Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

‏ماڵپەڕی KDP زانیاری لەبارەی دەستپێكردنی قۆناغی یەکەمی پشتێنەی سەوزایی ھەولێر دەخاتەڕوو

ھەولێر-KDP.info- دوای ڕەزامەندی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان قۆناغی یەکەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی ھەولێر دەست پێدەکات و بەشێوەی بازنەیی چواردەوری ھەولێر ھەمووی دەکرێتە داری جۆراوجۆر بەپانی ٢کم و درێژایی ٧٧کم و لە ئایندەیەکی نزیکدا پڕۆژەکە لەپشت بەحرکە دەکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

کارزان ھادی، سەرۆکی شارەوانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی لە شاری ھەولێر کاری لەسەر کراوە و بەسوپاسەوە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بڕیاریدا کە بەشێکی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئێستا لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان کار دەکەین بۆ ئەوەی ئەو بەشەی بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە، چونکە ھەمووان دەزانین گۆڕانی کەشوھەوا نەک تەنھا ھەرێمی کوردستان تەواوی جیھانی گرتۆتەوە و کاریگەریشی لەسەر دروست کردووە، بۆیە ئەو بڕیارە دراوە و ئێستاش لە تەواوکردنی ڕێکاری یاسایی و ھونەریداین بۆ ئەوەی بتوانین لە ئایندەیەکی نزیکدا ئەو پڕۆژەیە بکەوێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

سەرۆکی شارەوانی گوتیشی، "ئەو پڕۆژەیە وەکو سامپڵ وەرمانگرتووە لەپشت بەحرکە دەستمان پێکردووە و تەواوکەری ئەو بەشەش کاری لەسەر دەکەین بۆ ئەوەی کێشەی بەناوی خاوەنداریەتی نەمێنێت و بکەوێتەسەر ناوی شارەوانی و دواتر دەست بەجێبەجێکردنی بکرێت، بۆیە کاری ڕووپێوکاری بۆ دەکەین و دوای تەواوبوونی ئەوکات زیاتر بەرچاومان ڕوون دەبێت، بۆیە ئەو پشتێنەیە ھەمووی دارچاندن دەبێت و بە پانی ٢کم لە دەوروبەری ھەولێر دەبێت و ماستەرپلانێکی تایبەت بە پشتێنەی سەوزایی ھەولێری بۆدەکرێت و چەندین پڕۆژەی جۆراوجۆر لەخۆدەگرێت و ھەمووشی ژینگەیین بەپێی ماستەرپلانەکە کارەکان ئەنجام دەدرێن.

کارزان ھادی باسی لەوەشکرد، "بۆ دابینکردنی ئاویش بۆ پڕۆژەکە پڕۆژەی فریاگوزاری ھەولێر سوودی زۆری دەبێت و ئەگەر لە ڕێگەی ئەو پڕۆژەی ئاوی ماڵان دابین بکرێت ئەوکات ئاوی بیرەکان بۆ ئەو پڕۆژە دابین بکرێت، بۆیە ئەو پڕۆژەیە ڕێکارەکانی تەواوبن دەست بە جێبەجێکردنی دەکرێت کە پڕۆژەکە دەکەوێتە دوای شەقامی ١٥٠ مەتری ھەولێر.

لای خۆشیەوە ڕێبین ئەحمەد، بەڕێوەبەری ئەندازەی پارک و باخچەکانی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "ئەو پشتێنە سەوزاییە سوودی زۆری بۆ ھەولێر دەبێت و دەبێتە ھۆی زیادبوونی شێ و سەوزایی لە ھەولێر و پێویستە بەپێی بەرنامەی دانراوە کارەکان بکرێت بەتایبەت لە دابینکردنی ئاو و بەپێی تایبەتمەندی شوێنەکانیش دار دەچێندرێت، واتا لە باکووری ھەولێر جۆرێکی دار بێت و لە باشووری ھەولێریش جۆرێکی داربێت بەپێی شوێنەکە و پلەکانی گەرما، ھاوکات زیاتریش سەرۆکایەتی شارەوانی ھەولێر بە ئەنجامدانی پڕۆژەکە ھەڵدەستن و پڕۆژەکەش لە دەرەوەی ١٥٠ مەتری ھەولێر ئەنجام دەدرێت و بازنەیی دەبێت و پانیەکەی ٢کم دەبێت و درێژیەکەشی ٧٧کم دەبێت و جگە لە چاندنی داریش پڕۆژەی گەشتیاری و پڕۆژەی نەمامگەشی تێدایە، بۆیە پڕۆژەکە زۆر گرنگە و سوودێکی یەکجار زۆری ژینگەیی بە ھەولێر دەگەیەنێت.

 

بڵند ئیبراھیم