هەولێر-KDP.info- بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر و گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە ڕایدەگەیەنن، دوای بڕیاری کردنەوەی ئاسمانی عێراق، فڕۆکەخانەکانی هەرێم لە ئامادەباشی تەواودان و لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا خشتەی گەشتەکان ڕێکدەخرێنەوە.
ئەحمەد هۆشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''دوای ئەوەی بڕیاردرا بە کردنەوەی ئاسمانی عێراق بۆ گەشتە ئاسمانییەکان، فڕۆکەخانەی هەولێر تەواو ئامادەیە بۆ پێشوازیکردن و بەڕێکردنی گەشتیاران. لە ئێستادا سەرقاڵی ئامادەکاری و ڕێکخستنی خشتەی گەشتەکانی هاتن و چوونین لەگەڵ وڵاتانی دیکە.
ئەحمەد هۆشیار ئاماژەی بەوەش کرد، کە بە زووترین کات و لەژێر چاودێریی دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر ئاسایی دەبنەوە.
لای خۆشیەوە، دیلان ڕەشاد، گوتەبێژی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ''لەسەر بڕیاری دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی عێراق، ئاسمانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرایەوە. لە ئێستادا لە هەردوو فڕۆکەخانەی هەرێم سەرقاڵی ڕێکخستنەوەی گەشتەکانی کۆمپانیاکانی هێڵی ئاسمانیین و لە ماوەی ٧٢ کاتژمێردا فڕۆکەخانەکانمان بە تەواوی بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران ئامادە دەبن.
بڵند ئیبراهیم