ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە ٣١-١٠-٢٠٢٤، لە ھۆڵی سەعد عەبدوڵڵا لە ھەولێر، بە ئامادەبوونی سەرۆک بارزانی و مەسروور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کورستان، کۆنگرەی پزیشکیی میزۆپۆتامیا دەستی پێکرد، لە کۆنگرەکەدا سەرۆک بارزانی وتارێکی پێشکەش کرد و گوتی: "زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆکە بەشدارم لەم کۆنگرەیەدا و لە خزمەتی ئێوەدام، دەستخۆشیتان لێ دەکەم و داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم".
سەرۆك بارزانی ئاماژەی بەوەش دا: "هیواداراین هەولێر و شارەكانی تری كوردستان، وایان لێ بێ هیچ نەخۆشێك پێویستی بەوە نەبێ بۆ چارەسەر بچێتە دەرەوەی وڵات".
دەقی وتارەکەی سەرۆک بارزانی:
بە ناوی خوای گەورە و میھرەبان
بەڕێزان ھەمووتان بەخێر بێن سەر سەر و سەرچاوان
زۆر خۆشحاڵم ئەمڕۆکە بەشدارم لەم کۆنگرەیەدا و لە خزمەتی ئێوەدام، دەستخۆشیتان لێ دەکەم و داوای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم، ئەھمیەتی ئەم کۆنگرەیە یەکجار زۆرە و ھەبوونی ئەو ھەموو دکتۆر و زانایە سەرمایەیەکی گەورەیە بۆ نەتەوەی کورد و دەرخەری ئەوەیە کە ئەگەر تاکی کورد دەرفەتی ھەبێت، ھیچ کەمتر نییە لە تاکی تر.
ئێمە کاتێک کە دەبیستین کوڕێکی کورد لە فڵان وڵاتی دەرەوە دکتۆرێکە گەیشتۆتە ئاستێک ناوبانگی دەرکردووە، ئێمە لێرە شانازی پێوە دەکەین و ھەست بە سەربەرزییەکی گەورە دەکەین.
خۆشبەختانە زۆر لەو ڕۆڵانەی ئێستا لێرە دانیشتوون، ناوبانگێکی زۆر زۆر باشیان دەرکردووە و توانیویانە بە دەستە زێڕینەکانی خۆیان خزمەتی زۆری ھەم مرۆڤایەتی بکەن و ھەم ناوی کوردیش بەرز بکەنەوە.
بێگومان کەرتی تەندروستی زۆر زۆر گرنگە بۆ ھەموو کۆمەڵگەیەک، بۆ ھەموو نەتەوە و وڵاتێک، لە ساڵانی رابردوو ئیھتیمامێکی زۆر بە کەرتی تەندروستی دراوە، بەڵام لەمەودواش ئێمە ئومێدەوارین کە گرنگییەکی زیاتری پێ بدرێت و تەمەننا دەکەم ھەولێر و ھەموو شارەکانی تری کوردستان وایان لێبێت خەڵکەکە موحتاجی ئەوە نەبن بچن لە دەرەوە چارەسەر وەربگرن، بەڵکوو ھەموو پێویستی لێرە فەراھەم بکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی ئێمە نە تووشی ئەو خەرجییە زۆرە ببێ، نە تووشی ئەو زەحمەتییە ببێ، بەڵکوو لێرە چارەسەری نەخۆشییەکانی بکات و من لەو باوەڕەدام کە دکتۆری ئێمە ئەو کەفائەتەیان ھەیە و دەتوانن، پێویستە ئەو ئامرازە تازانەی لە ڕووی پزیشکییەوە دەرچوون، ئەمانە ھەمووی دابین بکرێت و خەڵکی ئێمە ئیتر ناچار نەبن بۆ چارەسەر بچنە دەرەوە.
