دھۆک-KDP.info- بەڕێوەبەری تەندروستیی دھۆک ڕایگەیاند، نەخۆشخانەی ١٦٠ قەرەوێڵەیی تایبەت بە نەخۆشیی شێرپەنجە، لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بکرێتەوە. دەشڵێ، داوامان کردووە بۆ ئەو نەخۆشخانەیە ١٥٠ کارمەندمان بە شێوەی گرێبەست بۆ دابمەزرێنن.
دکتۆر ئەفراسیاب موسا، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، نەخۆشخانەی ١٦٠ قەرەوێڵەیی تایبەت بە چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە لە دهۆک، لە قۆناغی کۆتاییدایە و بڕیارە لە کۆتایی ئەم مانگەدا بکرێتەوە، چونکە ئێمە لە دھۆک نەخۆشخانەی ٤٥ قەرەوێڵەیی چارەسەری شێرپەنجەمان هەیە، بەڵام وەکو پێویست نییە و بە تەواوبوون و کردنەوەی ئەو نەخۆشخانەیە، دەبینە خاوەن نەخۆشخانەیەکی گەورەی چارەسەری شێرپەنجە و ھەنگاوێکی زۆر گرنگیش دەبێت بۆ چارەسەری نەخۆشانی شێرپەنجە و ئەنجامدانی نەشتەرگەری بۆ ئەو نەخۆشانە لە دھۆک.
موسا گوتیشی، داوامان کردووە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ستافێکمان بۆ ئەو نەخۆشخانەیە بۆ دابمەزرێنێت کە ١٥٠ کارمەند بن بە شێوەی گرێبەست، چاوەڕێ دەکەین ڕەزامەندی بدرێت و ستافمان بۆ دابمەزرێنن، بەڵام ئەوەی گرنگە ئەو نەخۆشخانەیە لە قۆناغی کۆتاییدایە و چاوەڕێ دەکرێت لە کۆتایی ئەم مانگەدا بکرێتەوە.
بڵند ئیبراھیم