Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پڕۆفیسۆرێکی جیۆگرافیای سیاسی: لە نەخشەی نوێی رۆژهەڵاتی ناویندا، کورد دەوڵەتە.. کاتیەتی سەربەخۆیییەکە ڕابگەیێنین

هەولێر-KDP.info-  پڕۆفیسۆرێکی بواری جیۆگرافیای سیاسی دەڵێ، پڕۆژەیەک ھەیە پێی دەڵێن پڕۆژەی (ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ)؛ ئەم پڕۆژەیە پێشتر پێداچوونەوەی پێدا کراوە، بەڵام ئێستا جێبەجێ دەکرێتەوە. ئەم نەخشەیە وێنەی ھەیە، تێیدا چەند وڵاتێک دابەش کراون، بەڵام چەند وڵاتێکی تر ناوی ھەیە لەسەر نەخشەکە، یەکێ لەمانە بە ناوی (دەوڵەتی کوردستانی ئازاد) و (دەوڵەتی بەلووچستانی ئازاد)، ئەمانە یەکێکن لەو نموونانەی لەو نەخشە نوێیەدا ھەیە، ئێستایش خەریکە جێبەجێ بکرێت.

نەمانی نەخشەی سایکس‌پیکۆ ئاماژەیەکی ڕوونە، ئەم نەخشانەی پێش سەدەیەک کێشران و، سنووری دەستکردی بۆ ھەرێمی کێشا، ئێستا وا لەبەریەک ھەڵوەشاوەتەوە و، وڵاتانی دنیا وا پەیتاپەیتا لە بەردەم (سەرۆک بارزانی)ـدا باس لەو ھەڵە مێژووییە دەکەن و، دەیانەوێ ئەو ڕاستییە بۆ (سەرۆک بارزانی) ڕوون بکەنەوە کە، ئەم سنوورانە ئیدی ھەڵوەشاونەتەوە؛ ئەمە گەورەترین دەستکەوتی ئێستا بۆ گەلی کورد پیشان دەدات کە (سەرۆک بارزانی) توانیویەتی ئەم سنوورانە لە ئێستاوە بۆ دواڕۆژی ھەرێمی کوردستان دیاری بکات و، لە ئێستاوە پێش ڕیفراندۆم کورد سنوورەکانی خۆی دیاری کردووە، سەرۆک بارزانی لە ئێستاوە باوەڕی بە وڵاتان ھێناوە کە ئیدی ئەو سنوورە دەستکردانە لەگەڵ جیهانبینی نوێ بۆ ڕۆژھەڵاتی ناوین ناگونجێن. بۆیە لە مەودایەکی دووردا ئەو کارە مەزنەی سەرۆک گەورەترین دەستکەوتە بۆ کێشانی سنووری دەوڵەتی کوردستان.

جا لەژێر ڕۆشنایی ئەم بۆچوونەدا مامۆستای زانکۆ پڕۆفیسۆر لە بواری جیوگرافیای سیاسی (د. خەلیل ئیسماعیل) بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان دوا و گوتی: "گومانی تێدا نییە سەد ساڵ تێپەڕی لەسەر ڕێککەوتنی سایکس‌پیکۆ و نەخشەی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست کە گۆڕانکاریی تێدا کرابوو، بە شێوەیەک بەبێ ئاگاداری میللەتان بەبێ ئەوەی ڕای خەڵکی ئەو ناوچانە وەربگیرێت، لەبەر ئەوە سەیر دەکەین دوای ڕێککەوتنی سایکس‌پیکۆ چەندەھا میللەت دابەش کران بەسەر دەوڵەتانێکی تردا؛ یەکێک لەوانەیش ئەم میللەتی کوردەی خۆمان. ھەموومان دەزانین بەشێکیان کەوتوونەتە تورکیا و، بەشێکیشیان کەوتوونەتە سووریا و عێراق و ئێران. ئەوە دوای لێکتیگەیشتنی سیاسی دوای سەد ساڵەوە، ئێستا ئەمەریکا کە پێشڕەویی جیهان دەکات دەیەوێت بەرژەوەندیی خۆی ببەستێت بەو ناوچەیە، دەوێت ئەو نەخشەیە گۆڕانکاریی تێدا بکرێتەوە، بە شێوەیەکی بەرژەوەندیی خۆی و ئامانجی خۆی لەوێ بچەسپێنێت، بە دڵنیایی ئەو گۆڕانە ھەندێک لە دەوڵەتان لە قازانجی خۆیانە و لەوانەیە ھەندێک دەوڵەتان قازانج نەبێت بۆیان ئەو نەخشەیە بگۆڕێ."

دەیشڵێ: " ئێستا پڕۆژەیەک ھەیە پێی دەڵێن پڕۆژەی (ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاستی نوێ) ئەم پڕۆژەیە پێشتر پێداچوونەوەی پێدا کراوە، بەڵام ئێستا جێبەجێ دەکرێتەوە؛ ئەم نەخشەیە وێنەیەی ھەیە، لە نەخشەکەدا چەن وڵاتێک دابەش کراون؛ چەند دەوڵەتێکی نوێیش لەدایک بوونە؛ لەوانە (دەوڵەتی کوردستانی ئازاد) و (دەوڵەتی بەلووچستانی ئازاد)."

(ئیسماعیل) دەربارەی ھەوڵەکانی سەرۆک بارزانی بۆ دەوڵەتی کوردستانی سەربەخۆ و ئازاد گوتی: "سەرۆک (مەسعوود بارزانی) کە ئەمڕۆ زۆر باسی ئەو بابەتی سەربەخۆییە دەکات و، زۆر بە دوای دەچێت گومانی تێدا نییە بە ھەوەس باسی ناکات، بە دڵنیاییەوە و گومانی نییە کە شتێک ھەیە بە ناوی دەوڵەتی کوردستانی ئازاد، ئێستا دەبینین دەوڵەتانیش بۆ ئەم بابەتە ئامادەنە و پێی ڕازینە؛ لەم دوو سێ ساڵەی کۆتاییدا کوردستان توانیی ھەبوونی خۆی بسەلمێنێ، بەرانبەر (داعش) ڕاوەستێت، تەنانەت لە دەوڵەتانی تریش زیاتر. لەبەر ئەوە پێم وایە ڕۆژ ڕۆژی کوردە. جا ئەم نەخشەیە وردەوردە جێبەجێ دەکرێتەوە، مەرج نییە ئەم نەخشەیەی کە باسی دەکەین بە یەک ساڵ یان دووساڵ جێبەجێ بکرێت، بەڵام ئێستا بەکردار لە جێبەجێکردندایە؛ دەزانین ئەوە عێراق بووە بە سێ بەشەوە، سووریاش هەروا؛ جا کاتیەتی ڕاپرسییەکە بکەین و سەربەخۆیییەکە ڕابگەیێنین."

فایزە پاڵانی