سۆران-KDP.info- ئه‌مساڵ له كاتێكدا یادی دامه‌زراندنی پارتی ده‌كرێته‌وه، كه گه‌لی كوردستان توانی دڕنده‌ترین دوژمنی جیهان تێک‌بشکێنێ و، خۆیان ئاماده بكه‌ن بۆ ڕۆژی بڕیاردان لە چارەنووس لە 25/9ـدا کە ده‌نگدانە به سه‌ربه‌خۆییی باشووری کوردستان، كه ئه‌وه هه‌ر له یه‌كه‌م رۆژی دامه‌زراندنی پارتی تا ئه‌مڕۆ دروشمی بووه، به بڕوای پێشمه‌رگه‌كانی کە چوونە یه‌كێتیی سۆڤیێت و مامۆستایانی زانكۆ، 16ـی ئاب رۆژێكی مێژوویی و پڕشنگدار بوو له بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان دا.
(سلێمان محه‌ممه‌د) كه له‌گه‌ڵ (بارزانیی نه‌مر)دا چووەته یه‌كێتیی سۆڤیێت و پێشمه‌رگه‌ی هه‌ردوو شۆڕشی ئه‌یلوول و گوڵانه، دەگێڕێتەوە، کە له ساڵی 1946 چه‌ند لایه‌نێك هه‌بوون له باشووری كوردستان، كه ڕۆڵێكی كاریگه‌ریان نه‌بوو له بزاوتی ڕزگاریخوازی كوردستاندا، (بارزانیی نه‌مر) له‌گه‌ڵ (شێخ ئه‌حمه‌دی بارزان) و كۆمه‌ڵێك ئه‌فسه‌ری شۆڕشگێڕ له حزبی هیوا، ڕوویان له كۆماری کۆماری کوردستان لە مه‌هاباد كرد و ڕۆڵێكی زۆر مه‌زنیان بینی، هه‌ر له‌وێیش (بارزانیی نه‌مر) بیری له حزبێكی پێشكه‌وتوو و سه‌رده‌میانه بۆ باشووری كوردستان كرده‌وه، ئه‌وه بوو له 16ـی ئاب له ساڵی 1946 حزبی پارتی دیموكراتی كوردی له باشووری كوردستان دامه‌زرا و دوای ئه‌وه، كۆنگره و چه‌ندین كۆبوونه‌وه كران و (بارزانیی نه‌مر) به سه‌رۆكی پارتی هه‌ڵبژێردرا.
پێوه‌ست به‌و یاده پڕشكۆیه، وەک (سلێمان محه‌ممه‌د) بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی گێرایەوە، ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌ك بوو، به‌ڵام سه‌ره‌تایه‌كی گرینگ بوو و رۆژێكی مێژوویی و پڕشنگدار بوو له بزاڤی ڕزگاریخوازی كوردستان و دەشڵێ، "پارتی تا ئه‌مڕۆ کە ته‌مه‌نی گه‌یشتووه‌ته 71 ساڵ، رۆژ به رۆژ فراوانتر و به هێزتر و ده‌ستكه‌وتی یه‌ك له دوای یه‌ك بۆ گه‌لی كوردستان تۆمار ده‌كات، به بۆچوونی دۆست و دۆژمنانی كورد، ئه‌گه‌ر پارتی نه‌بووایه له كاتی رووخانی كۆماری کوردستاندا، هیچ ڕۆشنایێکی دیكه له كوردستان نه‌بوو، كه گه‌لی كوردستان پشتی پێ ببه‌ستێت."
له شۆڕشی 14ـی ته‌ممووزدا، داوا له (بارزانیی نه‌مر) كرا پاش 12 ساڵ له یه‌كێتیی سۆڤیێت بگه‌ڕێته‌وه عێراق، کە گه‌ڕایه‌وەش بە گەرمی و فراوانی پێشوازی زۆر گه‌وره‌ی لێ كرا، پاش ئەوە پارتی به شێوه‌یه‌كی زۆر فراوان گه‌شه‌ی كرد و هاته‌وه مه‌یدانی خه‌بات و له لایه‌ن حكوومه‌تی عێراقیشەوە ددانی نرا.
