Kurdî  ■  كوردی  ■  عربي
SAT, 4 APR 2026 13:23 Erbil, GMT +3
پارتی دیموکراتی کوردستان
ئازادی . دیموکراسی . دادپەروەری
 

پارتی: پێویستە بە تەبایی پاڵپشتیی حکوومەت بکەین..بە تەعریب و لەشکرکێشی ناسنامەی کەرکووک و ناوچەکانی دیکە ناگۆڕدرێ و سەرکەوتوو نابن
| KDP.info


 هەولێر-KDP.info-  بە سەرپەرشتیی (سەرۆک بارزانی) ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبوویەوە و لە کۆبوونەوەکەدا پێنج خاڵ تاوتوو کران، لە کۆبوونەوەکەدا یەکریزی نێو ماڵی کوردستان و پشتگیریکردن لە حکوومەت و پەرلەمان بە پێویستزانرا کە تێیدا جەختکرایەوە کە بەتەبایی و یەكهەڵوێستیی  پاڵپشتی حكوومەتی هەرێم بكەین وەكو لایەنی شەرعی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، هاوكات پشتیوانی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بین بۆ چارەی كێشە ئابووری و سیاسییەكانی ناوخۆی كوردستان.

بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك (مسعود بارزانی) و ئامادەبوونی جێگری سەرۆك و ئەندامانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی و یەدەك و بەرپرسی لق و مەكتەبەكان كۆبوونەوەی فراوانی ئەنجوومەنی سەركردایەتی ئەنجام درا. سەرەتا یادی كۆچی دوایی هەڤاڵ مامۆستا (عەلی عەبدوڵڵا), جێگری پێشووی سەرۆك و ئەندامی دەستەی دامەزرێنەری پارتیمان كرایەوە. هەروەها سڵاوی نارد بۆ گیانی پاكی هەڤاڵی شەهید (وەحید باكۆزی)، بەرپرسی لقی هەڤدەی پارتیمان و سەرجەم شەهیدانی ئەمدواییەی بەرگریكردن و، ئەم بابەتانەی خوارەوەی خستە بەرباس و گفتوگۆكردن:

یەكەم: هێرشی حەشدی شەعبی و سوپا بۆ كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لە شەوی ١٥/١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧، بەهۆی خیانەت و دەستكێشی و رێككەوتنی ژێربەژێری چەند كەسێك لەناو حزبێكی كوردستانی، هەروەكو لە بەیانەكانی بەرپرسانی ئەو حزبە بەراشكاوی ئاماژەیان پێ كردوە, كە بووە هۆی كارەسات بۆ شاری كەركووك و چەندین ناوچەی دیكەو تا ئاوارەبوونی دەیان هەزار خێزانی كوردو عەرەب و توركمان, هەروەها شەهیدو برینداربوونی ژمارەیەكی زۆری خەڵكی سڤیل بەتایبەتی لە شاری دوزخورماتوو، خانەقین، كەركوك و دەوروبەریان.. ئەوەی كە بەخوێن و خەباتی چەندین ساڵە بەدەست هاتبوو بەچەند سەعاتێك خرایە بەر مەترسیی بەفیڕۆدان، هەرچەندە بەم پیلان و سیاسەتە ناسنامەی ئەو ناوچانە ناگۆڕدرێت و وەكو چۆن سیاسەتی تەعریب لە پێشوودا سەركەوتوو نەبووە، لەمەودواش سەركەوتوو نابێت.

ئەم هەرزەرەفتارانە كە بە پشتیوانیی چەند لایەنێكی دەرەكی ئەنجام درا، بووە هۆی سەرەتایەك بۆ ئەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و سوپا هێرش بكەنە سەر شوێن و شاری دیكەی كوردستان و دانیشتوانیان ئاوارە بكەن بەتایبەتی و، گوشار بخەنە سەر هەرێم لە هەموو روویەكەوە بەگشتی.

ئەو پیلان و هێرشانە، لەوە ناچێت لەرەنگدانەوەی ریفراندۆمی خەڵكی كوردستان بووبن، بەڵكو بە بەرنامەیەكی پێشوەختەی ئامادەكراو دەچێت كە لەگەڵ كۆتاییهاتنی ئازادكردنی حەویجە دەستی پێكرد.

