Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ناوەڕۆکی پەیوەندیی تەلەفۆنیی نێوان سەرۆک بارزانی و سەرۆکی سوریا ئەحمەد ئەلشەرع

ھەولێر-KDP.info- سەرۆک بارزانی و ئەحمەد شەرع لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا گفتوگۆیان لەبارەی دوایین پێشھاتە سیاسیەکانی سووریا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە کرد.

 بەپێی ڕاگەیەندراوی بارەگای بارزانی، ڕۆژی ھەینی ٩ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٦ ئەحمەد ئەلشەرع سەرۆکی سووریا لەڕێی تەلەفۆنەوە پەیوەندی بە سەرۆک بارزانییەوە کرد.

لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا دوایین پێشھاتە سیاسیەکانی سووریا و گۆڕانکارییەکانی ناوچەکە خرایە بەر باس و ھەردوولا جەختیان لە بایەخی سەقامگیری و ھەماھەنگیی ھاوبەش کردەوە. ھەروەھا سەرۆک شەرع ئەوەی دووپات کردەوە کە کورد پێکھاتەیەکی ڕەسەن و سەرەکیی گەلی سووریایە و جەختی لە پابەندبوونی تەواوی دەوڵەتی سووریا بۆ گەرەنتیکردنی ھەموو مافە نیشتیمانی و سیاسی و مەدەنیەکانی کورد لەگەڵ پێکھاتەکانی تری سووریا بە شێوەیەکی یەکسان و بێ جیاوازی کردەوە.

ھەر لەو پەیوەندییە تەلەفۆنیەدا سەرۆک بارزانی پێزانینی بۆ ئەو تێروانینەی سەرۆک شەرع ھەبوو و پشتیوانی خۆی بۆ ویست و ئاواتی سووریەکان بۆ بنیاتنانی دەوڵەتێک ڕاگەیاند کە ھەموو لایەن و پێکھاتەکان بگرێتەخۆ و تێیدا ھاوبەش بن. ھەروەھا جەختیشی لە پێویستی بەردەوامیی ڕاوێژ و ھەماھەنگی کردەوە ئەویش لەپێناو ڕەچاوکردنی بەرژەوەندیی ھەموو لایەک و پاراستنی ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی.