مێرگەسۆر-KDP.info- قایمقامی قەزای مێرگەسۆر دەڵێت، لە ئێستادا خاڵی سنووریی (زێت) لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا بۆ ھاتوچۆی گەشتیارییە و کار دەکرێت بۆ ئەوەی بکرێتە بازرگانییش.
غەفوور ئەحمەد، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، "لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستاندا، خاڵی سنووریی (زێت) لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا کراوەتەوە و ئێستا ھاتوچۆ تەنیا بۆ گەشتیارییە و ئاسانکاریی باشی بۆ ھاتوچۆی گەشتیاران کردووە، کە لە ئێستادا رۆژانە ھەزار و ٣٠٠ تا ٢ ھەزار کەس لەو ڕێگەیەوە ھاتوچۆ دەکەن، بۆیە کارەکان لەو خاڵە سنوورییە بە شێوەیەکی ئاسایی بەڕێوە دەچن و ھیچ گرفتێک نییە.
ئەحمەد گوتیشی، "ئێستا ئامادەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی جگە لە ھاتوچۆی گەشتیاری، بازرگانییشی بۆ زیاد بکرێت و ھەردوو لایەن لە ھەرێمی کوردستان و لە تورکیاش ھەر کاتێک بیناکانی خۆیان تەواو کرد و پێداویستییان دابین کرد، بڕیارە بکرێتە بازرگانییش، بۆیە ئەو خاڵە سنوورییە دەبێتە گەشتیاری و بازرگانی.
بە بڕیاری حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دەروازەی نێودەوڵەتیی (زێت) لە نێوان ھەرێمی کوردستان و تورکیا کراوەتەوە و لە قۆناغی یەکەمدا بۆ ھاتوچۆی گەشتیارییە و بڕیارە لە قۆناغی داھاتوودا ئاڵوگۆڕی بازرگانییشی تێدا ئەنجام بدرێت، کە لە ئێستادا ئامادەکاری دەکرێت و کارەکان تەواو بن ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەو خاڵە سنوورییە دەست پێدەکات.
بڵند ئیبراھیم