دووەم: هەوڵ و گوتارەكانی بەشێكی زۆر لە دەسەڵاتبەدەستانی بەغدا دوورە لە پابەندبوون بەدەستوری عێراق كە ئیدعای جێبەجێكردنی دەكەن, هەروەكو چۆن لە رابردوو چەندین مادەی دەستوریی پێشێل كرابوون، ئەمجارەش چەندین مادەی دیكەیان پێشێلكردووە.

پێشتریش رامانگەیاندووە جێبەجێنەكردنی دەستوور و تەفسیركردنی مادەكانی بەگوێرەی بەرژەوەندیی تایبەتی و بەكارهێنانی ئینتیقائیانەی مادەكانی دیكە و، بەكارهێنانی هێز لەبەرانبەر ململانێ و رای جیاواز و پشتگوێخستنی دیالۆگ و لێكتێگەیشتن بۆ چارەسەریی كێشەكان عێراق تووشی كێشەو گرفتی گەورە دەكات. ئەم عەقلیەت و بیركردنەوانە لە رابردوو زۆر زیانی بەهەموو خەڵكی عێراق بەكوردو عەرەب و توركمان و نەتەوەكانی دیكە گەیاندووەو بووەتە هۆی دواكەوتن لەرووی ئابووری و كۆمەڵایەتی و سیاسی و، لە ئاكامیشدا عێراق بەردەوام لە شەڕ و ناكۆكی ناوخۆیی و دەرەكیدا سەرقاڵ بووە.

ئەم شێوازە بیركردنەوانە یارمەتیدەر نابێت لە زەمینەسازیی بۆ دروستكردنی كەشوهەوایەكی لەبار بۆ یەكترقبووڵكردن و پێكەوەژیانی سەردەمیانەی نەتەوە و ئاین و مەزهەبەكان و، بەمەش زیانمەندی یەكەم، هەموو خەڵكی عێراقە و، سوودمەندەكانیش ئەوانە دەبن كە نایانەوێ لە عێراقدا سەقامگیریی هەبێت. كۆبوونەوە، جێبەجێكردنی دەستوور و حوكمڕانیی بە تەوافوق و هاوسەنگ دووپات دەكاتەوەو بە چارەی كێشەكانی دەبینێ.

سێیەم: سەبارەت بە بارودۆخی كوردستان و پەیوەندیی نیوان لایەنە سیاسییەكان، كۆبوونەوە هەڵسەنگاندنێكی واقعبینانەی بۆ بارودۆخی ئەم قۆناغەی كوردستان كرد و بەهەستیاری لە قەڵەم دا, بەپێویستیشی زانی تەواوی لایەنە سیاسی و نەتەوەییەكانی كوردستان لە ئاستی ئەم قۆناغە هەستیارەدابن و، كێشەو گرفتەكان بەلاوە بنێن و پێكەوە بەهەست بە مەسئوولیەتی نەتەوایەتی و نیشتمانی هەوڵی چارەكردنی گرفتەكان بدەین و، بە هەموولایەك نەهێڵین گرفت و كێشەكانی سەرشانی خەڵكی كوردستان بەهەموو پێكهاتەكانەوە قورستربێت و، دەرچەی دەربازبوون و سووككردنی گرفتەكان بەرفراوان بكەین و قۆناغەكەش دەرباز بكەین، هەروەها بەتەبایی و یەكهەڵوێستیی  پاڵپشتی حكوومەتی هەرێم بكەین وەكو لایەنی شەرعی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ حكوومەتی عێراقی فیدراڵ، هاوكات پشتیوانی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان بین بۆ چارەی كێشە ئابووری و سیاسییەكانی ناوخۆی كوردستان.

چوارەم: كۆبوونەوە پاڵپشتیی خۆی بۆ هێزی پێشمەرگەو دەزگا ئەمنیەكان دەربڕی لەبەرگری و دابینكردنی سەقامگیری. هەروەكو كۆبوونەوە رای وایە كە چارەسەری كێشەكان لە رێگای لەشكركێشی و بەكارهێنانی چەك ناكرێت. پشتیوانی خۆیشی بۆ دیالۆگی سیاسیی هەمەلایەنە و جیددی نیشاندا. بۆ ئەم مەبەستە كۆبوونەوەی شاندەكانی حكوومەتی هەرێم و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ بەتەنیا رێگە چارە دەزانرێ. هەروەها كۆبوونەوە وێڕای سڵاو، سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو بەرگری و خۆراگرییەی پێشمەرگە كە لە دوای رووداوی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە كردویەتی دەربڕی.


