هەولێر -KDP.info - ئەندامێكی كۆمیتەی ناوەندی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند "بە هاوكاری UNDP لایەنە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان میساقی شەرەفیان واژۆ كرد کە هەموو لایەك پابەند دەكات بە كۆمەڵێك پرسی گرینگی ناوخۆیی و پرسی ئاسایشی نیشتمانی لە هەرێمی كوردستان."
د.چنار سەعد، ئەندامی كۆمیتەی ناوەندی و بەرپرسی بەشی دیراسات و پێگەیاندنی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ماڵپەری فەرمی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگەیاند "سەبارەت بە میساقی شەرەف، دەبێ بڵێم دەستەی نەزاهە دوو ساڵە ئامادەكاری بۆ دەكات كە نوێنەری هەموو حزبە سیاسییەكان واژۆیان لەسەر كرد.
ئەم میساقە ماوەی دوو ساڵە بە هاوكاری لەگەڵ ڕێكخراوی نێودەوڵەتی UNDP ئامادەكاری بۆ دەكرێت و كۆمەڵێك بنەمای مرۆیی، دیموكراسی، كاری حزبی و سیاسی، هەروەها هەندێك بنەما و بابەتی پەیوەست بە شەفافیەت و ڕێگریكردن لە دیاردەی گەندەڵی و ڕێزگرتن لە مافی پێكهاتەكان، بە تایبەتی مافی ئافرەت و یەكسانی نێوان هەردوو ڕەگەز لەخۆ دەگرێت."
د.چنار گوتیشی "ئەم میساقە، دوای ئەوەی حزبە سیاسییەكان لە چەندین دیدار و كۆبوونەوە و خستنەڕووی ئەزموونی میللەتان لەم بارەیەوە ئامادە بوون، ڕا و تێبینی خۆیان لەسەر میساقەكە دەربڕی. بۆیە لە ئەنجامدا وەرەقەیەك دروست بوو كە كۆمەڵێك بنەمای مرۆیی، دادپەروەری و مەدەنی زۆر گرینگی تێدایە، دەتوانین بڵێین ٩٥٪ی لایەنە سیاسییەكان ڕەزامەند بوون لەسەری و بە پاڵپشتی سەرۆكایەتی هەرێم بۆنەیەكی تایبەت ڕێكخرا بۆ ئەوەی بە فەرمی واژۆی لەسەر بكەین."
ئەو ئەندامەی كۆمیتەی ناوەندی گوتیشی "بەشێكی ئەو خاڵ و بنەمایانە پەیوەستن بە كایەی سیاسی و كاروباری حزبی كە كۆمەڵێك پابەندی دەخاتە سەر حزبە سیاسییەكان، لە بابەتی بەستنی كۆنگرەكانیان و هەبوونی حسابی بانكی تایبەت بەو حزبانە و شەفافیەت لە هاتوچۆ و ئەو پارەیەی لە هەڵبژاردن سەرفی دەكەن.
هەروەها پرسی ڕێزگرتن لە ڕۆڵی كۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و پاڵپشتی لە دیموكراسییەت، ئەمانە بۆ ناو حزبەكان گرینگە، هەروەها بەشێكیشی پەیوەستە بە پابەندی حزبەكان لە هەمبەر دامەزراوە نیشتمانییەكانی هەرێمی كوردستان."
هەروەها د.چنار گوتیشی "خاڵێكی تری زۆر گرینگ لەو میساقەدا هاتووە، ئەویش ئەوەیە، ئەو حزبانەی ئیمزایان لەسەر كردووە، دەبێ پابەند بن بە هەبوونی دەستوورێكی تایبەت بە هەرێمی كوردستان و پاراستنی ئاسایشی نەتەوەیی گەلی كوردستان و هەرێمی كوردستان و ڕێزگرتن لە ئەزموونەكە، بۆیە پێمان وایە پابەندییەكی گرینگ بەرامبەر بەم ئەزموونە دروست دەكات، پێویستە دەزگاكانی ڕاگەیاندنیش چاودێرێكی باش بن بەسەر هەر لایەنێكەوە كە بیەوێ ئەو میساقە پێشێل بكات."
سەلاح جەلال