ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی ھەولێر گوتی "لە چوارچێوەی ھەوڵەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بۆ گرنگیدان بە کەرتی پیشەسازی لە ھەرێمی کوردستان، ئێستا زیاتر لە ٢٠ بەرھەمی کارگەکانی ھەرێمی کوردستان ھەناردەی وڵاتانی دەرەوە دەکرێت، بەردەوامیش ھەوڵ دەدرێت بەرھەمی زیاتر ھەناردە بکرێت."
تەیب کەژۆ، بەڕێوەبەری گەشەپێدانی پیشەسازی ھەولێر، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە کابینەی نۆیەم، بەردەوام ھەوڵی داوە بەرھەمی ناوخۆی ھەرێمی کوردستان پێداویستی پڕبکاتەوە، دواتر بەرھەمی زیادە بۆ درەوەی وڵات ھەناردە بکرێت، ئێستا زیاتر لە ٢٠ بەرھەمی جۆراوجۆر ھەناردەی وڵاتانی ئەوروپا و ئەمەریکا و وڵاتانی کەندا، تورکیا، سوریا و سودان دەکرێن، ھەوڵەکانیش زۆر باشن و ئاسانکاری زۆر باشیش لە نێوان لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکرێت، لە وەزارەتی ناوخۆ و بازرگانی و تەندروستی، بەھەرمی خۆراکی، شیرەمەنی، بەرھەمی قیڕی شل، پاتری، خۆراک، دەرگا، پەنجەرە و بەرھەمی دیکە ھەر یەکێک بەبڕێکی جیاواز ھەناردە دەکرێن."
تەیب کەژۆ گوتیشی "ھەناردەکردن بەردەوام دەبێت و بڕەکانیش بەپێی خواستی وڵاتان زیاد دەکرێت، ئامانجیشمان ئەوەیە لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەرھەمی ناوخۆ زیاد بکرێت و پێداویستی ناوخۆ پربکرێتەوە، دواتریش بۆ دەرەوە ھەناردە بکرێت و کێبڕکێ لەگەڵ بەرھەمی ھاوردە بکات."
دەشڵێت "لە ھەرێمی کوردستان کارگەی زۆرمان ھەیە، زیاتر لە ٣ھەزار کارگەمان ھەیە، ھەر یەکێک لەو کارگانە بەپێی پێویستی کاری خۆیان دەکەن و بەرھەمیان ھەیە، ھەوڵەکان بەردەوام دەبن بۆ ئەوەی بەردەوام بەرھەمیان لە زیادبوون دابێت، ھەر بۆیە لەم کابینەیە بە ھاوکاری لایەنی پەیوەندیدار لە کەرتی پیشەسازی ھەنگاوی زۆر باش نراون."
بڵند ئیبراھیم