بەردەڕەش-KDP.info- دوای دانانی بەردی بناغەی رێگهی دووسایدی بەردەڕەش بۆ کەڵەک لەلایەن سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستانەوە، لە ئێستادا بە شێوەیەکی فراوان و چڕ کاری تێدا دەکرێت، یەکێک لە سەرپەرشتیاری کۆمپانیای جێبەجێکاریش دەڵێت، بەھۆی پێداگریی سەرۆکی حکوومەتەوە ھەوڵ دەدەن لە ماوەی دوو ساڵدا رێگهکە تەواو بکرێت و گۆڕانکاریی زۆر لە دیزاینی رێگهکەدا کراوە.
ھەکار بەرواری، لە کۆمپانیای جێبەجێکاری پڕۆژەی دووسایدی بەردەڕەش بۆ کەڵەک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، پڕۆژەی دووسایدی بەردەڕەش بۆ کەڵەک لە دووڕێیانی ئامیان لە بەردەڕەش تا کەڵەک دەست پێدەکات، کە ۳۰ کیلۆمەتر دەبێت و ئێستا لە ١٠ بۆ ١٧کم کار دەکەین و بە ھۆی گۆڕانکاری لە ھەموو شوێنەکان کارمان نەکردووە و ئەوەی ئێستا کار دەکرێت بڕین و پڕکردنەوە و لەقەنتەرەکانیش کار دەکەین، کە تاوەکو ئێستا کارەکان باش بەڕێوە دەچن و ھیچ بەربەستێک نییە بەھۆی کەمیی بارانەوە بەردەوام کار دەکەین و لە مانگێکدا تەنیا چەند ڕۆژێکی کەم نەبێت ڕۆژانی ھەینیش کار دەکەین.
بەرواری گوتیشی، پێش ھاتنی سەرۆکی حکوومەت تەنیا رێگهیەکی دووساید بوو، کە ھەر سایدێک دوو لین بوو، بەڵام دوای ھاتنی جەنابیان رێگهکە فراوان کرا و ھەر سایدێک بووەتە سێ لین و لەناو بەردەڕەشیش دووسایدی ئاسایی بوو ئێستا ھەر سایدێک بووەتە سێ لین و دوو شەقامی خزمەتگوزاری لەخۆ دەگرێت و ھەشت ئۆڤەرپاس لەناو رێگهکە ھەن و لەناو بەردەڕەش تا دەرەوە ھەمووی رووناکی بۆ دادەنرێت و بڕیارە دوای وەرزی زستان لەناو بەردەڕەش دەست بە کارکردن بکرێت.
ڕوونیشی کردەوە، سێ ساڵ بۆ تەواوکردنی رێگهکە دانراوە، بەڵام ئەگەر گرفتمان بۆ دروست نەبێت، بە دوو ساڵ تەواو دەکرێت و بەھۆی گۆڕانکاریش بودجەی خۆی ٩٨ ملیار دینار بوو، زیاتر دەبێت ئەویش لە داھاتوودا زیاتر دیار دەبێت، چونکە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پێداگری دەکات کە پێویستە ئەو رێگهیە تەواو بکرێت و بکەوێتە خزمەت ھاووڵاتیانەوە.
بڵند ئیبراھیم