Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

دەستەی ژینگەی ھەرێم: پڕۆژەی رووناکی سوودێکی زۆر باش بەژینگە دەگەینێت

ھەولێر -KDP.info- بەڕێوەبەری کاروباری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان گوتی "پڕۆژەی رووناکی کارەبای ٢٤ کاتژمێری، سوودێکی زۆر باش بە ژینگەی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، چونکە ئەو هەزاران مووەلیدانەی لە ھەرێمی کوردستان ھەن چیتر کار ناکەن کە فاکتەرێکی سەرەکین بۆ پیسبوونی ژینگە، بۆیە پشتگیری لە پڕۆژەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین." 

ئازاد نوری عەوڵا، بەڕێوەبەری کاروباری ھونەری لە دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "پڕۆژەی رووناکی پێدانی کارەبای ٢٤ کاتژمێری زۆر گرنگە و سوودێکی زۆریشی بۆ ژینگە ھەیە، چونکە ئەو مووەلیدانەی ڕۆژانە بۆ پێدانی کارەبا کار دەکەن نامینێن، کە دوکەڵێکی پیسیان ھەیە بۆ ژینگە، ئەمەش دەبێتە ھەنگاوێکی زۆر گرنگ و باش بۆ ئەوەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان باشتر بێت، بۆیە ئێمە وەکو دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان پشتگیری لەو ھەنگاوەی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەکەین، لیژنەیەکیش لە ئەنجوومەنی وەزیران پێکھاتووە و دیراسەی ئەو کارەش دەکەن." 

ئازاد نوری عەوڵا گوتیشی "ئێمە وەکو دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان دیراسەی خۆمان دەکەین، بێ گومان ئەنجامەکەی زۆر باش دەبێت، چونکە ئێستا حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بە قۆناغ ئەو پڕۆژەیە جێبەجێ دەکات، ھەر جارە و لە چەند گەڕەکێک پڕۆژەکە جێبەجێ دەکرێت، لە ھەولێر نزیکەی ٤٠٠ مووەلیدە نەماون، بەپێی داتای پێشتر نزیکەی حەوت ھەزار مووەلیدە لە ھەرێمی کوردستان ھەبوون، ئەوە جگە لە مووەلیدەی کارگە و شوێنە بازرگانییەکان، نەمانی مووەلیدەش لە بەرژوەندی خەڵکی کوردستانە و سوودێکی زۆر باشی بۆ ژینگە ھەیە، پڕۆژەی رووناکی لە سلێمانی و دھۆکیش دەستی پێکردووە." 

دەشڵێت "یەکێک لە ھۆکارەکانی پیسبوونی ژینگە لە ھەرێمی کوردستان ئەو مۆلیدانەیە، نەمانیان سوودی زۆر باش بە ژینگەی ھەرێمی کوردستان دەگەیەنێت، ئێمەش لەڕووی ژینگەییەوە دیراسەیەکی ورد بۆ ئەو کارە دەکەین، چونکە ئێستا جگە لەو پڕۆژەیە خەڵک کارەبا لە وزەی خۆریش وەردەگرن، ئەوەش سوودێکی باشی ھەیە بۆ ژینگەی ھەرێمی کوردستان." 

 

بڵند ئیبراھیم