Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

لەیلا قاسم لە ماڵێكی هەژارەوە گەیشتە لوتكەی تێكۆشان

ئەمڕۆ 39 ساڵ بەسەر شەهیدبوونی كچە تێكۆشەری كورد لەیلا قاسم و پێنج كەسی دیكە لە هاوڕێیەكانی تێپەڕ دەبێت كە لە رۆژێكی وەك ئەمڕۆدا لە ساڵی 1974 بە دەستی ڕژێمی بەعس لە سێدارە دران.

لەیلا قاسم ساڵی 1952 لە گوندی بانمیلیی سەر بە شاری خانەقین لە خێزانێكی هەژار و نیشتمانپەروەری كورد لەدایك بووە و بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1958 لە شاری خانەقین چووەتە بەر خوێندن‌ و قۆناغەكانی سەرەتایی‌ و دواناوەندیی لەو شارەدا تەواو كردووە و ساڵی1971 لە بەشی كۆمەڵناسی لە كۆلێژی ئادابی زانكۆی بەغدا وەرگیراوە.

باوكی، قاسم حەسەن لە خانەقین كرێكاری كۆمپانیای پاڵاوتگەی نەوتی ئەڵوەن بووە و پاش ئەوەی كە خانەنشین دەكرێـت، لە ساڵی 1971 ماڵی خۆی لە خانەقینەوە بۆ بەغدا دەگوازێتەوە. لەیلا خاوەنی چوار خوشك‌ و برا بوو كە ناویان (سەبیحە، سەلام، سەفا، سەڵاح) بوو و سەرباری خوێندن هەریەكەیان بۆ بژێویی ژیانی خێزانەكەیان كاریان كردووە.

لەیلا هەر لە تەمەنی منداڵییەوە هەژاری ‌و نەداری چەشتبوو. لە هەمان كاتدا زوڵم ‌و زۆریی ڕژێمی بەعس، بیری ئازادیخوازانە و تێكۆشانی لەلای ئەو شێرەكچە دروست كردبوو و هەر زوو ئاشنایەتی لەگەڵ‌ بزووتنەوە و ڕێكخستنەكانی نەتەوەكەیدا پەیدا كرد.

پێوەندیكردنی بە ڕێخستنەكانەوە
ساڵی 1970 لە ڕێگەی سەلام قاسمی براگەورەكەیەوە پێوەندیی بە بزاڤی سیاسیی نەتەوەكەیەوە كردووە و لە نێو ڕیزەكانی (یەكێتیی قوتابیانی كوردستان) خەبات ‌و تێكۆشانی دەست پێكردووە

لەیلا قاسم لەنێو قوتابییە كوردەكانی زانكۆی بەغدا ڕۆڵێكی كاریگەری لە هۆشیاركردنەوە و ڕێكخستنیاندا هەبووە. لە كاتێكدا كە دەگوترا ژن ناتوانێت شانبەشانی پیاوان لە شار و لە شاخ ‌و لە گوندەكاندا خەبات بكات، لەیلا بە پێچەوانەوە شانبەشانی قوتابییە كوڕەكانی كورد، خەباتێكی بەرفراوانتری بەڕێوە دەبرد و دژی نایەكسانیی مافەكانی ژنان‌ و پیاوان بوو.

لەیلا قاسم لەگەڵ‌ یەكێك لە هاوڕێیەكانی خۆی بەناوی جەواد هەمەوەندی كە بەیەكەوە خەبات ‌و چالاكییان دەكرد، زۆر یەكترییان خۆش دەویست. ئەگەرچی لەیلا خوێندكاری زانكۆ و جەوادیش كرێكاری یەكێك لە كارگەكانی بەغدا بوو، بەڵام خۆشەویستییەكی بێسنووریان لەنێواندا هەبوو. لەیلا هەر بەڕێگەی جەوادیشەوە بۆ ماوەیەك لە ناوچەكانی باشووری كوردستان چووە نێو ڕیزەكانی پێشمەرگەوە. ئامانجی لەیلا قاسم لەمەدا زیاتر ناسینی ڕەوشی سیاسیی كورد و بە شێوەیەكی باشتر بەڕێوەبردنی خەباتی ڕێكخستن لەنێو شارەكاندا بوو.

لەیلا قاسم‌ و جەواد هەمەوەندی هەردووكیان هاوبیر و كۆك بوون لە پرسەكاندا لەپێناو سەركەوتنی دۆزی ڕەوای گەلەكەیاندا، لەیلا و جەواد، ئەوینی خۆیان تێكەڵ بە ئەوینی كوردستانی نیشتمانەكەیان كردبوو. لەیلا بە خەبات ‌و تێكۆشانی خۆی سەلماندی كە ژنانیش شانبەشانی پیاوان دەتوانن خەبات‌ و تێكۆشان بۆ ئازادیی گەلەكەیان بەڕێوە ببەن.

