بەغدا-KDP.info- وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لە بەغدا بۆ هەموو لایەنەکان ڕوونکراوەتەوە حکوومەتی هەرێمی کوردستان پابەندییەکانی بە شەفافییەتەوە جێبەجێ کردووە.
دڵشاد شەھاب، وتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بە محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراقی گوتووە، "دەبێ چارەسەر بۆ مووچەی مانگی ١٢ بدۆزرێتەوە و نەفەوتێت".
وتەبێژی سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان گوتیشی: "لەگەڵ ھەموو لایەنەکانـی عێراق تێگەیشتنی ھاوبەشمان ھەیە و ڕێوشوێنی باش بۆ دەستپێکردنەوەی نەوتی کوردستان دانراوە".
لەبارەی پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ لایەنەکانی عێراق، دڵشاد شەھاب ئاماژەی بەوەکرد: "پەیامی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئەوەیە کە وەکو ھەمیشە پارێزگاری لە سەقامگیریی عێراق دەکەین و ئەو دۆخەی لە ناوچەکەدا دەگوزەرێت پێویستی بە زیاترکردنی ھەماھەنگی ھەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان ڕێوشوێنێکی باش دانراوە، هەروەها لەبارەی ئەو پرسانەی کە ماون، هەموو لایەنەکان هاوڕابوونە لەسەر ئەوەی پێویستە لە ئایندەیەکی نزیکدا دانیشتنەکانی نێوان تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و تیمی حکوومەتی فیدڕاڵ بکرێن.