Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

له‌ KDPیه‌وه‌ بزانه‌ کارکردن لە بەنداوی دوین گه‌یشتۆته‌ چ قۆناغێك

ھەولێر-KDP.info- لە ١٦ـی ئەیلوولی ٢٠٢٤، لەلایەن ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی بەنداوی دوین کە پڕۆژەیەکی ستراتیژی و گرنگی سنووری پارێزگای ھەولێرە بە گوژمەی (٨٨ ملیار دینار) بەردی بناغەی دانراو ئێستاش کارکردن تێیدا بەردەوامە.

بەنداوی دوین، کە بە شێوازی کۆنکریتی RCC دروست دەکرێت، ٣٢٠ مەتر درێژی و ٧٥ مەتر بەرز دەبێت. توانای گلدانەوەی ١٠٠ ملیۆن مەتر سێ جا ئاوی ھەیە، ئەو بەنداوە جگە لە پەرەپێدانی سامانی ئاو و پاراستنی ئاوی ژێرزەوی و کشتوکاڵ، دیمەنێکی جوان بە ناوچەی گەشتیاریی دوین دەبەخشێت و جووڵەی گەشتیاریی لە ناوچەکەدا زیاد دەکات.

ھاوکات لەسەر ڕاسپاردە و فەرمانی ڕێزدار مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، ناوچەی شوێنەواریی دوین، کە ٤٠ کیلۆمەتر لە باکووری شاری ھەولێرەوە دوورە و دەکەوێتە سەر دەربەندی کۆڕێ و مێژووی قەڵاکەی دەچێتەوە سەدەی شانزەیەمی زایینی نۆژەن دەکرێتەوە.

جێگەی باسە، کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، گرنگی و بایەخێکی کەموێنە و زۆری بە پرۆژەکانی بەنداو و دروستکردنی پۆند داوە، جگە لە کارکردن لەو بەنداوە، لە ساڵی ڕابردووشدا ھەرچوار بەنداوی ( گۆمەسپان، چەمرگە، ئاقووبان، بەستۆڕە ) لە سنووری پارێزگای ھەولێر تەواوکران، کە سوودی زۆریان ھەیە بۆ بەگژداچوونەوەی وشکەساڵی و کەمئاوی و ئاودێری و کشتوکاڵ و گەشتیاری و زیادکردنی ئاوی ژێر زەوی.