ھۆڵەندا-KDP.info- سەرۆکی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری ھەرێمی کوردستان و ھۆڵەندا دەڵێت، ئەمڕۆ بە بەشداری زیاتر لە ٣٠٠ کۆمپانیای ھۆڵەندی و کۆمپانیاکانی ھەرێمی کوردستان کۆڕبەندی ئابووری ھەرێمی کوردستان و ھۆڵەندا دەست بەکارەکانی دەکات و ماوەی دوو ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
دکتۆر محەممەد شوکری، سەرۆکی شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووری ھەرێمی کوردستان و ھۆڵەندا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "کۆڕبەندی ئابووری ھەرێمی کوردستان و ھۆڵەندا ئەمڕۆ دەستی پێكرد و زیاتر فۆکس دەخاتە سەر کەرتی کشتوکاڵ و پیشەسازی و چەندین بواری دیکە، ئەمەش لە چوارچێوەی ئەو زنجیرە کۆڕبەندانەی لەگەڵ ئەو وڵاتانەی ئەنجاممان داوە، لەوانە لەگەڵ وڵاتانی فەرەنسا، ئیتاڵیا و ئەڵمانیا و ئێستاش بەفەرمیی لەگەڵ ھۆڵەندایە وەکو حکوومەت و کەرتی تایبەت، ئەمڕۆ تا ئێوارە کۆبوونەوە لەگەڵ کۆمپانیاکان دەکرێت و گومانی تێدانیە ئەنجامی باشی دەبێت.
سەرۆکی شاندی حکوومەت گوتیشی، "کۆمپانیاکانی بواری شیرەمەنی و ڕووەک و کشتوکاڵ لەگەڵ ئێمەن و زیاتر لە ٣٠٠ کۆمپانیای ئەوانیش خۆیان تۆمارکردووە بەشداری بکەن، هاوکات چەندین کۆبوونەوەمان لەگەڵ وەزارەتی کشتوکاڵ و وەزارەتی کاروباری بازرگانی دەرەوەی ھۆڵەندا دەبێت، بۆیە ھیوادارین لەو ڕێگەیە خزمەتی زیاتری ھەرێمی کوردستان بکەین و لە قازانجی زیاتری ھەرێمی کوردستان دابێت.
محەممەد شوکری دەشڵێت، "ئەو کۆڕبەندە ماوەی دوو ڕۆژ دەخایەنێت و ئەمڕۆ و سبەیە، بۆیە دەتوانین خزمەتی باشی ھەرێمی کوردستان بکەین لە بواری ئابووری بەگشتی، چونکە ئەم جۆرە کۆڕبەندانە وادەکات پەیوەندی ئابووری ھەرێمی کوردستان و ئەو وڵاتانە زیاتر پێشبخرێت.
بڵند ئیبراھیم