ئەنجامدانی لێكۆڵینەوەی زانستی
لە سەرەتای ساڵەكانی 1970ـدا كە گەلی كورد لە باشووری كوردستان بە قۆناغێكی هەستیاردا تێپەڕ دەبوو، لەیلا قاسم ‌و جەواد و هاوڕێكانیان سەرباری نكۆڵیكردنی ڕژێمی داگیركەری بەعس لە هەبوونی گەلی كورد، سوور بوون لە خەبات ‌و تێكۆشان بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی گەلەكەیان. لەیلا و جەواد لە سەرەتای ساڵی 1974 بەیەكەوە لێكۆڵینەوەیەكی زانستییان لەسەر كۆمەڵگەی كوردی ئەنجام دابوو. ئەوان لە دەرفەتێك دەگەڕان كە بڵاوی بكەنەوە، بەڵام بە هۆی تێكچوونی گفتوگۆكانی نێوان سەركردایەتیی كورد و ڕژێمی عێراق ‌و دەستپێكردنەوەی شەڕ و پاشانیش بە هۆی گیرانی لەیلا قاسم‌ و جەواد و هاوڕێكانی تریان، دەستنووسی لێكۆڵینەوەكەشیان لەلایەن سیخوڕەكانی حكوومەتی عێراقەوە لەناو برا.

لە ئاداری 1974ـدا دوای دەستپێكردنەوەی شەڕ و هێرشكردنەوەی ڕژێمی عێراق بۆ سەر ناوچەكانی كوردستان، ڕژێمی داگیركەری‌ لەناوچووی‌ بەعس، دەستی كرد بە كۆچبەركردنی هەزاران كورد و بۆردوومانكردنی هەردوو شاری قەڵادزێ ‌‌و هەڵەبجە و ڕاوەدوونان ‌و گرتنی ڕۆشنبیران‌ و قوتابیان‌ و ئازادیخوازانی گەلی‌ كورد لە باشوری‌ كوردستان.

هەر لەو كاتەدا هەزاران كەسیش لە تاكەكانی كۆمەڵ‌ بۆ بەرگریكردن لە مافی نەتەوەكەیان ڕوویان لە شاخەكان كرد و چەكی پێشمەرگەیاتییان هەڵگرت. لەو كاتەدا لەیلا قاسم ‌و جەواد هەمەوەندی ‌و نەریمان فوئاد ‌و هەندێك لە هاوڕێیەكانی تریان پێیان وابوو خەباتكردن تەنیا لە شاخ بەس نییە، بەڵكوو خەبات ‌و تێكۆشان لە شارەكاندا و لەنێو جەرگەی دوژمندا، پێویستییەكی زۆر گرنگی ئەو قۆناغەیە؛ بۆیە ڕوویان نەكردە شاخەكان ‌و لە شاری‌ بەغدای پایتەختی عێراق بۆ درێژەدانی خەبات ‌و تێكۆشان مانەوە.

دەستگیركردنی لەیلا و هاوڕێكانی
لەگەڵ‌ بەرفراوانبوونی شەڕەكان لە ساڵی 1974ـدا، دەزگا هەواڵگرییەكانی ڕژێمی بەعس بەردەوام ‌و زۆر بە توندی چاودێریی یەكەبەیەكەی تاكەكانی كوردیان دەكرد. بۆیە ئەوەندەی نەبرد لە ڕۆژی 28/4/1974دا لەیلا قاسم ‌و چوار لە هاوڕێیەكانی بەناوی‌ (جەواد هەمەوەندی، نەریمان فوئاد مەستی، حەسەن حەمەڕەشید و ئازاد سلێمان میران) لە ئەنجامی هەڵمەتێكی بەرفراوانی هێزەكانی ئاسایش ‌و سەربازیی ڕژێم لە بەغدا دەستگیر كران. ڕۆژنامەی "سەورەی" زمانحاڵی ڕژێمی بەعس‌ و ڕادیۆ و تەلەفزیۆنی ناوخۆیی عێراقیش، لەیلا قاسم ‌و هاوڕێیەكانییان وەك تێكدەر و گێڕەشێوێن ‌و تیرۆریست ناودێر كرد، بەڵام لەگەڵ‌ هەموو ئازار و ئەشكەنجەیەكیشیان بچووكترین كردەوەشیان لەسەر ئاشكرا نەبوو.

