Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان سوپاسى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌كات

هه‌ولێر‌-KDP.info- پاشنیوه‌ڕۆى ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 2024/10/30 به‌ڕێز نێچیرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، پێشوازیی له‌ به‌ڕێزان سه‌رۆك و ئه‌ندامانى كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان و هه‌موو ئه‌و تیمانه‌ى كۆمسیۆن كرد كه‌ سه‌رپه‌رشتیى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانیان كرد و سه‌ركه‌وتووانه‌ پرۆسه‌ى ده‌نگدانیان به‌ڕێوه‌ برد.

سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى، سوپاس و پێزانینى بۆ ئه‌رك و كارى كۆمسیۆن و بۆ پشتیوانى و هاریكاریى سه‌رۆك وه‌زیرانى فیدراڵ و ده‌سه‌ڵاتى دادوه‌ریى عێراق دووپات كرده‌وه‌ و ستایشى خزمه‌ت و ماندووبوونیانى له‌ به‌ڕێوه‌بردن و سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى ده‌نگداندا كرد. هه‌روه‌ها داكۆكیى له‌وه‌‌ كرده‌وه‌‌ كه‌ به‌ هه‌موو پێوه‌ره‌كان، ئه‌م هه‌ڵبژاردنه‌ بۆ هه‌رێمى كوردستان زۆر گرنگ بوو.

به‌ڕێزیان ئاماژه‌ى به‌وه‌ش دا كه‌ سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردن، ئه‌نجامى ڕۆڵ و په‌رۆشى و دڵسۆزى و هاریكاریى كۆمسیۆن بوو له‌گه‌ڵ هه‌موو لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان له‌ هه‌رێمى كوردستان، بۆ ئه‌وه‌ش، به‌گه‌رمى ده‌‌ستخۆشیى لێ كردن و هیواى سه‌ركه‌وتنى بۆ خواستن.

لاى خۆیانه‌وه‌ كۆمسیۆنى باڵاى سه‌ربه‌خۆى هه‌ڵبژاردنه‌كان، پیرۆزباییى سه‌ركه‌و‌تنى هه‌ڵبژاردنیان له‌ سه‌رۆك نێچیرڤان بارزانى و هه‌رێمى كوردستان كرد و ستایشى ته‌واوى پرۆسه‌كه‌یان كرد، كه‌ هه‌ر له‌ بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردنه‌وه‌ تا به‌ڕێوه‌چوونى ده‌نگدان، پرۆسه‌یه‌كى سه‌ركه‌وتوو بوو، به‌ شێوه‌یه‌ك کە جارى یه‌كه‌مه‌ له‌ عێراق و هه‌رێمى كوردستان، هیچ تانه‌یه‌كى سوور له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردن تۆمار نادرێت.