەکەن.

لە ساڵیادی دامەزراندی پارتیدا، باشترین وەڵامدانەوەی شاڵاوەکانی ئەنفال و کیمیاباران و نانبڕین و کەمترین خزمەت بە خانەوادە سەربەرزەکانی قوربانیانی ئەم شاڵاوانە، وەفاداری بۆ شەهیدانی ڕێگای سەربەستی و سەربەخۆیی، بەشداریکردنە لە ریفراندۆم و (بەڵێ)ـیە بۆ سەربەخۆیی.




دوایین هەواڵەکان

پەیامێک لە سەرۆکی حكوومەتی هەرێمی كوردستانەوە

FRIDAY, 26 APRIL 2024 23:04:07

ھەولێر-KDP.info- ئەمشەو مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند: "بە توندی سەرکۆنەی هێرشە تیرۆریستییەکەی ئەمشەو بۆ سەر كۆرمۆر دەکەم. سەرەخۆشی لە کەسوکاری ئەو چوار هاووڵاتییە سیڤیلە دەکەم کە گیانیان لەدەست دا، هیوای زوو چاکبوونەوەش بۆ بریندارەکان دەخوازم. وەزارەتی تەندروستییم ڕاسپاردووە کە هەموو هاوکاری و پاڵپشتییەکی پێویست پێشکەش بکات.

 
مەکتەبی سیاسی پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی (خالید ئیبراهیم ڕەزگەیی) دەکات

FRIDAY, 26 APRIL 2024 22:04:35

ھەولێر-KDP.info- مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان، پرسەنامەیەک ئاراستەی خانەوادەی خوالێخۆشبوو (خالید حاجی ئیبراهیم ڕەزگەیی) دەکات.

 
پەیامێک لە سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستانەوە لەبارەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر

FRIDAY, 26 APRIL 2024 22:04:54

ھەولێر-KDP.info- سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سەرکۆنەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر دەکات و رایدەگەیێنێت، "ئه‌م هێرشانه‌ ئارامى و سه‌قامگیریى وڵات ده‌خه‌نه‌ مه‌ترسییه‌وه‌ و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكوومه‌تى عێراقى فیدراڵ پێویسته‌ ئه‌ركى خۆیان بۆ رێگرى له‌و هێرش و په‌لامارانه‌ و دۆزینه‌وه‌ى ئه‌نجامده‌رانى له‌هه‌ر لایه‌نێك بن، بگێڕن و به‌ سزاى یاسایى بگه‌یه‌نرێن". 

 
بەیاننامەیەک لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە

FRIDAY, 26 APRIL 2024 22:04:16

ھەولێر-KDP.info- حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەبارەی ھێرشی تیرۆریستی بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و ئیدانەی ئەو کارە تیرۆرستیە دەکات.

 
نەوزاد ھادی بۆ پەرلەمانتاران و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا: خزمەتی خەڵکی بکەن

FRIDAY, 26 APRIL 2024 21:04:32

مووسڵ-KDP.info- بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی نەینەوا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پەرلەمانی عێراق لە بازنەی نەینەوا و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا لەسەر لیستی پارتی کۆبووەوە 

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact