Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لیژنەی فەتوا داوای راگرتنی بڵاوكردنەوەی كتێبی( قورئان بە زمانی كوردی) دەكات

هەولێر- تایبەت بە KDP.info / ماوەیەكە كتێبێك بڵاوكراوەتەوە، بە ناوی (قورئان بە زمانی كوردی) ئەم كتێبە راڤەی ئایەتەكانی قورئانی پیرۆزە‌و، وەكو قورئانی پیرۆز پیشان دراوە، چونكە بە (قورئان) ناوی نراوە‌و، دەقە عەرەبیەكەشی لەگەڵدا نییە، ئەمەش بەلای لێژنەی باڵای فەتوای كوردستانەوە جێگەی تێبینی بووە، بۆیە روونكردنەوەیەكیان بڵاوكردۆتەوە، تێیدا داوای راگرتنی بڵاوكردنەوەی ئەم كتێبە دەكەن، تا ئەو كاتەی دەقە عەرەبیەكەی لەگەڵ بڵاودەكرێتەوە‌و ناویشی دەگۆڕدرێت.

ئەمەی خوارەوە دەقی روونكردنەوەكەیە:

 

روونكردنەوەیەك سەبارەت بە كتێبی (قورئان بە زمانی كوردی)

بە ناوی خوای گەورەی میهرەبان

ماوەیەكە كتێبێك كەوتۆتە ناو هاووڵاتیانەوە بە ناوی (قورئان بە زمانی كوردی) لە نووسینی (د. محەمەد ئیبراهیمی –شەپۆڵ)، كە وەك دیارە وەرگێڕانی قورئانی پیرۆزە‌و، پێشتریش وەكو وەرگێڕانی قورئان بڵاوكرابووەوە، واتە پێشتر ئەم نووسینەیان وەكو وەرگێڕان‌و راڤە لەگەڵ قورئان نووسیبوویەوە، بەڵام ئەمجارەیان دەقی قورئانیان لەگەڵ نەنووسیوە، ناویشیان لێی ناوە (قورئان بە زمانی كوردی)، بۆیە ویستمان هاووڵاتیانمان بەم خاڵانەی خوارەوە لەم نووسینە ئاگادار بكەینەوە.

یەكەم: مامۆستا شەپۆڵ زانایەكی گەورە‌و بە توانایە، چ لە رووی زانست‌و زانیاری‌و چ لە رووی عەرەبی زانیدا، كەسێكی ناسراوە لە رۆژهەڵاتی كوردستان.

دووەم: ئەوەی مامۆستا شەپۆڵ ئەنجامی داوە راڤەی قورئانە نەك قورئان، بۆیە ناونانی بە (قورئان بە زمانی كوردی) هەڵەیە، چونكە زانایان لە پێناسەی قورئان دەفەرموون: بریتییە: لەو رستە‌و وشانەی بۆ سەر پێغەمبەر موحەمەد درودی خوای لەسەر بێت دابەزیوە، موعجیزەیە‌و كەس ناتوانێت هاووێنەی كورتترین سورەتی بهێنێت‌و، خوێندنەوەی بە خواپەرستی دادەندرێت) ئەم پێناسەیە بە هیچ شێوەك لەم نووسینە نایێتە جێ، چونكە ئەم دەقە كوردییە بۆ سەر پێغەمبەر درودی خوای لەسەر بێت دانەبەزیوە. هەروەها خوێندنەوەشی وەكو راڤەی قورئان خێری تێدایە، بەڵام قەت وەكو خواپەرستی خوێندنەوەی دەقی قورئانی داناندرێت. هەروەها ئیعجازیشی تێدا نییە، چونكە هەموو خاسیەت‌و تایبەتمەندییەكانی قورئانی لە دەستداوە جگە لە كورتە ماناكەی.

سێیەم: جەماوەری زانایان كۆدەنگن لەسەر ئەوەی تەرجەمەی قورئانی پیرۆز دروست نییە، بەتایبەتی كە دەقی قورئانەكەی لەگەڵدا نەبێت، بەڵكو ئەوەی رێگەی پێدراوە تەفسیر‌و شیكردنەوە‌و راڤەیە.

چوارەم: ئەوەندەی تەماشامان كردووە، ماناكەی دروستە‌و، لەوەدا هەرچەندە ماناكەی كورتە‌و پێویستی بە درێژەپێدانی زیاتر هەیە، بەڵام وەكو تەفسیرێكی كورت مانای داوە.

پێنجەم: هەوڵبدرێت ئەم كتێبە بڵاونەكرێتەوە تا دەقی قورئانەكەی لەگەڵ دانەندرێت.

شەشەم: ناوی كتێبەكە بگۆڕدرێت لە (قورئان بە زمانی كوردی) چونكە بەم ناونیشانە، خەڵكانێكی زۆر وەكو قورئان تەماشای دەكەن، لە كاتێكدا قورئان نییە.