لەیلا قاسم كچێكی چاونەترس‌ و زیرەك بوو؛ لە وەڵامی پرسیارەكانی بەڕێوەبەری دەزگای هەواڵگریی بەعسدا بێباكانە ڕایگەیاندبوو "بە كوشتنی من هەزاران كورد لە خەوی نەزانی وشیار دەبنەوە، زۆر خۆشحاڵ ‌‌و سەربەرزم كە گیانم فیدای ڕێی ڕزگاری كوردستان دەكەم." هەموو ئازار و ئەشكەنجەیەك نەیتوانی بڕیاری پەشیمانی بە لەیلا دەربڕێت.
‌جەلادەكانی بەعس بە شێوەیەكی زۆر دڕندانە و دڵڕەقانە، رۆژانە قورسترین ئەشكەنجە و ئـازاری جەستەیی ‌و دەروونـی لەیلا و هاوڕێیەكانیان دەدان ‌و خـرانە زیندانی تاكەكەسییەوە، بۆ ئەوەی بە زۆر دان بنێن بەو تاوانە هەڵبەستراوانە و كێی تریشیان لە ڕێكخستندا لەگەڵدایە و شتی تریان پێ‌ ئاشكرا بكەن، بـەڵام هەمـوویان زۆر ئازا و كۆڵنەدەر بوون‌ و نە ناوی كەسێكیان دا و نە هیچ قسە و نهێنییەكیشیان دركاند، ئەم خۆڕاگرتنەیان، جەلادە دڕندەكانی بەعسییەكانی تووشی شۆك كردبوو.

لەسێدارەدانی لەیلا و هاوڕێكانی
لەڕۆژی 3ـی‌ نیسانی‌ ساڵی‌ 1974 بۆ تاوانباركردنی كورد، تەلەفزیۆنی بەغـدا، بەناوی دانپێدانانی تۆڕێكی ئاژاوەچیی ناپاك، لەیـلا قاسـم ‌و هـاوڕێیەكانی پێشانـدان، بـەڵام كەسیان قسەیان نەكرد، تەنانەت منداڵێكی كـوردیش دەیزانی كە ئەمە ڕاست نییە و سیناریۆیەكی داڕێژراوە.

ڕژێمی بەعسی عێراق بە مەبەستی چاوترساندنی لاوان‌ و قوتابیان ‌و توێژی‌ ڕۆشنبیری كورد، ڕاستەوخۆ دوای دەستگیركردنیان دادگایەكی نادادپەروەرانەی دژ بە لەیلا قاسم‌ و هاوڕێیەكانی بەڕێوە برد و بڕیاری لەسێدارەدانی بۆ دەركردن. ڕژێمی عێراق لە زیندووبوونی ئەو پێنج لاوە كوردە زۆر دەترسا، بۆیە هێشتا دوو هەفتە بەسەر دەستگیركردنیاندا تێنەپەڕیبوو كە سەعات 7ـی سەرلەبەیانیی ڕۆژی 12/5/1974 لەیلا قاسم ‌و هەر چوار هاوڕێیەكەی لەسێدارە دران.

سەلام قاسمی، برای لەیلا قاسم، بە ماوەیەك دوای لەسێدارەدانی لەیلا هەر لە بەغدا لەلایەن بەعسییەكانەوە شەهید كرا. تاوانی سەلام قاسم تەنیا ئەوە بووە كە وێنەی لەیلای خوشكی ناردبوو بۆ قوتابیانی كورد و ئەندامانی یەكێتیی قوتابیانی كوردستان لە دەرەوەی وڵات. دایك‌ و باوكی لەیلا قاسمیش بە هۆی لەدەستدانی دوو ڕۆڵەیان، هەر زوو بە كۆست‌ و خەمێكی گەورەوە كۆچی دواییان كردووە.

بووكی كوردستان
پێش لەسێدارەدانیان، خوشكەكەی لەیلا و دایكی دوو جار چووبوون بۆ سەردانی، جاری یەكەم لەیلا قاسـم داوای ئەوەی لە خوشـكەكەی كردبوو كە بۆ سەردانی داهاتوویـان كە دەیزانی دواسەردانیان دەبێت، جلوبەرگە كوردییە تازەكانی بۆ بێنێت لەگەڵ‌ مەقەستێك. بۆ دواسەردانیان ئەوەی ویستی بۆیان برد‌، لەیلا بە مەقەستەكە كەمێك لە زۆڵفی بڕی‌ و دایە خوشكەكەی‌ و گوتی "ئەم قــژەم بۆ یادگـاری لای خۆت هەڵگرە."‌ خوشكەكەی پێی گوت "ئەی جلـە كـوردییەكـانت بـۆچییە؟!"

