Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

عەلی حوسێن بۆ KDP: به‌ڕێز مەسروور بارزانی بۆ سەرۆکی کابینەی دەیەم ڕادەسپێردرێت

سلێمانی-KDP.info- عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان دەڵێ، لە چەند ڕۆژی داھاتوودا شاندێکی باڵای پارتی سەردانی لایەنەکان دەکات و ھەر لایەنێک بەرنامەی پارتی قبووڵ بێت، کە یەک حکوومەت و یەک ئیرادەی سیاسییە، ئەوا گفتوگۆی لەگەڵ دەکرێت و ئامادەین حکوومەتی لەگەڵ پێکبێنین.

عەلی حوسێن، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان و بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین، لە لێدوانێکی تایبەتدا، بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستان گوتی: ئێمە کار لەسەر ئەوە دەکەین حکوومەتی سەرتاسەری پێک بھێندرێت، بۆ ئەوەی بیسەلمێنین پارتی خزمەتی خەڵک دەکات.

عەلی حوسێن گوتیشی: ئێمە وەک پارتی ڤیتۆمان لەسەر ھیچ لایەنێکی سیاسی نییە و به‌ڕێز مەسروور بارزانی، بۆ سەرۆکی دەیەمین کابینەی حکوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕادەسپێردرێت كه‌ بەرنامەی خۆی دەبێت ئه‌ویش بەرنامەی پارتییە، ئامانجیشمان یەک حکوومەتی سەرتاسەری و یەک ھێزی پێشمەرگە و ئیرادەی سیاسییە کە گوزارشت لە تەواوی ھەرێمی کوردستان بکات.

بەرپرسی مەکتەبی ڕێکخستنی پارێزگای سلێمانی - هەڵەبجە - ڕاپەڕین، زیاتر گوتی: لە چەند ڕۆژی داھاتوودا شاندێکی پارتی دەستبەکار دەبێت و سەردانی لایەنەکان دەکات، ئەوەی ئامادە بێت بە بەرنامەی پارتی و سەرۆکوەزیرانی ڕاسپێردراو پابەند بێت، ئامادەین گفتوگۆی لەگەڵ بکەین و حکوومەتی لەگەڵ پێکبێنین.

 

 

عەزیز ڕەسووڵ