Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

"200 هەزار فەرمانبەری دیکە زەوی وەردەگرن"

هەولێر - KDP.info - بەرپرسێکی وەزارەتی شارەوانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد "ناوی 200 هەزار فەرمانبەر بۆ وەرگرتنی زەوی گەڕاوەتەوە، ئەو سنوورانەی زەویان ئامادەیە دەست بە دابەشکردنی دەکەن."

سەربەست مەولود، بەڕێوەبەری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی راگەیاند "ناوی 200 هەزار فەرمانبەر لە سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیران گەڕاوەتەوە بۆ وەزارەتی شارەوانی، ئێستا خەریکین ناوەکان رادەستی شارەوانییەکان دەکەین بۆ ئەوەی دەست بە جێبەجێکردنی بڕیاری حکوومەت بکەن لە دابەشکردنی زەوی بەسەر ئەو فەرمانبەرانەی ناویان گەڕاوەتەوە."

بەرپرسەکەی وەزارەتی شارەوانی گوتیشی "بەپێی کارتی زانیاری فەرمانبەران بە نووسراوی فەرمی ناوەکانیان رەوانەی سنووری شارەوانییەکان دەکرێت، هەر شارەوانییەک زەوی ئامادە بێت دەست بە دابەشکردنی دەکات و ئەوانەشی زەویان ئامادە نییە ئامادەی دەکەن."

سەربەست مەولود روونی کردەوە "هێشتا قۆناغی دیکەش ماوە بۆ ئەوەی زەوی بەسەر فەرمانبەراندا دابەش بکرێت، ئەویش دوای تەواوبوونی رێکارەکان و دەرچوونی بڕیاری سوودمەندبوون لەلایەن سەرۆکایەتی ئەنجوومەنی وەزیرانەوە."

قائید میرۆ