Kurdistan Democratic Party

Renewal  .  Justice  .  Coexistence


 

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی "یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان" دەستیپێکرد

ھەولێر-KDP.info- ئەمڕۆ پێنجشەممە ٥ی ئەیلوولی ٢٠٢٤، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان  "یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان" لە ھەولێر بەڕێوەدەچێت.

لە بارەی سیمپۆزیۆمەکەوە، بەڕێوەبەری گشتیی ڕۆشنبیری و ھونەری سریانی، کلدۆ ڕەمزی ئۆغنا ڕایگەیاندووە: "ئەم سیمپۆزیۆمە  بە پاڵپشتیی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت، یەکەم کۆنفرانسی نێودەوڵەتییە لەو جۆرەیە، کە بە بەشداری بەرفراوانی زیاتر لە ٤٠ ئەکادیمیست و توێژەری زیاتر لە ٢٥ زانکۆی نێودەوڵەتی بەناوبانگ لە ١٥ جیھانی، دیارترینیان زانکۆی ھارڤارد و ئۆکسفۆرد و کامبریج، ھەروەھا ژمارەیەک توێژەر و ئەکادیمی دیکەی بەشداربوو لە زانکۆ جیاوازەکانی عێراق".

ھەروەھا ئاماژەی داوە: "لە سیمپۆزیۆمەکەدا باس لەو توێژینەوانە دەکرێت کە تایبەتن بە فەرھەنگ، ھونەرە بینراوەکان و پیشە سریانییەکان، مۆسیقا و گۆرانی سریانی، شانۆی سریانی، ھونەری نمایشی و سینەمای سریانی، ھەروەھا ژیانی گوندە سریانییەکان، لەگەڵ مێدیای سریانی و چۆنیەتی پەرەپێدانی".

ھەر لەم سیمپۆزۆمەوە گفتوگۆ لەسەر ٥٠ توێژینەوە دەکرێت کە لەلایەن لیژنەی زانستی و لە نێوان ١٠٠ توێژینەوەی پێشکەشکراو بۆ بەشداریی لەم سیمپۆزیۆمە ھەڵبژێردراون.