Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حوسێن: گۆڕانكارییەكان بەردەوام دەبن..لەناو حكوومەتیشدا دەكرێت

 

ھەولێر-KDP.info- ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێت، لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتیدا تەنیا باس لەوە نەكراوە گۆڕانكاری لەناو حیزبدا دەبێت، بەڵكوو گۆڕانكاری لەناو حكوومەتیشدا دەكرێت.

 (عەلی حوسێن)، بە ماڵپەری فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگەیاند: "لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان باس لەوە كراوە كە گۆڕانكارییەكانی ناو حیزب بەردەوام دەبن و تەنیا ئەوەندە نییە، ئینجا گۆڕانكاری لە كەسەكاندا دەكرێت و ھەندێكیش شوێنیان بۆ دیاری نەكراوە كە ئەوانیش شوێنیان بۆ دیاری دەكرێت و گۆرانكاری لە شێوازی كاركردنیش دەكرێت، بەڵام ھەمووی بەسەریەكەوە ناكرێت و بە قۆناغ دەبێت".

(حوسێن) گوتیشی: "گۆڕانكاری نەك تەنیا لەناو حیزب، بەڵكوو لەناو حكوومەتیشدا دەكرێت، بەڵام بۆ حكوومەت پێویستی بە تەوافووقی سیاسی و پەرلەمان ھەیە، بۆیە پێویستە بە گفتوگۆ بێت لەگەڵ لایەنەكانی دیكەدا".

ئەو ئەندامەی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستان ده‌شڵێ، لە ئێستادا پارتی چاوەڕێی ئەنجامی كۆبوونەوەكانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان دەكات، بۆیە دوای كۆبوونەوەكانی ئەوان، گەڕێكی دیكە دانوستانەكان لەگەڵ لایەنەكاندا دەست پێ دەكاتەوە.

 

بڵند ئیبراھیم