Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حسێن: ئومێد هەیە تاوەکو نەورۆز کابینەی نوێ پێکبهێنرێت

سلێمانی -KDP.info- ئەندامێکی مەکتەبی سیاسی پارتی لە سلێمانی رایگەیاند، هەوڵ هەیە تاوەکو نەورۆز کابینەی نوێی حکوومەت پێک بێت و پاش کۆبوونەوەی مەسرور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، کاروباری لیژنەکانی پێکهێنانی کابینەی دەیەم خێراتر بوون.

عەلی حسێن ئەندامی مەکتەبی سیاسی و بەرپرسی (مەکتەبی رێکخستنی سلێمانی - هەڵەبجە - راپەرین)ی پارتی دیموکراتی کوردستان لە میانەی کۆبوونەوەیەکی فراواندا لەگەڵ بەرپرسانی لقی ٤ و سەرپەرەشتیار و بریکارانی پارتی لەسەر سندووقەکانی دەنگدان رایگەیاند:  پارتی كە دەڵێ  یەك حكومەت و یەك پەڕلەمان مەبەستمان ئەوەیە كە حكومەتی خەڵك بێت ئەو لایەنە سیاسییەی بەشداری حكومەت دەكات دەبێت بەجدی لەحكومەت بێت و بەرپرسیارێتی لە ئەستۆبگرێت، پەیامی پارتی پەیامی خزمەتگوزارییە بۆهاوڵاتیان بەبێ جاوازی  لە ڕێگای حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە، عەلی حسێن هەروەها گوتیشی: كە پێش هەڵبژاردن پیلانگێڕی گەورەی ناوخۆی و نێودەوڵەتی دژی پارتی هەبوو، بەڵام بە سیاسەتی حەكیمانەی سەرۆك بارزانی سەرجەم پیلانەكان ڕاگیران و دەنگدەرانی كوردستان بەدەنگدانیان بەپارتی دیموكراتی كوردستان وەڵامی پیلانەكانیان دایەوە.

ناوبراو هەروەها روونیکردەوە کە:هەنگاوەكان خێرا كراون بۆ پێکهێنانی حکوومەت و دوای كۆبوونەوەكانی كاك مەسرور و كاك باڤڵ، ئێستا كاری لیژنەكان باشتر بەڕێوە دەچن و ئومێد و هەوڵی جدی هەیە بۆئەوەی تاوەکو نزیکی نەورۆز كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان پێك بێت.

سەبارەت بە دۆخی عێراق و ناوچەکە عەلی حسێن روونیکردەوە کە: گۆڕانكارییەكانی ناوچە خێران و ئەوە دەخوازێت ناوماڵی كورد زیاتر یەكڕیز بێت، سەرۆك بارزانی و پارتی هەموو هەوڵێكیان بۆ یەكڕیزییە، هەناردەكردنەوەی نەوتی كوردستانیش كاریگەری ئەرێنی و بەهێزی دەبێت لەسەر گۆڕانكارییە سیاسی و ئابورییەكان، نەخشەی وزەی كوردستان  دەباتە سەر نەخشەی وزەی جیهان.

 

سەلاح جەلال