هەولێر - تایبەت بە KDP.info/ ئەمڕۆ 39ئەندام پەرلەمانی کوردستان لە رونکردنەوەیەکدا گوایە ئاراستەی رای گشتیان کردووە، دەیانەوێت تەشەر و پلار لە پارتی دیموکراتی کوردستان بدەن، پلارەکەشیان بێ گەڕانەوە بۆ پێگەی دەستوری خۆیان کە پەرلەمانە وەکو فیشەکە شێتە تەقاندووە و ئاراستەی خەڵک کردووە. ئامانجیش لەم جۆرە یاداشت و بڵاوکراوانە هەر تەنیا فشارە دژی تەنیا لایەنێک کە لە رووی مێژوویی و سیاسییەوە نەک هەر لە کوردستانی باشور بەلکو لە هەموو پارچەکانی دیکەی کوردستان و هەروەها لە ناوەندە بڕیار بەدەستەکانی دونیاش پێگەی تایبەتی خۆی هەیە.
لەمبارەوە گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکی تایبەت بە KDP.info دەربارەی یاداشتی ئەم 39ئەندام پەرلەمانەی کوردستان گوتی: لە کاتێکدا کە پارتی دیموکراتی کوردستان بە بڕوا بوونی بەهێز بە سیاسەت و پێگەی جەماوەری و رێکخستنەکانی، پێگەی خۆی بەرەو سەرەوە دەبات و خەریکی خۆ ئامادەکردنە بۆ هەرسێ هەڵبژاردنی ( سەرۆکایەتی هەرێم و پەرلەمانی کوردستان و پارێزگاکان) کە بڕیار دراوە لە 21ی ئەیلولی ئەمساڵدا بەرێوەبچێت. وەکو پیشەی هەمیشەیی هەندێک، جارێکی دیکە بە مەبەست و ئامانجی تایبەتی و بەرژەوەندی حزبی بەرتەسک و پلارگرتن لە رۆلی دیاری پارتیمان، کە گومان دەکرێت ئەم جۆرە ئاراستەیە بەرنامەی سیاسی دیکەشی لە پشت بێت، ئەمڕۆ 6-6-2013یاداشتێک بە ناوی 39ئەندام پەرلەمانی کوردستان بڵاوکراوەتەوە ، روونە دەیانەوێت رای گشتی کوردستان چەواشە بکەن و گومانی ناڕەوا و نادروست دژی پێگە و پرەنسیپە سیاسییە چەسپیوەکانی پارتی بڵاوبکەنەوە. بۆیە ئێمە بەتوندی ئەمجۆرە چەواشەکارییە رەتدەکەینەوە و هەر کارێکی لەمجۆرە کە دوورە لە راستی و بنەمای رێزگرتن لە یاسا و ئامانجی سیاسی گوماناوی لە پشتە، ریسوا دەکەین.
وتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەشێکی دیکەی لێداوانە تایبەتییەکەی بۆ KDP.info دەڵێت: لەلایەکی دیکەوە ئەمجۆرە کارانە هەڕەشەیە بۆ سەر ناوبانگ و میکانیزم و پێگەی یاسایی پەرلەمانی کوردستان و پرۆسەی دیموکراسی و هەروەها عورفی یاسایی لە کاری پەرلەمانیدا لە بەرچاو ناگرێت.
بۆیە ئێمە بۆ راستکردنەوەی گومان و چەواشەکارییەکان دەبێت بە رای گشتی کوردستان رابگەینین و لە خەڵک و خودی ئەم پەرەلەمانتارانەش بپرسین بۆچی ئەوان:
١- پێش گەڕانەوە بۆ پەرلەمان و باسکردنی ئەم شتانە لەوێ ئەگەر گومانی یاساییان لەمەڕ هەبووە، ئێستە بەمجۆرە لە شێوەی پروپاگەندەی سیاسی راستەوخۆ بۆ رای گشتی بڵاوی دەکەنەوە؟.
٢- بۆچی ئەوانە پێشتر بەدواچوونیان بۆ ئەم مەسەلانە نەکرد، تەنیا ئەو کاتە بە ئاگا هاتوون کە کۆمیسۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تەئکیدی لەسەر مەسەلەکە کردۆتەوە؟.
٣- دەپرسین ئەو قسانەی کە تەنیا لە بەڵگە ناچن، بۆچی پێشتر بە کۆمیسۆن نەدرا، خێرە ئێستە بە خۆ کەوتوون و ئەم بەزمەی بۆ دروست دەکەن؟
٤- لامان سەیرە ئەو پەرلەمانتارە بەرێزانە لەسەر ونبوونی هەزارەها دەنگی کوردستانییەکانی ناوچەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستان، لە کاتی هەڵبژاردنی پارێزگاکانی ئەم دواییە عێراق، ورتەیان لێوەنەهات و بەهیچیان وەرنەگرت، کەچی ئێستە کەتوونەتە خۆ و خۆیان کردۆتە دەمڕاستی رای گشتی کوردستان؟.
٥- چۆنە ئەم پەرلەمانتارانە بێ وەرگرتنی دەسەڵاتی یاسایی لە پەرلەمانی کوردستان دەستیان بە ناو توێژینەوە کردووە و لە بابەتی وەها هەستیار و تەکنیکی و زانستی دەدوێن، ئەگەر ئەوانە خۆیان بە نوێنەر و پارێزەری لایەنە دەستوریی و یاساییەکانی کوردستان دەزانن، چۆنە بێ پرسکردن بە کەسانی شارەزا و پسپۆر و بێ هەماهەنگی و پرسکردن بە فراکسیۆنەکانی دیکەی ناو پەرلەمان دەستیان بۆ بابەتێکی گرینگ و حەساسی وەها بردووە و لایەنی دیکەی پێ تۆمەتبار دەکەن؟
وتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆتایی لێدوانەکەیدا دەڵێت: ئەمانە پرسیاری جەوهەرین، ئێمە وەکو پارتی بە دڵنیایی و بڕاوبوون بەخۆوە، هەنگاو دەنێین و لاشمان روونە ئامانج لەمجۆرە قسە و تۆمەتبارکردنانە، تەنیا ئامانجی حزبی و سیاسی و کۆمەلێک گومانی لە پشتەوەیە. بۆیە دەپرسین ئەم ئەندام پەرلەمانانە باشتر نەبوو لە جیاتی شێواندنی راستییەکان، بیر لە پەرەپێدانی دیموکراسی و سەروەر راگرتنی یاسا و پێگەی پەرلەمانی کوردستان بکەنەوە، نەک بەم ئاشکراییە پارتی دیموکراتی کوردستان بکەنە ئامانجی خۆیان. بۆیە بەرای گشی رادەگەینین، پێویستە خەڵک وشیار بێت و پارتیش وەکو ئەرکی کوردستانی خۆی پارێزەری یاسا و دیموکراسی و مافی هاووڵاتیان دەبێت.