Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕۆژبەیانی بۆ KDP: پەیامی کۆنفرانسی پارتی بۆ ئافرەتان دەخاتەڕوو

ھەولێر-KDP.info- بڕیارە سبەی یەکشەممە لەژێر چاودێری سەرۆک بارزانی یەکەم کۆنفرانسی تایبەت بە ئافرەتان بەڕێوەبچێت و ئەندامێکی کۆمیتەی ناوەندی پارتیش دەڵێ، کۆنفرانسەکە پێنج تەوەر لەخۆ دەگرێت و ھەموو خاڵەکانیش دەکرێنە ڕاسپاردە بۆ جێبەجێکردن.

جوان یوونس ڕۆژبەیانی، ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی پارتی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: سبەی یەکشەممە یەکەم کۆنفرانسی پارتی بۆ ئافرەتان دەکرێت و پەیامی کۆنفرانسەکەش ئەوەیە، پێویستە ئەو گرفتانەی لەنێو ڕێکخستنەکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەناو ئۆرگانەکانی حکوومەت ھەستی پێکراوە بەرامبەر بە ئافرەت ھەمووی باسی لێوەبکرێت، ئامانج لەو کۆنفرانسە ئەوەیە پارتی ھەمیشە ڕۆڵی ئافرەتی بەرز نرخاندووە و یەکەم حزبیش بووە لەسەردەستی بارزانی نەمر ڕێکخراوێکی بۆ ئافرەتان دامەزراندووە، لەبەر ئەوە گرینگیدانی پارتی بە ئافرەتان لەمێژینەیە.

ئەندامەکەی کۆمیتەی ناوەندی پارتی گوتیشی: پێویستە بەگوێرەی ئەم سەردەمە ئەو کێشە و گرفتانەی لەنێو ئۆرگانەکان ھەستی پێدەکرێت لەناو ڕێکخستنەکانی پارتی دا دەستنیشان دەکرێن و بە ڕاسپاردە لە کۆنفرانس باسیان لێوە دەکرێت و دەبنە بنەمای کارپێکردنی ڕەوشی ئافرەت چ لەناو پارتی دیموکراتی کوردستان چ لەناو فەرمانگەکانی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتی ھەرێم و پەرلەمان.

ھاوکات جەختیش دەکاتەوە، کە پێویستە ھەندێ ڕاسپاردە لەڕووی یاسایی لە پەرلەمان کاری لەسەر بکرێت، ھەندێک ڕاسپاردەش ھەیە پێویستە لەناو ئۆرگانەکانی حزبدا کاری لەسەر بکرێت و ئەو ڕاسپاردانە بۆ لەمەودوا ھەمووی جێبەجێ دەکرێت.

ڕۆژبەیانی ئاماژەی بۆ ئەوەکرد: ڕاسپاردەکان ھەمووی بەسەرپەرشتی سەرۆک بارزانی دەبن، واتا سەرۆک زۆر موھتەمە بەوەی ئەو ئاریشانەی ڕووبەڕووی ئافرەتان دەبنەوە دەستی لەسەر دابنێرێت و ھەمووی جێبەجێ بکرێت، ھەموو کێشە و گرفتەکان لەچەند مانگی ڕابردوودا بەشێوەی ڕاپرسی و توێژینەوە و چاوپێکەوتن ئەنجامدراوە و لە ڕێگەی پێنج تەوەرەوە لەناو کۆنفرانس دەخرێنەڕوو لەوانەش، تەوەری حکوومەت و پەرلەمان، تەوەری ڕێکخستن، ھەڵبژاردن و سەرۆکایەتی ھەرێم و تەوەری یەکێتی ئافرەتانی کوردستان و سۆشیال میدیا، ھەر پێنج تەوەرەکە دەخرێنە بەردەم کۆنفرانس و دوای پەسەندکردنی دەخرێنە بەردەست بۆ جێبەجێکردن.

 

قائید میرۆ