(سلێمان محه‌ممه‌د) دەڵێ، "کە شۆڕشی ئه‌یلوول له ساڵی 1961 به سه‌رۆكایه‌تیی (بارزانیی نه‌مر) هه‌ڵگیرسا، بووه بنه‌مایه‌كی گه‌وره و پتەو له بزاڤی ڕزگاریخوازی گه‌لی كوردستان له هه‌ر چوار پارچه‌ی كوردستان، هەربۆیە حكوومه‌تی عێراق ناچار بوو گفتوگۆ له‌گه‌ڵ پارتی و سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی ئه‌یلوولدا بكات. هەڵبەتە لە هه‌ر كۆبوونه‌وه و گفتوگۆیه‌كدا شۆڕش هه‌نگاوێك به‌ره‌و پێشه‌وه ده‌چوو، تا ڕێككه‌وتنی 11ـی ئازار، كه بۆ یه‌كه‌مجار حكوومه‌تی عێراق ددانی به مافی حوكمی زاتی بۆ گه‌لی كورد دانا، بۆیه شۆڕشی ئه‌یلوول به سه‌رۆكایه‌تیی (بارزانیی نه‌مر) توانی بنه‌مای ده‌وڵه‌تێكی كوردی دابنێت، هه‌روه‌ها هه‌ر پارتی و (بارزانیی نه‌مر) بوون، گه‌لی كوردستانی له باشووری كوردستان له شنگال تا مه‌نده‌لی و خانه‌قین له‌ژێر سێبه‌ری یه‌ك ڕه‌شماڵدا كۆ كرده‌وه."
(د. لوقمان مسته‌فا) مامۆستای زانكۆیە و لەم بارەیەوە بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان گوتی، پارتی له ڕۆژی دروستبوونیه‌وه تا ئه‌مڕۆ، هه‌میشه پارێزه‌ری پاراستنی ده‌ستكه‌وته نه‌ته‌وه‌ییه‌كان بووه و هه‌ر كاتێكیش هه‌ستی كردبێ، سه‌روه‌رییه نیشتمانییه‌كان له مه‌ترسیدا بن، ئه‌وا به‌بێ دوودڵی قوربانی داوه، چونكه هه‌میشه خوێندنه‌وه‌یه‌كی بابه‌تیانه‌ی دوورمه‌ودای بۆ پرسه‌كان كردووه و، ژیرانه هه‌نگاوی ناوه به‌ره‌و ترۆپكی سه‌ركه‌وتن.
مامۆستاکەی زانکۆ هەروەها دەڵێ، "هه‌ر چه‌نده له ناوخۆ و ده‌ره‌وه هه‌میشه گه‌له‌كۆمێی له‌سه‌ر كراوه، بۆ ئه‌وه‌ی به هه‌ر جۆرێك بێت، پارتی لای تاكی كورد لاواز بكه‌ن، به‌ڵام ده‌رئه‌نجامه‌كان پێمان ده‌ڵێن، پارتی هه‌میشه له گه‌شه‌ی به‌رده‌وامدایه و خه‌ونی ناحه‌زان بووەته بڵقی سه‌ر ئاو. هه‌میشه خەڵک و پارتی بوونه‌ته دوانه‌یه‌ك بۆ زیندوومانه‌وه‌ی پارتی.. نموونه‌كان هه‌نده زۆرن پشكی شێر له مێژووی بزاڤی نه‌ته‌وه‌ی كورد به‌ر پارتی ده‌كه‌وێت."
ڕۆڵی پارتی دیموکراتی کوردستان لە یەکخستنی نێوماڵی و کورد و هێنانە ئارای گوتاری یەکگرتوو، ناکرێ نادیتە بگیرێ و (د. لوقمان) لەوبارەوە گوتی، "پارتی په‌رۆشی یه‌كده‌نگی و یه‌كڕیزیی نێوماڵی كورده و بانگه‌وازی بۆ هه‌موو لایه‌ك، كۆبوونه‌وه‌یه له ده‌وری ئامانجی ستراتیژیی سه‌ربه‌خۆیی.. دروشمه‌كانی پارتی به‌پێی قۆناغ و هه‌لومه‌رجی سیاسیی به‌رز كراونه‌ته‌وه، هه‌روه‌ها پارتی له ڕووی نه‌ته‌وه‌ییەوە، خه‌ونە هه‌میشه‌ییەکەی سه‌ربه‌خۆیی بووه، پارتی بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد ده‌ژیێت و بۆ نه‌ته‌وه‌ی كورد دروست بووه، به‌رده‌وام هه‌وڵی سه‌ركه‌وتنی نه‌ته‌وه‌ی كوردی داوه، پارتی بڕوای به یه‌كڕیزی و یه‌كگرتنی نه‌ته‌وه‌ی كورد هه‌یه."
ئەو زیاتر گوتی "ئێستا ئه‌و فه‌زایه‌ی له كوردستان به ناوی دیموكراسی دروست بووه، پارتی هه‌ر له سه‌ره‌تای دامه‌زراندنی هه‌وڵی ئه‌وه‌ی داوه، بۆیه پارتی زیاتری هه‌موو حزبه‌كانی دیكه، ئاساییشی نه‌ته‌وه‌یی ده‌كه‌وێته ئەستۆ، چونكه پارتی خۆی گرێداوه به نه‌ته‌وه‌ی كورده‌وه".
ڕابین شێروانی