Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

پارتی گۆڕانکاری لە لقەکانیدا دەست پێ کرد.. سەعید سەلیم ئاغا وەک بەرپرسی لقی چوار دەستبەكار بوو

بەرپرسی نوێی لقی چواری پارتیی دیموكراتی كوردستان(سەعید سەلیم ئاغا)

سلێمانی-KDP.info-  پارتیی دیموکراتی کوردستان، هێدی هێدی گۆڕنکارییەکانی نێو حیزبەکەی کە بریاری لێیان داوە، جێبەجێ دەکات و لەو چوارچێوەیەیشدا، (سەعید سەلیم ئاغا) کە پێشتر بەرپرسی لقی 12ی هەڵەبجە بوو، ئێستا کرا بە بەرپرسی لقی چواری پارتیی دیموکراتی کوردستان لە سلێمانی.

پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە لە هۆڵی كۆبوونەوەكانی لقی چواری پارتیی دیموكراتی كوردستان لە سلێمانی، لە مەراسیمێكدا بە ئامادەبوونی ژمارەیەك لە كارگێڕانی لق و بەرپرسانی سنووری لقی چوار، (سەعید سەلیم ئاغا) وەك بەرپرسی نوێی لقی ناوبراو دەستبەكار بوو.
بەر لە دەستبەکاربوونی ئەو بەرپرسە نوێیە بۆ لقی چوار، (فاڵ بەشارەتی) لە جێگەی بەرپرسی پێشووی لقی هەڵەبجە دەستبەکار بوو.
دەستبەكاربوونی بەرپرسی نوێی لقی چوار، بە بڕیارێكی سەركردایەتیی پارتیی دیموكراتی كوردستان بوو بە مەبەستی گۆڕانكاری لە پۆستی بەرپرسی لقی 4 و لە شوێنی (هەڵۆ ئەحمەد كوردە)ـیش، (سەعید سەلیم ئاغا) درێژە بە كارەكانی حیزب لە سنووری شاری سلێمانی دەدات.

لە مەراسیمی دەستبەكاربوونەكەیدا، (سەعید سەلیم ئاغا) گوتی، "ئومێدمان ئەوەیە لەگەڵ هەڤاڵانمان لە سنووری لقی 4، كارێك بكەین كە شاییستەی مێژوو و شانازی و خەڵكی پارتی بێت لە شاری سلێمانی و بەهیواین لە قۆناخی داهاتوودا سەركەوتنی زیاتر تۆمار بكەین". 

جێی ئاماژەیە، بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارتیی دیموكراتی كوردستان (جەعفەر ئێمینکی) لە گفتوگۆیەکی چەند ڕۆژ لەمەوبەری KDP.info –دا، ئەو گۆڕانکاریانەی کە وەها بڕیارە حیزبەکەی ئەنجامیان بدات، خستە بەر باس. گۆڕانكارییش لە پۆستی بەرپرسی چەند لقێکیدا دەکەوێتە چوارچێوەی ئەو گۆڕانکاریانەوە.

ئارمان مەلازادە