ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ سێشەممە، 2ـی کانوونی یەکەمی 2025، لە میانەی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، لیوو ژینگ یوو، جێگری کونسوڵی چین لە هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، وڵاتەکەی بایەخێکی زۆر بە کەرتی کشتوکاڵ و ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەدات و لەم پێناوەشدا هەوڵەکانیان چڕکردووەتەوە و گوتیشی، بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان داوەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دروستکردنی ئەم پارکەوە هەنگاو بنێین بەرەو وزەی سەوز و خاوێن.
جێگری کونسوڵی چین ئاماژەی بەوەشکرد، ئەوان لە بەیجین خاوەنی پڕۆژەی هاوشێوەن و دەستپێشخەرییان هەبووە بۆ پشتگیریکردن لە وزەی سەوز بە ئامانجی پەرەپێدان و پێشکەوتن. جەختیشی کردەوە، دەیانەوێت هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستان زیاتر پەرەپێبدەن بۆ ڕەخساندنی هەلی زیاتر و گەیاندنی سوود بە خەڵکی ناوچەکە.
سەبارەت بە کردنەوەی پارکەکەش، لیوو ژینگ یوو ڕوونیکردەوە، "ئێمە بە شێوەیەکی ئەرێنی وەڵامی حکوومەتی هەرێمی کوردستانمان داوەتەوە بۆ ئەوەی لە ڕێگەی دروستکردنی ئەم پارکەوە هەنگاو بنێین بەرەو وزەی سەوز و خاوێن".
هەروەها ئاشکرای کرد، کونسوڵخانەی گشتیی چین و ژووری بازرگانیی چین ڕۆڵیان هەبووە لە دروستکردنی ئەم پڕۆژەیەدا و گوتی، "ئەم پارکە هەرچەندە بچووکە، بەڵام پارکێکی جوانە و دەبێتە سەرەتایەک بۆ وەبەرهێنانی زیاتر لە وزەی پاک، وزەیەک کە دۆستی ژینگەیە و زیانی پێ ناگەیەنێت، ئەمەش ڕەنگدانەوەی پرەنسیپ و بەهاکانی ئێمەیە".