پێنجەم: سەبارەت بەو خوشك و برایانەی كە لە ئاكامی هێرشەكانی حەشدی شەعبی و سوپا لە ماڵ و شوێنی خۆیان ئاوارەبوون, بەپێویست دەزانرێ هەموو تواناكان لە حكوومەتی هەرێم، بەهاوكاری جەماوەری دڵسۆزی كوردستان بخرێنە گەڕو بەشێك لە گرفت و پێداویستیەكانیان چارەسەر و دابین بكرێ و، بەهاوتەریبی ئەمانەش بەهەموو تواناوە هەوڵی جدی و هەمەلایەنە بدرێ بۆ هەرچی زووترە بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنی خۆیان.

لە كۆتاییدا, كۆبوونەوە سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ رەوەندی كوردستانی لە دەرەوەی وڵات دەربڕی بۆ هەڵوێست و چالاكییان لە پاڵپشتیكردنی گەل و خاكی كوردستان.

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٧/١١/٢٠١٧




دوایین هەواڵەکان

فراکسیۆنی پارتی لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا پەیامێکی بڵاو کردەوە

SATURDAY, 04 APRIL 2026 12:04:40

بەغدا-KDP.info- فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا ڕایگەیاند، ڕژێمی دیکتاتۆری لەناوچوو هەڵمەتێکی ڕێکخراوی ئەنجامدا کە کوشتن، بێسەروشوێنکردنی زۆرەملێ و ڕاگواستنی گرتەوە، ئەمەش لە پێناو سڕینەوەی ناسنامەی نەتەوەیی کوردانی فەیلی و بێبەشکردنیان لە مافە مرۆیی و مێژووییەکانیان.

 
عەلی فەیلی: سەرۆک بارزانی تاکە ئومێدی ئێمەیە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانمان

SATURDAY, 04 APRIL 2026 12:04:12

هەولێر-KDP.info- بەرپرسی نووسینگەی کاروباری کوردانی فەیلی لە بارەگای بارزانی ڕایگەیاند، سەرەڕای تێپەڕبوونی ٢٣ ساڵ بەسەر ڕووخانی ڕژێمی پێشوو، بەڵام حکوومەتی عێراق هێشتا وەک بێگانە مامەڵە لەگەڵ کوردانی فەیلی دەکات و دەشڵێت،  سەرۆک بارزانی بە پەیامە گرنگەکانی بە سێ زمانی جیاواز، جارێکی تر پشتگیریی خۆی بۆ کوردانی فەیلی دووپات کردەوە.

 
پەیامی سەرۆک بارزانی بۆ ساڵیادی جینۆسایدکردنی کوردانی فەیلی

SATURDAY, 04 APRIL 2026 10:04:28

هەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی لە یادی 46 ساڵەی جینۆسایدكردنی كوردانی فەیلیدا پەیامێكی بڵاو کردەوە و ڕایگەیاند، كوردی فەیلی لەژێر دەستەڵاتی شوومی ڕژێمی پێشووی عێراقدا ئازار و دەربەدەریی زۆریان بینیوە و هیچ مافێكیان پێ ڕەوا نەبینراوە. هەروەها دووپاتی کردەوە، ئەرکی سەرشانی دەوڵەتی عێراقە قەرەبووی ئازار و نەهامەتییەکانی خوشک و برایانی کوردی فەیلی بکات.

 
پەیامی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلی

SATURDAY, 04 APRIL 2026 10:04:10

هەولێر-KDP.info- مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا پەیامێکی بڵاو کردەوە و تێیدا داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات بەرپرسیاریەتیی یاسایی و دەستووریی خۆی لە ئەستۆ بگرێت بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووان.

 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە ساڵیادی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا پەیامێکی بڵاو کردەوە

SATURDAY, 04 APRIL 2026 09:04:33

هەولێر-KDP.info- نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە یادی ٤٦ ساڵەی جینۆسایدی کوردانی فەیلیدا، داوا لە حکوومەتی فیدراڵ دەکات قەرەبووی ماددی و مەعنەویی قوربانییان بکاتەوە و جەختیش لە خەبات و دڵسۆزیی ئەم پێکهاتە ڕەسەنە دەکاتەوە.

 


 
© 2023 Kurdistan Democratic Party, KDP

Contact