هەولێر-KDP.info- (د.ناسح غەفوور) چاودێری سیاسی پێی وایە دوای سەردانی (سەرۆک بارزانی) بۆ ئوردن و بەشداریکردنی لە کۆڕبەندی ئابووریی دەریای مردوودا ھەندێ دەوڵەت لە ھەمبەر ھەرێمی کوردستاندا بە ھەڵوێستی خۆیاندا دەچنەوە و دەشڵێت، ئوردن ڕۆڵێکی سەرەکیی لە ناوچەکەدا هەیە و پەیوەندیی لەگەڵ ڕۆژئاوا بەھێزە و دەتوانێت بۆ ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی ھاوکاریمان بکات.
(د.ناسح غەفوور)، چاودێری سیاسی بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ''بانگھێشتکردنی (سەرۆک بارزانی) بۆ وڵاتی ئوردن و ئەو پێشوازییەی لێی کرا، نیشانەی ئەوەیە ئوردن وەک دەوڵەتێک مامەڵە لەگەڵ ھەرێمی کوردستان دەکات و ھەروەک سەرۆکەکانی دیکەی جیھان پێشوازی لە سەرۆکی ھەرێمی کوردستان کرا، بەتایبەت لەو بارودۆخەدا کە ئێستا عێراق و ناوچەکە پێیدا دەرباز دەبن، بۆ ھەرێمی کوردستان زۆر گرینگە (سەرۆک بارزانی) بەشداری لە کۆڕ و کۆبوونەوە جیھانییەکاندا بکات، وڵاتی ئوردن ڕۆڵێکی سەرەکیی ھەیە لە ناوچەکەدا و پەیوەندیی بەھێزی لەگەڵ ڕۆژئاوا ھەیە، لەبەر ئەوە دەتوانێت ھاوکاریمان بکات لە پرسەکانی وەک ڕیفڕاندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا.''
ئەو چاودێرە سیاسییە گوتی: ''ھەموو وڵاتانی ناوچەکە و جیھان باش لەو حەقیقەتە گەیشتوون، کە (سەرۆک بارزانی) یەک پەیامی ھەڵگرتووە، ئەویش پڕۆژەی ڕیفڕاندۆم و ڕاگەیاندنی دەوڵەتی سەربەخۆی کوردستانە و ئەوانیش تا ڕادەیەکی زۆر ھاتوونەتە پێشەوە بۆ ئەوەی لەم بابەتە تێبگەن، کە ئێستا کوردی باشووری کوردستان چییان دەوێت.''
(د.ناسح غەفوور) گۆتیشی: ''ئێمە زۆر ڕازین لە ھەڵوێستی ھەندێ دەوڵەتی عەرەبی بۆ پرسی ڕیفڕاندۆم و سەربەخۆیی، جارێ بە ئاشکرا نەمانبیستووە، ھیچ وڵاتێکی عەرەبی دژی ئەو مافەی خەڵکی ھەرێمی کوردستان بێت، ھەندێک دەوڵەتی وەک ئوردن و قەتەر و سعوودیەش پاڵپشتیی مافەکانی ئێمە دەکەن و لە کاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆییدا پاڵپشتیی ھەرێمی کوردستان دەکەن و ھەست دەکەم دوای ئەو دیدارانەی (سەرۆک بارزانی) ئەو وڵاتانەی بەجۆرێک ھەڵوێستیان ئیجابی نەبووە، بەرامبەر بە ھەرێمی کوردستان بەخۆیاندا بچنەوە و بێنە ڕیزی ئەو دەوڵەتانەی پشتگیری کوردن بۆ ڕیفڕاندۆم.''
قائید میرۆ