زاخۆ-KDP.info- ئەمڕۆ لە یاریگای نێودەوڵەتیی زاخۆ، بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە بەشداریی ٣٥ ھەزار کەس، کەرنەڤاڵێکی گەورە بۆ پاڵپشتیی لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان و ناساندنی کاندیدانی پارتی لە بازنەی دھۆک بە گشتی بەڕێوە دەچێت، کە تێیدا مەسروور بارزانی وتارێک پێشکەش دەکات.
جەبار سندی، بەرپرسی رێکخستنی لقی ھەشتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە زاخۆ، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند، ئەمڕۆ کاتژمێر ٣:٠٠ی دوای نیوەڕۆ لە یاریگای نێودەوڵەتیی زاخۆ، کەرنەڤاڵێکی گەورە بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و بە بەشداریی ٣٥ هەزار کەس بۆ پشتگیریکردن لە لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان و ناساندنی کاندیدانی پارتی دیموکراتی کوردستان لە دھۆک و زاخۆ بەڕێوە دەچێت.
سندی گوتیشی، لەو کەرنەڤاڵەدا مەسروور بارزانی وتارێک پێشکەش دەکات و دوو ھونەرمەندی دیاری کوردستانیش، عەبدولقەھار زاخۆیی و عەممار کۆفی، بەشدار دەبن و ئاھەنگێک بۆ ئامادەبووان ساز دەکرێت و گۆرانی پێشکەشی ئامادەبووان دەکەن.
بڵند ئیبراھیم