Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

كه‌ژان محەمەد بۆ KDP: چاودێرێكی ورد ده‌بین به‌سه‌ر داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت له‌ سلێمانی

سلێمانی -KDP.info- كاندیدێكی سه‌ركه‌وتوو بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ سلێمانی، ده‌ڵێ: ئێمه‌ بریارمان داوه‌ نوێنه‌ری ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی و گه‌رمیان و ڕاپه‌ڕین بین كه‌ متمانه‌یان پێ به‌خشیوین،  چاودێرییه‌كی وردی داموده‌زگاكانی حكوومه‌ت ده‌بین له‌ سلێمانی.

كه‌ژان محەمەد كه‌ریم، كاندیدی سه‌ركه‌وتووی لیستی 190ی پارتی دیموكراتی كوردستان له‌ بازنه‌ی سلێمانی بۆ خولی شه‌شه‌می په‌رله‌مانی كوردستان له‌ لێدوانێكی تایبه‌ت بۆ ماڵپه‌ڕی فه‌رمیی پارتی دیموكراتی كوردستان ڕایگه‌یاند: سوپاس و پێزانینمان هه‌یه‌ بۆ خه‌ڵكی كوردستان له‌ هه‌ر چوار بازنه‌كه‌ی هه‌ڵبژاردن، ده‌وری سه‌ره‌كییان بینی له‌ ئه‌بده‌یتی دامه‌زراوه‌ی په‌رله‌مان و په‌ره‌پێدانی دیموكراسی هه‌رێمی كوردستان، به‌ تایبه‌تی سوپاسی ده‌نگده‌رانی سنووری سلێمانی ده‌كه‌م كه‌ متمانه‌یان به‌ من بەخشی نوێنه‌رایه‌تییان بكه‌م له‌ په‌رله‌مان، دڵنیاشیان ده‌كه‌مه‌وه‌ له‌ ئاستی ئه‌و متمانه‌یه‌ بدەبم. 

كه‌ژان گوتیشی: ئێمه‌ وه‌ك به‌ربژێره‌ ده‌رچووه‌كانی سنووری سلێمانی له‌سه‌ر لیستی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئه‌ركی نوێنه‌رایه‌تی ده‌نگده‌ره‌كانی خۆمان وه‌رگرتووه‌، خۆمان به‌ نوێنه‌ری ئه‌وانه‌ش ده‌زانین كه‌ ده‌نگیان پێ نه‌داوین و پێیان ڕاده‌گه‌یه‌نین، ئه‌ركی سه‌ره‌كی خۆمان له‌ چوارچێوه‌ی به‌رنامه‌ و سیاسه‌تی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ دوو خاڵی سه‌ره‌كی بۆ خه‌ڵكی سلێمانی ده‌خه‌ینه‌ ئه‌وله‌ویه‌ته‌وه‌، یه‌كه‌میان ئه‌وه‌یه‌ چۆن بتوانین ده‌نگی ڕاسته‌قینه‌ی خه‌ڵكی سلێمانی و ڕاپه‌ڕین و گه‌رمیان بگه‌یه‌نینه‌ ناو هۆڵی په‌رله‌مان و كار له‌سه‌ر كێشه‌ و گیروگرفته‌كانیان بكه‌ین، بۆ ئه‌وه‌ی ئەوەی کە پێویست بووه‌ له‌ ڕابردوودا بكرێت بۆ خزمه‌تی خه‌ڵكی ئه‌م ده‌ڤه‌ره‌ به‌ڵام به‌ هۆكاری جۆراو جۆر وه‌ك پێویست نه‌كراوه‌ ئەمجارە بکرێت، دووه‌م، ئێمه‌ بڕیارمان داوه‌ چاودێرێكی ورد بین و به‌ به‌رپرسیاره‌تیی نوێنه‌رایه‌تییه‌وه‌ زوومی چاودێریمان بخه‌ینه‌ سه‌ر داموده‌زگاكانی سنووری سلێمانی بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئه‌و یاسایەی له‌ په‌رله‌مان په‌سه‌ند ده‌كرێت كه‌ ده‌چێته‌ بواری جێبه‌جێكردن له‌ كوردستان، له‌ سنووری سلێمانی تا كوێ و چ ئاستێك جێبه‌جێ ده‌كرێت، هه‌ر كه‌س و گرووپ و لایه‌نێك به‌ربه‌ستی بۆ دروست بكات، به‌ دڵنیاییه‌وه‌ ئێمه‌ زۆر به‌ ڕاشكاوی و وه‌كو خۆی خه‌ڵكه‌كه‌مانی لێ ئاگادار ده‌كه‌ینه‌وه‌‌ و له‌ ده‌زگای ته‌شریعی كوردستانیش پێداگری له‌سه‌ر زه‌رووره‌تی جێبه‌جێكردنی ده‌كه‌ینه‌وه‌، ڕێگه‌ نا‌ده‌ین  به‌ ده‌ستی كه‌سی و گرووپی و مه‌زاجی شه‌خسی پرسی خه‌ڵكی سلێمانی و ویست و داواكاری و خه‌ده‌ماته‌كانیان په‌كی بخرێت، پێویسته‌ قه‌ره‌بووی ئه‌و پاشكه‌وتنه‌ی سلێمانی بكرێته‌وه‌ كه‌ به‌ هۆی ده‌ستی حزبی و گرووپییەوە لە ڕابڕدوو هاتووه‌ته‌ ئاراوه‌، چونكه‌ خه‌ڵكی سلێمانیش مافی خۆیانه‌ وه‌ك هه‌ولێر و دهۆك خزمه‌تیان بكرێت به‌بێ جیاوازی. 

 

سه‌لاح جه‌لال