ھەولێر-KDP.info- ڕۆژی سێشەممە 15ی تشرینی یەکەمی 2024 لە سەلاحەددین سەرۆک مەسعود بارزانی پێشوازی لە بەڕێز د. محەممەد ئەلحەسسان نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق کرد.
لە دیدارەکەدا سەرۆک بارزانی پیرۆزبایی لە د. محەممەد ئەلحەسسان کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری تازەی دا.
هەر لەو دیدارەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسی و پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و هەڕەشەکانی بەردەم سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە و ڕۆڵی یونامی لە چارەسەرکردنی کێشەکان و بەدیهاتنی سەقامگیری ئاڵوگۆڕ کرا.
پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراقی فیدڕاڵ و هەروەها هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و پێویستیی بەڕێوەچوونی لە کەشێکی ئارام و شەفاف تەوەری تری ئەو دیدارە بوون.