دهۆك-KDP.info- سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی دهۆك ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كرد، بڕیاری دامه‌زراندنی مامۆستایانی زانكۆ چووه‌ته بواری جێبه‌جێكردنەوە و ته‌نیا له زانكۆی پۆلیته‌كنیكی دهۆك 567 مامۆستا داده‌مه‌زرێن.
د. ئاری عادل، سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی دهۆك، به ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستانی راگه‌یاند: بڕیاری دامه‌زراندنی مامۆستایانی وانه‌بێژ له زانكۆ و په‌یمانگاكان ده‌رچووه و ته‌نیا له زانكۆی پۆلیته‌كنیكی دهۆك 567 مامۆستا داده‌مه‌زرێن، ئێستا پرۆسه‌ی بایۆمه‌تری بۆ دامه‌زراندنیان ده‌ستی پێكردووه و هه‌ر مامۆستایه‌ك به‌شدار بوو له پڕۆژه‌ی بایۆمه‌تری، ئه‌وه یه‌كسه‌ر ئه‌و رۆژه بۆی هه‌ژمار ده‌كرێت و له بایۆمه‌ترییه‌وه بۆمان دێت، کە ئه‌و مامۆستایه تۆمار کرا و ده‌ست به ده‌وام ده‌كه‌ن.
سه‌رۆكی زانكۆی پۆلیته‌كنیكی دهۆك ده‌شڵێـت: بڕیاری دامه‌زراندنی مامۆستایانی وانه‌بێژ له‌جێی خۆی بووه، چونكه زۆر زانكۆ و په‌یمانگه هه‌ن پشت به مامۆستای ده‌ره‌كی ده‌به‌ستن.
د. ئاری ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌ش كرد: ئێمه له زانكۆی پۆلیته‌كنیكی دهۆك سنوورێكی به‌رفراوانمان هه‌یه له ناو دهۆك و زاخۆ و شنگال و ئامێدی و شیخان، كه‌مپمان له‌و شوێنانه‌ش هه‌یه و ئەگەر كێشه‌ی نه‌بوونی مامۆستا هه‌بوو، ئه‌و كێشانه چاره‌سه‌ر ده‌بن.
قائید میرۆ