لەیلا بە زەردەخەنەوە وەڵامی دابوویەوە و گوتبووی‌ "خوشكم من دوای چەند ڕۆژێكی تر دەبمە بووكی كوردسـتان، خاكی كوردسـتان پێشوازیـم لێ دەكات، بۆیە دەمـەوێت بەوپـەڕی جوانییەوە خاكەكەم لەباوەشم بگرێت، خۆشەویستیم بۆ كوردستان بێسنوورە، من بووكی كوردستانم. كاتێكیش كە تەرمەكەم وەردەگرنەوە، نامەوێت بگرین ‌و شین‌ و واوەیلام بۆ بكەن، بەڵكوو پـڕ بە گەرووتان هەلهەلە لێدەن ‌و هاوار بكەن ‌و بڵێن شكۆداری ‌و نەمری بۆ بارزانی‌ و پارتی".

تۆمەتەكانی لەیلا و هاوڕێكانی
لەیلا قاسم زۆری دەخوێندەوە و دەشینووسی، لەساڵی ١٩٧٤ داوای ڕێپێدانی دەركردنی گۆڤــارێكی بە هەردوو زمانی عەرەبی ‌و كوردی كردووە، بەڵام ڕێگەیان پێ نـەدا. ئەو شانەیەی پارتی كە لەیلا تێیدا ئەندام بوو، لە حەوت لاو پێك هاتبوو، بەڵام سیخوڕانی بەعس ئاشكرایان كردن ‌و گرتیانن بە كۆمەڵێك تاوانی هەڵبەستراوی درۆی بێبنەما تاوانبار كران؛ وەكو دانانی بۆمب لە سینەما ئەتڵەس‌ و فڕۆكەخانەی بەغـدا. گوایە كۆمەڵێك تەقەمەنییان پێوە گیرابوو، بەڵام ئەم تاوانانە هەمووی درۆ بوون ‌و پیلانی هەڵبەستراو و نەخشەكێشراوی ئەمن‌ و ئیستخباراتی عێراقی بوون بۆ تاوانباركردنی گەلی كوردمان كە بە درێژایی مێژووی كورد و شۆڕشەكانی هیچ كارێكی تەقینەوەیـان ئەنجام نـەداوە و ئەو تاوانانە هەرگیز لە ئێمەی كورد ناوەشێنەوە.

هەواڵی لە سێدارەدانیان
هەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسم بە سەرتاپای كوردستاندا بڵاو بووەوە و هەندێك لە چاپەمەنییەكانی ئەو كاتەی جیهان هەواڵی لەسێدارەدانی لەیلا قاسمیان وەك لەسێدارەدانی یەكەم ژن لە مێژووی سیاسیی عێراقدا بڵاو كردەوە. بێگومان لەسێدارەدانی كچە كوردێك بە دەستی ڕژێمی داگیركەری عێراق كاریگەرییەكی گەورەی لەسەر لاوانی ئەو سەردەمەی كورد هەبوو كە ئەمەش بووە هۆی ئەوەی بە هەزاران لاوی كورد پەیوەست بن بە دۆزی ڕەوای گەلەكەیان‌ و ڕوو لە چیاكان بكەن.

لەیلایەك لەسێدارە درا، بەڵام هەزاران لەیلا لەدای كبوون. دوای لەیلا قاسم، لەسەرتاپای كوردستان هەزاران منداڵی كورد بە ناوی لەیلاوە ناونران. لەیلا قاسم بوو بە چیرۆك‌ و داستان‌ و هەڵبەستی شاعیرانی گەورەی كوردی وەك (جگەرخوێن، دكتۆر بەدرخان سندی، حەكیم نەدیم داودی، ڕەمزی عەقراوی، عەبدولئیلا سایغ، میدیا مەحموود، عەزیز یاوەر، نارین عومەر، دكتۆر مونــیرە ئومـێد، عەدنـان بەشـیر ڕەسـول، لـوما عەبدولـهادی، قەیس قــەرەداغی)‌ و چەندین شاعیر و نووسەری تر بە شـیعر و پەخـشان‌ و گوتار گوزارشتیان لەخۆشـەیستی‌ و دڵـسۆزیی خۆیان بۆ شەهـید لەیــلا قاســم كردووە و ئەمڕۆش ژمارەیەكی زۆر قوتابخانە لە هەرێمی‌ كوردستان بە ناوی لەیـلا قاسـمەوە ناو نراون.