Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

سەرۆکی لیستی پارتی بۆ KDP: پارتی لە کوێ بووبێت ئەوشوێنە ئاوەدان و ئارام بووە

ھەولێر-KDP.info- سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەڵێت، لە چوارچێوەی ئەرکی پەرلەمانیدا بەخەڵک دەڵێین لەڕێگای دەرکردنی یاسا و چاودێریکردنی کارەکانی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن کاردەکەین بۆ زیاتر پتەوکردنی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوە ژیانێکی شایستەتر بۆ خەڵکی خۆڕاگری ھەرێمی کوردستان دەشڵێت، پارتی دیموکراتی کوردستان لە کوێ بووبێت ئەوشوێنە ئاوەدانی و ئارامی بووە، ئەوەش مێژوو سەلماندویەتی و ڕاستییەکان لەبەرچاون.

د. ڤالا فەرید ئیبراھیم، لە ساڵی ١٩٧٦ لە شاری ھەولێر لەدایکبووە، جیا لەوەی وەزیری ھەرێمە بۆ کاروباری پەرلەمان لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، یەکەم خانمە لەسەر ئاستی کوردستان و عێراق پۆستی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستانی وەرگرتووە، دوو جاریش لەسەر یەک بۆ خولی چوارەم و پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان ھەڵبژێردراوە، ھەڵگری بڕوانامەی دکتۆرایە لەیاسا و مامۆستای یاساش بووە لە کۆلێژی یاسای زانکۆی سەڵاحەددین، لە ٦ی تشرینی دووەمی ساڵی ٢٠٢٢ لە کۆنگرەی چواردەیەمی پارتی دیموکراتی کوردستان لە شاری دھۆک لەلایەن ئەندامانی کۆنگرە بە ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی ھەڵبژێردراوە، لە ئێستاشدا وەک سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەست نیشانکراوە بۆ خولی شەشەم و کابینەی دەیەم و لیستی ١٩٠ی پارتی دیموکراتی کوردستان. 

د. ڤالا فەرید، سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای ھەولێر، لە لێدوانێکی تایبەتدا بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاند: ئەم ھەڵبژاردنەی خولی شەشەم بۆ کابینەی دەیەم جیاواز دەبێت، چونکە ھەڵبژاردنی ئەم جارە ھەڵبژاردنێکی گرنگە و ھەرێمی کوردستان لەناو بازنەیەکی تەحەدی دەرەکی و نێوخۆیی مەترسیداردایە و ئەنجامدانی ئەم ھەڵبژاردنە بەشێوەیەکی بێگەرد و پاک لە کەشێکی ئارام و سەقامگیردا دوور لە دەستێوەردانی ناحەزان بێگومان ئەنجامی باش دەبێت و پەرلەمانێکی خاوەن بڕیار و حکوومەتێکی سەرتاسەری بەدوایخۆیدا دەھێنێت، کە لەخزمەتی خەڵکی خۆراگری کوردستان دەبێت.

کاردەکەین بۆ زیاتر پتەوکردنی ئاشتی و ئارامی

د. ڤالا فەرید، دەیەوێت لە بانگەشەکردندا بەرنامەی کاروکردەوەکانی داھاتووی بۆ خەڵک ڕوون بکەنەوە و گوتی: لە چوارچێوەی ئەرکی پەرلەمانیدا بەخەڵک دەڵێین لەڕێگای دەرکردنی یاسا و چاودێریکردنی کارەکانی دەسەڵاتی ڕاپەڕاندن کاردەکەین بۆ زیاتر پتەوکردنی ئاشتی و ئارامی و ئاوەدانی و پێکەوەیی ژیانێکی شایستەتر بۆ خەڵکی خۆڕاگری ھەرێمی کوردستان.

بەئاوەدانی و خزمەتکردنی خەڵک وەڵامی نەیارەکانمان دەدەینەوە

سەرۆکی لیستی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سنووری پارێزگای ھەولێر دەربارەی ئیرادەو ھێزی خەڵکی پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت: پارتی دیموکراتی کوردستان لە کوێ بووبێت ئەوشوێنە ئاوەدانی و ئارامی بووە، ئەوەش مێژوو سەلماندویەتی و ڕاستییەکان لەبەرچاون، پارتی لە شاخ بووبێ جێگەی متمانە و پشتیوانی خەڵکی کوردستان بوون و پرسی نەتەوەییان بەئەرک زانیوە خەبات و تێکۆشانی بۆ بکەن و قوربانی لەپێناو دابدەن، لە شاریش بووبن ھەولێر و شارەکانی تر بەنموونە دەھێنمەوە چ شارستانی و پێشکەوتن و ئاوەدانی تیایدا ئەنجام دراوە بۆیە پارتیەکان ھەمیشە شانازی دەکەن و بڕوای تەواویان بە پرۆسەی دیموکراسی و ھەڵبژاردن ھەیە و سەرکەوتوودەبن.

ڤالا فەرید گوتیشی: ھەمیشە پارتی دیموکراتی کوردستان بە ئاوەدانی و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری و فەراھەمکردنی خۆشگوزەرانی و سەقامگیری وەڵامی نەیارەکانی دەداتەوە.

 

فائیزە كۆیی