بەڕێزان ھەمووتان بیستتان کە پێش چەند ڕۆژێک ھەڵبژاردنێکی مێژوویی لە کوردستان کرا ڕۆژی ٢٠ی مانگ، ئەوەی ئێمە شانازی پێوە دەکەین کە ئەو ھەڵبژاردنە لە کەش و ھەوایەکی زۆر زۆر ئارام و ئازاددا ئەنجام درا و ھیچ گرفتێکی وا ڕووی نەدا کە زۆر کەس تەسەوڕیان دەکرد گرفتی زۆر گەورە بێتە پێشەوە و ببێتە ھۆی ئەوەی کە ئەسڵەن ھەڵبژاردن نەکرێت، وشەکانی پێش ھەڵبژاردن و ئەوەی دوای ھەڵبژاردن ھی زۆر لا وەکوو یەک نەبوو، بەڵام بەھەرحاڵ ئێستا ھەڵبژاردن کراوە و ئەنجامەکانیش ئیعلان کران، ئیتر کاتی ئەوەیە کە گفتوگۆ بکرێت لە نێوان ھەموو لایەنەکان و پێوەریش ئیستحقاقی ئینتیخابی بێت و لە ھەمووی گرنگتر ئەوەیە کە حکوومەتی داھاتوو و دۆخی ھەرێم بۆ داھاتوو دەبێ لەسەر ئەم بنەمایانە بێت:
یەک ھەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکوومەت، یەک ھێزی پێشمەرگە
ھەروەھا بەجددی رێگری بکرێت لەو کارە نایاساییانەی کە دەکران، وەکوو دروستکردنی کارخانەی ماددەی ھۆشبەر یان بازرگانیکردن بە ماددەی ھۆشبەر یان تیرۆر، یان لادان لە یاسا، دەبێ سنوورێک بۆ ئەم شتانە دابنرێت، دەبێ یاسا سەروەر بێت.
حکوومەتی داھاتوو، ھەرچەندە لە کابینەی نۆیەم و پێشتریش ھەموو ھەوڵێکیان داوە کە خزمەتگوزاریی باش پێشکەش بە وڵاتەکە بکەن، بەڵام ساڵ بۆ ساڵ ھەم ئەزموونەکە زیاتر دەبێت، ھەم ئیمکانیاتیش زیاتر دەبێت، من پێموایە کاتی ئەوە ھاتووە ئیتر بیر لە پلانی ستراتیژی بکرێتەوە، لە سەرووی ھەموویشی دەبێ کەرتی تەندروستی بگاتە ئاستێکی زۆر بەرز، ھەروەھا پەروەردە، کشتوکاڵ، گەشتوگوزار. ئێمە بەرەو ئەوە بچین ئیعتیماد لەسەر خۆمان بکەین. بەڵێ نەوت گرنگە، بەڵام نەوت ئەمڕۆ یان سبەینێ تەواو دەبێ، بەڵام کشتوکاڵ تەواو نابێ، گەشتوگوزار تەواو نابێ، ئەمە لە رووی ئابوورییەوە.
من وای دەبینم لە ئاییندەیەکی نازانم چەند دوور و نزیک، بەڵام کێشەی ئاو دەبێتە کێشەی سەرەکی و لە قورئانی پیرۆزیشدا ھاتووە (ۆجَعَلْنَا مِنَ الْمَاءِ کُڵّ شَیْءٍ حَیٍّ)، ژیان سەخت دەبێت بەڵام دەتوانی بێ کارەبا بژیت، دەتوانی بێ ئۆتۆمبێل بژی، بەڵام بێ ئاو ناتوانی بژی. من دەستخۆشی لە حکوومەتی ھەرێم دەکەم کە لەم دواییانە گرنگییەکی زۆریان بە بەنداو داوە، بەڵام لەمەودوا دەبێ ئەمە یەکێک بێ لە ئەولەویاتی ئیشوکاری حکوومەتی ھەرێم، چونکە مەسەلەی ئاو مەسەلەیەکە بە ھیچ شێوەیەک کەمتەرخەمی تەحەمول ناکات و قەبووڵیش ناکات. ئینشائەڵا تووشی ئەو قەیرانە نابین، بەڵام ھەموو پێشبینییەک وایە کە لە ئاییندەدا مەسەلەی ئاو دەبێتە کێشەیەکی زۆر گەورە.
ھەروەھا ئامانج ئەوەیە کە چارەسەری ھەموو گرفتەکان لەگەڵ بەغدا بەپێی دەستوور و بەپێی ئەو ڕێککەوتنانەی کە ھەیە. ئەوەی کە جێی دڵخۆشییە بۆ ئێمە. لەم دواییانە بیستمان کە دەستپێشخەرییەک ھەیە بۆ پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا، ئومێدەوارین کە سەربگرێت و کەس کۆسپی بۆ دروست نەکات.
ھەموو کەس دەتوانێ قسە بکات، بەڵام شەرت کردارە، وتەیەکی عەرەبی ھەیە زۆر جوانە دەڵێ (رحم اللە امرڕً عرف قدر نفسە).
جارێکی تر من بەخێرھاتنی ھەمووتان دەکەم، تەمەننای سەرکەوتنتان بۆ دەکەم، ئەرکی ئێوە ئەرکێکی پیرۆزە و ئێوە جێگەیەکی تایبەتتان ھەیە لە دڵی میللەتدا، چونکە ئێوە خزمەتی مرۆڤایەتی دەکەن، دەستەکانی ئێوە پیرۆزن و دەستتان خۆش بێت.
زۆر سوپاس