Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

وانەیەک لە کارەساتی (١)ی شوباتەوە

سه‌لام عه‌بدوڵڵا

(21) ساڵ لەمەوبەر لە ڕۆژی (١)ی شوباتی ساڵی (٢٠٠٤)دا، تیرۆریستانی ڕێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە ھەولێر و لە ھەردوو بارەگای لقی (٢)ی پارتی دیموکراتی کوردستان و بارەگای مەڵبەندی (٣)ی ڕێکخستنی ھەولێری یەکێتیی نیشتیمانی، دوو تیرۆریستی خۆکوژ لە یەکەم ڕۆژی جەژنی قوربان خۆیان تەقاندەوە و بەو ھۆیەوە ژمارەیەکی زۆر لە کادیرانی باڵای سەرکردایەتیی ھەردوولا و کۆمەڵێک لە ھاووڵاتی کە بۆ جەژنە پیرۆزە ڕوویان کردبووە ئەو بارەگایانە شەھید و برینداربوون. ئەمەش بۆ خۆی وانەیەکی گرنگمان وەبیردەخاتەوە کە دوژمنانی ئەم گەلە ھیچ جیاوازییەک لەنێوانماندا ناکەن و بە یەک چاو، کە ئەویش دژایەتیی گەلی کوردە بەگشتیی سه‌یرمان دەکەن و لە ھیچ تاوانێک بەرامبەرمان ناپرنگێنەوە، جا سەر بە حزبی جیاواز جیاواز بین یان ھاووڵاتیی ئاسایی، پیربێت یان منداڵ، پیاو بێت یان ئافرەت، موسڵمان بێت یان مەسیحی، ئەوان ئامانجیان دژایەتیی و قڕکردنی گەلەکەمانە، جا ئەمە بە کیمیاباران بێت یان بە زیندەبەچاڵی بەکۆمەڵ، یان بە کاری تیرۆریستی و خۆکوژییەوە بێت یان بە ھەر میتۆدێکی دیکەوە بێت ئەوا ئەوانە دەست بۆ ھەموو جۆرە چەکێک و شێوازێک دەبەن.

جا کاتێک دوژمنانی ئەم گەلە قوربانیدەرەی کە سەدان ساڵە خەبات و خوێن دەبەخشێت بە خاک و نەتەوەکەی، ئاوا دڕندانە مامەڵەی لەگەڵ دەکەن و بەخوێنی سەری تێنوون، ئیدی دەبێ ئێمەش لەو ڕاستییە بگەین کە یەکبوون و یەکگرتنمان و دەستوبرد لەپێناوی دامەزراندنی حکوومەت ئەمڕۆ کاری ھەرە لە پێشینەمان بێت، بەتایبەتی ئەمڕۆ شاندەکانی ھەردوولا، پارتی و یەکێتی، لە دانووستاندنی گەرمدان بۆ دامەزراندنی حکوومەت و ئەم یادە بکەنە نموونەیەک و سوود لەو ئەزموونە تاڵە وەرگرن و ڕێککەوتن بکەنە دیارییەک بۆ گەلەکەمان و ڕۆحی شەھیدانی ئەو کارەساتە و ھەموو شەھیدانی کوردستان شاد و ئاسوودە و ئارام بکەن.