Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

هەولێر، یادی چوار ئەفسەرە شەهیدەکەی کۆماری کوردستانی بەرز ڕاگرت

لقی دووی پارتی بۆ بەرزڕاگرتن و رێزلێنان لە خەباتی هەر چوار ئەفسەرە شەهیدەکەی کۆماری کوردستان، عێززەت عەبدولعەزیز، مستەفا خۆشناو، خەیروڵلا عبدولکەریم، محەممەد مەحموود قودسی، کە لە ساڵی 1947 بە دەستی رژێمی ئەوسای عێراق لەداردران، لە هەولێری پایتەخت رێورەسمێکی بۆ ساڵیادی لەداردانیان ڕێک خست.

وەک سۆز و وەفاداریی بۆ ئەو پۆلە شەهیدە، پارتی دیموکراتی کوردستان، رۆژی 19ی حوزیرانی هەموو ساڵێک ئەم یادە بەرز ڕادەگرێت.

لە مەراسیمەکەدا و پاش دانانی تاجەگوڵینە و سەرەخۆشیی بۆ خانەوادەی هەرچوار شەهید، لەبەردەم پەیکەری شەهید خەیروڵلا عەبدولکەریم، بەرپرسی لقی دوو لە وتەیەکدا باسی لە خەبات و تێکۆشانی پربەخششی ئەفسەرانی شەهید کرد لە نێو شۆڕشی بزاڤی رزگاریخوازی گەلی کورد و بەشدارییان لە کۆماری کوردستان بە سەرۆکایەتیی بارزانیی نەمر کە ئومێدێکی گەورەی بەخشییە هەموو کوردستانیان لە هەر چوار پارچەی کوردستاندا، هەروەها ئاماژەی بە هەڵوێست و هەنگاوەکانی هەرچوار ئەفسەرەکە کرد کە هەموو پلە و پایە و سەروەت و سامانێکیان ڕیت کردەوە کە ڕژێم پێی دەبەخشین و جێهێشتنی خێزانیان و، پەیوەندییان بە شۆڕش و بارزانیی نەمرەوە کرد بۆ تێکۆشان و ئازادی و پاراستنی خەڵکی کوردستان و ڕەتکردنەوەی زوڵم و ستەم لەسەر گەلی کوردستانیان بە ڕێگەی ڕاستی خەباتیان هەڵبژارد.

عەلی حوسێن لە باسی خەباتی ئەواندا هاوکات گوتی، "ئەوان توانییان شانبەشانی پێشمەرگە و بارزانیی نەمر بەشداری لە دامەزراندنی کۆماری کوردستاندا بکەن و رۆڵێکی گرینگ وەک ئەفسەر لە کۆماردا ببینن."

 بەرپرسی لق لەم یادەدا تەئکیدی کردەوە کە دەبێ هەموو لایەک رێز لە دەستکەوتەکان و یەکڕیزیی نێوماڵی کورد و هەموو ئەو پێشکەوتن و پێشوەچوونە سیاسی و کۆمەڵایەتیانەی ئەمرۆی هەرێمی کوردستان بگرین کە ئامانج و ئاواتی شەهیدانی 19ی حوزەیران و شەهیدانی سەربەرزی کوردستانە کە ئەمرۆ هاتووەتە دی.

ئەو پۆلە شەهیدە، دوای رووخانی کۆماری کوردستان، لەسەر بەڵێن و متمانەی حکوومەتی ئەوسای بەغدا گەڕانەوە عێراق و پاش دەستبەسەرکردنیان هەرچواریانی لەداردا.

 پاشان سەردانی مۆزەخانە و ئەرشیفی پەروەوەردەی هەولێر لە نێو قوتابخانەی ( ئەربیل الاولی ) کرد کە ژورێکیان تایبەت بە شەهید خیروللا عەبدولکریم کردۆتەوەو تێدا ئەرشیفی شەهید خیروللا و جەندین شەهیدی تر کە لەپێناو رزگاری گەلی کوردستان گیانی خۆیان بەخشی.

لەم ڕێوڕەسمەدا بەرپرسی لقی دوو، عەلی حوسێن و سەرۆک و ئەندامانی پەرلەمان لە فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمان و کارگێرانی لق و نوێنەری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوان و جێگری پارێزگاری هەولێر و بەرپرسی ناوچەکان و کەسایەتی و جەماوەری هەولێر و خانەوادەی شەهید خەیرولڵا عبدولکەریم، ئامادە بوون.