Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

ڕێژەی وەرگرتنی گەنم لە جووتیاران بۆ ئەمساڵ دیاریکراوە

ھەولێر -KDP.info- بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گوتی "ئێمە گفتوگۆمان لەبارەی وەرگرتنی گەنمی جووتیاران لەگەڵ حکوومەتی عێراق کردووە، ئەوان ڕێژەکەیان دیاری کردووە، ئەمساڵ ٤٠٠ھەزار تەن گەنم لە جووتیاران وەردەگرن، ھەر چەندە ئێمە ھەوڵماندا زیاتر بێت، بەڵام ئەوان لەو ڕێژەیە زیاتر وەرناگرن.

کەریم سلێمان، بریکاری وەزارەتی کشتوکاڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند "ئێمە ئەمساڵ ھەر زوو دەستمان بە گفتوگۆ لەگەڵ عێراق کرد بۆ وەرگرتنی گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان، ئەوان پێداگیریان کرد ئەمساڵ ٤٠٠ھەزار تەن گەنمی جووتیارانی ھەرێمی کوردستان
وەربگرن، ئێمە داوای ڕێژەیەکی زیاترمان کرد، ڕێژەیەکی زیاتر لە جووتیاران وەربگرن، بەڵام ئەمساڵ بەھۆی کەم بارانی کاریگەری لەسەر بەرھەمی گەنم ھەبووە، ئەگەر بتوانین ئەو ڕێژەیە ڕادەستی سایلۆکان بکەین باشە، پار بەھۆی ھاتنی بارانی زۆر بەرھەممان زۆر باش بوو."
کەریم سلێمان گوتیشی "کەمبارانی زۆر کاریگەری لەسەر بەرھەمی گەنم هەبووە و پار ئێمە ٧٠٠ھەزار تەنمان ڕادەستی سایلۆکان کرد، ئەمساڵ ئەگەر وەکو پار باران بباریبوایە دەمانتوانی ڕێژەیەکی زیاتر گەنم ڕادەست بکەین، بەڵام ئەمساڵ کەمتر دەبێت، ھەر چەندە خەڵکێکی زۆر بیری ھەیە و گەنم ئاودەدات، بەڵام ئەمساڵ عێراق زەوی دێمیی نەخستووەتە پلانی خۆی بۆ وەرگرتنی گەنم، تەنیا ئەو زەویانەی بەرچاو گرتووە کە پشت بە ئاوی ڕووبار و بیرەکان دەبەستن بۆ ئاودانی گەنم، ئێمە ئەوەمان قبوڵ نەکرد، گوتمان لە زۆر شوێن لای ئێمە باران دەبارێت و گرفتی نییە، ئەوان سووربوون ٤٠٠ھەزار زیاتر وەرناگرن، ھەرچەندە ئەمە بە دڵی ئێمە نەبوو و لە کۆتاییدا لە ئەنجوومەنی ئابووری عێراق بڕیاری کۆتایی درا ٤٠٠ھەزار تەن وەربگرن."
کەریم سلێمان باسی لەوەش کرد "کەمبارانی کاریگەری لەسەر ناوچە جیاجیاکان ھەبووە٫ بۆ بارانیش ھەندێک کاتی دیاریکراو ھەیە بۆ ئەوەی سوودی لێ وەربگرین، بارانی ئێستا دەبارێت سوودی بۆ بەنداو و پۆندەکان ھەیە و ڕێژەی ئاو زیاد دەکات بەڵام سوود بە دانەوێڵەی داچێنراو ناگەیەنێت."

بڵند ئیبڕاھیم